مردن لە ئاست کەسانی ماندوونەناس و تێکۆشەرانی نیشتماندا، ڕێگر نییە لە ڕێباز و ئەندێشەیاندا.
(بە بۆنەی کۆچی دواییی ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی زانستی کوردستان)
لە کتێبی فڕینی هەڵۆکاندا، کریشنامورتی ئاوا دەنووسێت:
هەر لەم دونیایەدا بژین. ئەم دونیایە جوانییەکی پڕشکۆی هەیە. دونیایەک کە تێیداین بەڵام تێیدا ناژین. ئێمە بیر چەوتین، لێک دابڕاوین، ئاڵۆزین، پەرێشانین، دەستەیەک مرۆڤی ترساوین. کەواتە ئەوە ژیان نییە. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ دەرەوە نییە. لە خۆمانداین. دەستەیەک مرۆڤی بێهیواین. ئێمە مانای ژیان لە ڕەوشێکی شاد و پڕخرۆشدا نازانین.
من پێم وایە کە مرۆڤ کاتێک دەتوانێت لەو ڕەوشەدا بژیت کە توانای ئەوەی هەبێت دەست لە هەموو نەفامییەکانی ژیانی هەڵگرێت. دەربازبوون لەمانە تەنیا کاتێک سەر دەگرێت کە مرۆڤ نەک ئاگاداری پەیوەندیی خۆی و مرۆڤەکان، بەڵکوو ئاگاداری پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بیرۆکەکان و سروشت و هەموو شتێکی دیکەش بێت. لە وەها پەیوەندییەکدایە کە مرۆڤ دەتوانێت دەستکەوتی وەک ناسین و دەرخستنی خۆی، ترس، پەرێشانی، بێهیوایی، تەنیایی و نەبوونی ئەوینی هەبێت. ئێمە پڕین لە بیرۆکە و وشە و زانستێک کە خەڵک لە مێشکمانیان ئاخنیوە، بەڵام لەبارەی خۆماندا هیچ زانیارییەکمان نییە. هەر بۆیە نازانین کە دەبێت چۆن بژین.
کەسێک وا خۆی ناسیبێت و ئامانجێکی بۆ ژیانی خۆی دانابێت و ئاگادار بێت چون لەگەڵ چرکە و ساتەکانی ژیانی هەڵسوکەوت بکات بێگومان دەزانێت چۆن ژیان بکات و چۆنیش بگات بە ئامانجەکانی…
دوکتور هێرش ئەمینی ئەو کەسەی وا مانابەخشی ژیان بوو، کەسێک وا بە ڕوحێکی بەهێز لەناو جەستەیەکی شەکەت و ماندوو بوێرانە لەگەڵ شێرپەنجە بەربەرکانی کرد و تا کۆتا ساتەکانی ژیانی هیوای لەدەست نەدا و بوو بە هێمای خۆڕاگری لەگەڵ نەهامەتییەکانی ژیان…
دوکتور ئەمینی کەسێک وا لە ۳۹ ساڵ تەمەنی پڕشکۆدا لە هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بەسەر پلەکانی خوێندن و گەشە کردن نەوەستا و چەند خەڵاتی بەنرخی وەک خەڵاتی فیزیا و کیمیای ئەتمۆسفێڕیکی لە ساڵی ۲۰۱۸ لە وڵاتی سویسرا و هەروەها خەڵاتی ڕۆزنبلێس لە ساڵی ۲۰۲۰ی پێ بەخشرا.
د. دیار محەممەدنژاد