کورتەی هەواڵە زانستییەکان

خەڵاتی نۆبێڵی پزیشکیی ٢٠٢۴، پێشکەش کرا بە دوو زانستوان کە “مایکڕۆRNA”یان دۆزییەوە.

براوەکانی خەڵاتی نۆبێلی پزیشکی

خەڵاتی نۆبێڵی پزیشکیی ٢٠٢۴، پێشکەش کرا بە دوو زانستوان کە “مایکڕۆRNA”یان دۆزییەوە.

خەڵاتی نۆبێڵی فیزیۆلۆژی یان پزیشکیی ٢٠٢۴ بە ڤیکتۆر ئەمبڕۆس و گه‌ری ڕوڤکۆن درا که دۆزییانه‌وه پارچە بچووکه‌کانی RNA به ناوی مایکڕۆRNAیه‌کان، ڕۆڵی سەرەکی لە کۆنتڕۆڵکردنی جینەکان(ژێنەکان) دەگێڕن.

گرینگییەکەی لەوەدایە کە یەک مایکڕۆRNA دەتوانێت چەندین ژێنی جیاواز کۆنتڕۆڵ بکات. هەروەها ژێنێک ده‌توانێ لە لایەن چەندین مایکڕۆRNAیەوە ڕێک بخرێت.

ئۆلێ کامپ، جێگری سەرۆکی لیژنەی نۆبێڵی فیزیۆلۆژی و پزیشکی دەڵێت: “دۆزینەوەی سەرەکیی مایکڕۆRNAیه‌کان، میکانیزمێکی نوێ و چاوەڕواننەکراوی بۆ ڕێکخستنی ژێنەکان ناساندووە”. “ئەمانە بۆ تێگەیشتنمان لە گەشەکردنی کۆرپەڵه و فیزیۆلۆژیی ئاسایی و نەخۆشیگه‌لێکی وەک شێرپەنجە، گرینگن.”

ئەمبڕۆس و ڕوڤکۆن ئەم دۆزینەوەیان لە کاتی لێکۆڵینەوەی جۆرە گۆڕاوەکانی کرمێکی ده‌زووله‌یی بە ناوی Caenorhabditis elegans ئەنجام داوە. کارەکانیان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە(١٩٨٠) کاتێک لە هەمان تاقیگەدا بوون، دەستی پێ کرد. پاشان ئەمبڕۆس چووەتە زانکۆی هاڕڤاڕد و ڕوڤکۆنیش دەوچێتە نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێت و لەوێ لەسه‌ر لێکۆڵینەوەی جۆرە گۆڕاوەکان بەردەوام بوون.

ڕێنمایییەکانی به‌رهه‌مهێنانی پڕۆتینەکان لە DNA، لە ناوکی خانەکاندا هەڵدەگیرێن. کۆپییه‌کانی RNAی ئەم ڕێنمایییانە کە RNAی نامه‌به‌ریان پێ دەوترێت، ئەم زانیارییانە بۆ کارگەکانی به‌رهه‌مهێنانی پڕۆتین لە دەرەوەی ناوک دەگوازنەوە. RNAی نامه‌به‌ره‌کان، یان mRNA دەتوانن چەندین هەزار پیتی RNAیان هه‌بێت.

یەکێک لە ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی چالاکیی ژێنەکان، وەستاندنی به‌رهه‌مهێنانی mRNA لە پلەی یەکەمدایه. ڕێگاکه‌ی تریان ڕاوه‌ستانی گەیشتنی mRNAیه‌کان بۆ کارگەکانی به‌رهه‌مهێنانی پڕۆتینه. لە هەردووک دۆخه‌کەدا، ئاکامەکە ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆتینەیه کە لە لایەن ژێنەکەوە کۆد کراوە – یان وەک زینده‌وه‌رزانان دەڵێن، کووژاندنەوەی ژێنەکەیه.

مایکڕۆRNAیه‌کان وه‌ک ڕێگه‌ی دووهەم کار دەکه‌ن. ئەوانه پارچە بچووکه‌کانی RNAن که درێژییان نزیکەی ٢٠ جووتەبنەمایە و ڕیزبه‌ندییان تەواوکەری بەشێک لە یەکێک یان چەند mRNAن. کاتێک مایکڕۆRNAیه‌ک بە زنجیرە تەواوکەرەکەیەوە لە mRNAیه‌کدا ده‌به‌سترێته‌وه، بە شێوەیەکی گشتی پێش له به‌رهه‌مهاتنی هەر پڕۆتینێک، دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەو mRNAیه.

زۆر جار مایکڕۆRNAیه‌کان لە ناو خانەیەکدا کار دەکه‌ن، بەڵام هەندێ جار لە لایەن خانەکانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی لە شوێنێکی دیکەی جەستەدا ئازاد دەکرێن. لە هەندێ دۆخدا تەنانەت زیندەوەران، مایکڕۆRNA بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیندەوەرانی تر ئازاد دەکەن. به‌گشتی ئەمە لە لایەن زیندەوەرانی نەخۆشکه‌ر ئەنجام دەدرێت، لەم دوایییانەدا بەڵام یەکێک لە که‌ڕووە هاوژینه‌کان دۆزراوەته‌وە کە مایکڕۆRNAیه‌کان بۆ یارمەتیدانی داگیرکردنی ڕەگی دارەکان، ئازاد دەکات.

گرووپگه‌لێکی زۆر لەسەر چارەسەرکردنی مایکڕۆRNAیه‌کان کار ده‌که‌ن بەڵام تا ئێستا هیچیان پەسەند نەکراون. هەروەها بوون یان نەبوونی مایکڕۆRNA لە دیاریکردنی هەندێک نەخۆشیی پزیشکی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

ئەمبڕۆس و ڕوڤکۆن یەکەم کەس بوون کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا(١٩٩٠) مایکڕۆRNAیان دۆزیوەته‌وە. بەڵام ئەو ژێنەی کە دۆزیویانەتەوە بە ناوی lin-4، تەنیا یەک ژێن کۆنتڕۆڵ دەکات و وێدەچێت شێوازی کارکردنی کە تایبەت بە کرمی ده‌زوولەیی بێت. بەم هۆیه‌وه، دۆزینەوەکەیان گرینگییەکی کەمی پێ درا.

لە ساڵی ٢٠٠٠دا ڕوڤکۆن باسی دۆزینەوەی مایکڕۆRNAیەکی دیکەی بە ناوی let-7 کرد. ئەمەش پێنج ژێن کۆنتڕۆڵ دەکات و دەرکەوت کە لە ئاژەڵەکاندا باوه. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە گرینگییەکی زۆر بە مایکڕۆRNA بدرێت و ئێستا هەزارانیان لە کۆمەڵێک زیندەوەری بەرفراواندا دۆزراونەتەوە.

تۆماس پێرلمان، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی نۆبێڵ ڕایگەیاند، هێشتا پەیوەندیی بە ئەمبڕۆسەوە نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ڕوڤکۆن و هاوسەرەکەی قسەی کردووە. پێرلمان دەڵێت: “ئەوان بۆ بردنه‌وه‌ی خەڵاتەکه و هاتنیان بۆ ستۆکهۆڵم زۆر دڵخۆش بوون”.

وەرگێڕان:هێمن مەلەکی
چاوەدێری زمانی: هێمن عەبدوڵاپوور

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button