ئایا دەتوانی داهاتی هەرەدەوڵەمەندەکان پێشبینی بکەیت؟
توێژینەوەیەک دەریخستووە خەڵکی تێناگەن دەوڵەمەندترینەکان بەڕاستی چەندە دەوڵەمەندن! هەرچەندە نایەکسانیی داهات ڕوو لە زیادبوونە، پشتگیری بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی سامان لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە زیادی نەکردووە.
لە کۆمەڵەتوێژینەوەیەکدا، داوا لە بەشداربووان دەکرێت تاکوو ئاستی داهاتی گرووپە جیاوازەکان پێشبینی بکەن و بڵێن هەر گرووپێک چەندە داهاتی هەیە. لە کاتێکدا کە بەشداربووان داهاتی گرووپە مامناوەندییەکانیان زۆر بەباشی پێشبینی دەکرد، بەڵام بۆ یەک لەسەدی دەوڵەمەندترینەکان، پێشبینییەکانیان زۆر دوور لە ڕاستی بوو.
توێژەران پێیان وایە مرۆڤ بەگشتی هەموو دەوڵەمەندەکان پێکەوە لە یەک گرووپدا دەستەبەندی دەکات و لە یەک دەستەدا دەیانبینێت. ئەمەش وای کردووە که لە پێشبینیی دروستی سەروسامانی ئەو کەسانەی لەڕادەبەدەر دەوڵەمەندن، زۆر دوور بین.
لە ئێستادا، لە وڵاتی ئەمریکا، ٢٠ لەسەدی هەموو داهاتەکان لەلایەن تەنیا ١ لەسەدی هەرەدەوڵەمەندەکانەوە وەردەگیرێت.
نووسەر: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک