هاووڵاتییانی خۆشەویست کەس نییە لە ئێمە کە هۆگری خواردنی گیای بەهاریین، جارێک یان دوو جار لەو سروشتەدا پیشکان و گیاکەنمان لە ناخی زەوی نەدابێ و گیامان هەڵنەکەندبێ. ئایا بیر لەوە دەکەنەوە جەماوەری گیای خۆراکیش سنووردارە و بە هۆی زۆر هەڵکەندنەوە، دەفەوتێ؟
۲۵ی خاکەلێوەی ۱۴۰۱، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند مەترسیی لەناوچوونی ۵۰ جۆر گیا لەو پارێزگایەدا هەیە.
لووشە (پسڵ)، مەندێ (بەنا)، کەنگر (قنگر)، ڕێواس، بیزا، سۆڵان، کاشمە، کوڕادە کێوی (کنیواڵ)، زیسک (مووسڵی)، جاترەتاڵە (هەزبێ تاڵە)، جاترەکێوی (هەزبێ کێفیلە)، پیچک (هەندرێشە)، گێلاخە (ڕوسقە)، خوژە (ئەسرێلک)، سوورەبنە (سۆریاز)، بەڕەزا، شنگ (ئەسپینگ)، پوونگە (پنگ)، کووزەڵە، سیرمۆکە، گۆزروان (هورمزە)، هەلامە (هەلاوە)، …
بەپێی سەرژمێریی گیایی ۱۴۰۰ کە لە پارێزگای ورمێدا تۆمار کراوە، نزیکەی ۵۰۰ جۆری لە بازنەی گیای دەرمانی و ۷۰ لەسەدیش خۆراکین.
۵۰ جۆر لەو خۆراکییانە، بە هۆی زۆر هەڵکەندن بۆ خواردن و فرۆشتن خەریکن دەفەوتێن.
خۆ دەزانن ئەوانە خۆڕسکن و ئەگەر فەوتان ئیتر ناگەڕێنەوە بۆ ژینگە و سروشتەکەمان.
نووسەر: ئیرەج مورادی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک
سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای ورمێ