کورتەی هەواڵە زانستییەکان

براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ٢٠٢۴ دیاری کران

ئاکادێمیی شاهانەی زانستەکانی سوید، بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ٢٠٢۴ بە بۆنەی «دۆزینەوە و داهێنانە بنەڕەتییەکان کە بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان، بۆ فێربوونی ماشین ڕێگەخۆشکەر بوو» بە جۆن هۆپفیڵد لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکا و جێفری هینتۆن لە زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدا ببەخشێت.

ئەوان بە بەکارهێنانی فیزیک، تۆڕە دەمارییە دەستکردەکانیان ڕاهێنا.

دوو براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ئەمساڵ، بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زانستی فیزیک، پەرەیان بەو شێوازانەی کە ئەمڕۆ بنەمای فێربوونی بەهێزی ماشینن داوە. جۆن هۆپفیڵد بیرگەیەکی هاوبەشی دروست کرد کە دەتوانێت وێنە و جۆرەکانی تری نەخشەی داتا هەڵبگرێت و دووبارە دروستی بکاتەوە. جێفری هینتۆن شێوازێکی داهێنا کە لەودا دەکرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ تایبەتمەندییەکان لە داتاکاندا بدۆزرێنەوە و بەم شێوەیە ئەرکەکانی وەک ناسینەوەی وردەکارییەکان لە وێنەکاندا ئەنجام بدات.

زۆر جار کە باسی ژیریی دەستکرد دەکەین، مەبەستمان فێربوونی ماشینە بە بەکارهێنانی تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان. ئەم داهێنانە لە سەرەتادا لە پێکهاتەی مێشکەوە ئیلهامی وەرگرتووە. لە تۆڕێکی دەماری دەستکرددا، دەمارەکانی مێشک بە گرێکان نیشان دەدرێن کە هەر کامیان بەهای جیاوازیان هەیە. ئەم گرێیانە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانەوە (هاوشێوەی سیناپسەکانی مێشک) کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە کە دەتوانین ئەم کاریگەرییانە بەهێزتر یان لاوازتر بکەین.

تۆڕەکە ڕادەهێنرێت، بۆ نموونە بە پێکهێنانی پەیوەندیی بەهێزتر لە نێوان ئەو گرێیانەی کە بەهایان بەرزە. براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵ لە ساڵانی هەشتاکانەوە خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان بوونە.

جۆن هۆپفیڵد تۆڕێکی داهێنا کە لە شێوازێک بۆ پاشەکەوتکردن و دووبارە دروستکردنەوەی نەخشەکان کەڵکی وەردەگرت. با لێرەدا گرێکان وەک پیکسڵ وێنا بکەین. تۆڕی هۆپفیڵد لە زانستێکی فیزیک کەڵک وەردەگرێت کە لەودا تایبەتمەندییەکی ماددە، بە هۆی خولانەوەی ئەتۆمییەوە پێناسە دەکرێت، تایبەتمەندییەک کە هەر ئەتۆمێک دەکاتە موگناتیسی بچووک. لە ڕوانینێکی گشتیدا، تۆڕەکە بە شێوەیەک دەناسێنرێت کە هاوتایە لەگەڵ وزەی سیستمێک کە لە کۆمەڵێک ئەتۆم کە دەخولێنەوە، پێک هاتووە. کاتێک وێنەیەکی ئاڵۆز یان ناتەواو بە تۆڕی هۆپفیڵد دەدرێت، بە شێوەیەکی لێهاتوو لە ڕێگەی گرێکانەوە کار دەکات و بۆ ئەوەی وزەی تۆڕەکە داببەزێت، بەهاکانیان نوێ دەکاتەوە. بەم شێوەیە تۆڕەکە هەنگاو بە هەنگاو بۆ دۆزینەوە و تەواوکردنی ئەو وێنەیەی کە پێی دراوە، کار دەکات.
جێفری هینتۆن، تۆڕی هۆپفیڵدی وەک بناغەیەک بۆ تۆڕێکی نوێ بەکار هێنا کە بە شێوازێکی جیاواز کار دەکات: ماشینی بۆڵتزمان. ئەم ئامێرە دەتوانێت فێر بێت کە توخمە تایبەتمەندەکان لە جۆرێکی دیاریکراوی داتادا بناسێتەوە. هینتۆن ئامرازەکانی فیزیکی ئاماریی بەکار هێنا، کە زانستی ئەو سیستمانەیە کە لە چەندین پێکهاتەی هاوشێوە دروست بوون. ماشینەکە بە پێدانی ئەو نموونانە ڕادەهێنرێت کە ئەگەری زۆرە کاتێک ئامێرەکە کار دەکات، سەر هەڵبدەن. ماشینی بۆڵتزمان بۆ پۆلێنکردنی وێنەکان یان دروستکردنی نموونەی نوێ لەو نەخشانەی کە لەسەری ڕاهێنراون، بەکار دێت. ئەو کارەی هینتۆن کردی، لەسەر بناغەیەک دامەزراوە کە لەو دوایەدا بووەتە هۆی تەقینەوەی گەشەسەندنی فێربوونی ماشین.

ئێلێن مونز، سەرۆکی لێژنەی نۆبڵی فیزیک، ئاماژەی بەوەش کردووە: «کاری براوەکان تا ئێستا زۆرترین سوودی هەبووە. ئێمە لە فیزیکدا، تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان لە چەندین بواردا وەک پەرەپێدانی ماددە نوێیەکان کە تایبەتمەندیی تایبەتیان هەیە، بەکار دەهێنین».

John J. Hopfield
Princeton University, NJ, USA
Geoffrey E. Hinton
University of Toronto, Canada
machine learning فێربوونی ماشین
artificial neural networks تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان
associative memory بیرگەی هاوبەش
patterns نەخشە
artificial intelligence ژیریی دەستکرد
nodes گرێکان
value بەها
atomic spin خولانەوەی ئەتۆمی
Boltzmann machine ماشینی بۆڵتزمان
characteristic elements توخمە تایبەتمەندەکان
Ellen Moons

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک
سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button