‌هەواڵی ڕێکخراوە

براوەی خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ٢٠٢۴ دیاری کرا.

خەڵاتی نۆبڵی وێژەی ساڵی ٢٠٢۴، بە بۆنەی «ئەو نووسراوە شاعیرانەی کە ڕووبەڕووی زەبروزەنگی مێژوویی دەبێتەوە و ناسکیی ژیانی مرۆڤ ئاشکرا دەکات» بە هان کانگ، نووسەرێکی کۆریای باشوور بەخشرا.

هان، یەکەم کەس لە کۆریای باشوور و یەکەم ژنێکی ئاسیاییە کە خەڵاتی نۆبڵی لە بواری وێژەدا بەدەست هێنا.

ئەو لە بنەماڵەیەکی ئەدەبی لە سیئۆل گەورە بووە. باوکی، هان سیونگ وۆن، ڕۆماننووسێکی بەناوبانگ بووە. شانبەشانی هۆگریی بە نووسین، هاوکات بەدوای هونەر و مۆسیقاشدا چووە. ئەم خولیایە بۆ هونەر، لە تەواوی بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٣ بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی لە گۆڤارێکی ئەدەبی بە ناوی «وێژە و کۆمەڵگە» دەستی بە کاری هونەری کردووە. یەکەمین کاری نووسینی لە ساڵی ١٩٩۵دا، بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە کورتەچیرۆکی «خۆشەویستیی یۆسو» بووە. پێشکەوتنە سەرەکییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧دا، لەگەڵ ڕۆمانی «ڕووەکخۆر» بوو. چیرۆکی ژنێکی دانیشتووی سیئۆل کە بڕیار دەدات ببێتە ڕووەکخۆر و واز لە گۆشتخواردن بهێنێت. ئەو کتێبە بە دەوری ژیانی دوو خوشکدا دەسووڕێتەوە و باس لە هەڵبژاردن و بڕیارەکانیان لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کۆریای باشووردا دەکات.

لە چیرۆکەکانیدا باس لە دەردە ئاشناکان دەکات. ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکان، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئازارێک کە بە درێژایی مێژوو وەک کۆمەڵە یاسایەکی نەبینراو جێی خۆی قایم کردووە. لەنێو بەرهەمە ناسراوەکانی دیکەیدا دەتوانین ئاماژە بکەین بە «کردەوەکانی مرۆڤ»، «کتێبی سپی»، «وانە یۆنانییەکان» و «ئێمە جودا نابینەوە».

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button