کورتەی هەواڵە زانستییەکان

براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ٢٠٢۴ دیاری کران.

ئەکادێمیی شاهانەی زانستەکانی سوید، بڕیاری دا نیوەی خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ٢٠٢۴ بە بۆنەی «دیزاینی حیسابکراوی پرۆتین» بە دەیڤید بەیکەر لە زانکۆی واشنتنی ئەمریکا و نیوەکەی تری بە بۆنەی «پێشبینیکردنی پێکهاتەی پرۆتین» بە دەمیس هاسابیس و هاوکارەکەی، جۆن جامپەر لە تاقیگەی لێکۆڵینەوەی گووگڵ دیپمایند لە لەندەن ببەخشێت.

ئەوان کۆدی پێکهاتەی سەرسووڕهێنی پرۆتینەکانیان پشکنی.

خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ٢٠٢۴ سەبارەت بە پرۆتینە. ئەو ئامرازە کیمیاییەی ئەلفوبێی پێکهاتنی ژیانن. دەیڤید بەیکەر بە کارێک کە ئەگەری ڕوودانەکەی نزیکەی مەحاڵە، توانی جۆرێک پرۆتینی تەواو نوێ دروست بکات. دەمیس هاسابیس و جۆن جامپەر مۆدێلێکی ژیریی دەستکردیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی ۵٠ ساڵە ڕاهێناوە: پێشبینیکردنی پێکهاتە ئاڵۆزەکانی پرۆتینەکان. ئەم دۆزینەوانە ڕێگەخۆشکەری دەستکەوتە گەورەکان لە داهاتوودا دەبن.

جۆراوجۆریی ژیان، پێمان دەسەلمێنێت کە توانای پرۆتینەکان وەک ئامرازی کیمیایی، چەندە سەرسووڕهێنە. پرۆتینەکان هەموو ئەو کارلێکە کیمیاییانە کۆنترۆڵ دەکەن کە پێکەوە بناغەی ژیان دادەڕێژن، و دەیبەنە پێشەوە. ئەوان لە چەشنی جۆراوجۆر وەک هۆرمۆنەکان، دژەتەنەکان و بلۆکەکانی دروستبوونی شانە جۆراوجۆرەکان، دەردەکەون.

هاینەر لینک، سەرۆکی لێژنەی کیمیای نۆبڵ دەڵێت: «یەکێک لەو دەستکەوتانەی کە ئەمساڵ زۆر وەبەر چاو هات، پەیوەندی بە دروستکردنی پرۆتینێکی سەرنجڕاکێشەوە هەیە. یەکێکی تریان سەبارەت بە بەدیهێنانی خەونێکی ۵٠ ساڵە: پێشبینیکردنی پێکهاتەی پرۆتینەکان لە زنجیرە ئامینۆئەسیدەکانەوە. هەر دووی ئەم دۆزینەوانە ئاسۆیەکی بەرفراوان دەکەنەوە».

پرۆتینەکان بەگشتی لە ٢٠ ئامینۆئەسیدی جیاواز پێک دێن، کە دەتوانرێت وەک خشتەکانی بنیاتنانی ژیان وێنا بکرێن. لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دەیڤید بەیکەر توانی بە بەکارهێنانی ئەم خشتانە پرۆتینێکی نوێ دیزاین بکات. لەو کاتەوە تا ئێستا گرووپی توێژینەوەکەی، یەک لە دوای یەک خەریکی دروستکردنی پرۆتینە نوێیەکان بوون، بۆ نموونە ئەو پرۆتینانەی کە دەکرێت وەک دەرمان و ڤاکسین و نانۆماددە و هەستەوەرە بچووکەکان بە کار بهێنرێن.

دۆزینەوەی دووەم پەیوەندی بە پێشبینیکردنی پێکهاتەی پرۆتینەکانەوە هەیە. لە پرۆتینەکاندا، ئامینۆئەسیدەکان لە ڕیزێکی درێژدا بە یەکەوە بەستراونەتەوە کە دەچەمێنەوە و پێکهاتەیەکی سێ ڕەهەندی دروست دەکەن. ئەم پێکهاتنە کاری تایبەتی ئەو پرۆتینە دیاری دەکات. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، توێژەران هەوڵیان دابوو پێکهاتەی پرۆتینێک لە ڕووی ڕیزی زنجیرەی ئامینۆئەسیدەکانیدا پێشبینی بکەن، بەڵام ئەم کارە بە مەحاڵ لە قەڵەم دەدرا. تا چوار ساڵ لەمەوبەر کە پێشکەوتنێکی سەرسووڕهێن ڕووی دا.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دەمیس هاسابیس و جۆن جامپەر، مۆدێلێکی ژیریی دەستکردیان بە ناوی (AlphaFold2) ڕاهێنا کە بە یارمەتیی ئەو توانیویانە پێشبینیی پێکهاتەی زۆربەی زۆری ئەو ٢٠٠ ملیۆن پرۆتینە بکەن کە توێژەران دەستنیشانیان کردووە. لە سەرەتای ناساندنی ئەو ئامێرە تا ئێستا، زیاتر لە دوو ملیۆن توێژەر لە ١٩٠ وڵاتەوە کەڵکیان لێ وەرگرتووە. لە نموونەی هەزاران قازانج و سوودی زانستیی ئەو ئامێرە، ئێستا توێژەران دەتوانن باشتر لە بەرگریی دژەزیندەیی تێ بگەن یان ئەنزیمێک دیزاین بکەن کە دەتوانێت پلاستیک شی بکاتەوە.

ژیان بەبێ پرۆتین نەیدەتوانی بوونی هەبێت. ئەوەی کە ئێستا دەتوانین پێشبینی پێکهاتەی پڕۆتین بکەین و پرۆتینەکانی خۆمان دیزاین بکەین، گەورەترین سوود بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت.

David Baker
University of Washington, Seattle, WA, USA
Howard Hughes Medical Institute, USA

Demis Hassabis and John M. Jumper
Google DeepMind, London, UK

antibodies دژەتەنەکان
three-dimensional سێ ڕەهەندی
antibiotic resistance بەرگریی دژەزیندەیی

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک
سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button