بابەتتەندروستی

شێوازەکانی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و دابینکردنی ڕێگەچارە بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگا

منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە هۆی بارودۆخی تایبەتی جەستەیی، زەینی، دەروونی یان کۆمەڵایەتی، لە گرووپە لاوازەکانی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێن. ئەم منداڵانە بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی توانایییەکان و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتە یەکسانەکان، پێویستیان بە پاڵپشتییە تایبەتەکانە.

پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی، واتە دابینکردنی ئەو سەرچاوە و خزمەتکارییانەی کە بۆ ئاسانکاریی گەشەکردن و بەشداریی چالاکانەی ئەم منداڵانە لە کۆمەڵگادا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەش، کۆمەڵگا دەبێ بەرامبەر بەم منداڵانە بەرپرس بێت و لە ڕێگەی ئاگاداری و گۆڕانی هەڵوێست، کەشێکی هاوسۆز و بێجیاوازی پێک بێنێت.

شێوازەکانی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی:

١. پاڵپشتیی بنەماڵە: بنەماڵە یەکەمین و گرینگترین پاڵپشتی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن. دایک و باوکەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەروەردەکردن و گەشەکردنی منداڵەکان دەگێڕن.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕۆڵانە، ٣ خاڵ دەبێ ڕەچاو بکرێت:

– فێرکاری و ئاگاداری: دایک و باوکەکان پێویستە ئاگاداری پێداویستی و تواناکانی منداڵەکانیان بن. بەشداریکردن لە کۆبوونەوە فێرکارییەکان و بەکارهێنانی سەرچاوە ڕاوێژکارییەکان دەتوانێ لەم ڕێگەیەدا یارمەتییان بدات.

– پاڵپشتیی دەوروبەر: دەبێ کەشێکی هێمن و هاندەرانە پێک بێت. زۆر جار منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ڕووبەڕووی هەستی نەبوونی هێمنایەتی و نیگەرانی دەبنەوە و پێویستیان بە سۆز، پاڵپشتی و متمانەبەخۆیییە.

– بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان: دایک و باوکەکان دەبێ منداڵەکانیان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی، وەرزشی و فەرهەنگییەکان هان بدەن. ئەم بەشداریکردنە دەتوانێ لە پەرەپێدانی توانای کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی دابڕان (گۆشەگیری)دا، یارمەتیدەر بێت.

٢. پاڵپشتیی پەروەردەیی: بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی پەروەردەیی و دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئەو منداڵانە، ئەم کارانەی خوارەوە پێویستن:

– قوتابخانە یەکگرتووەکان: تێکەڵکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و منداڵانی ئاسایی لە پۆلە هاوبەشەکاندا دەتوانێ لە زیادکردنی بەشداری و کەمکردنەوەی جیاکاری، یارمەتیدەر بێت.

– پڕۆژەی پەروەردەییی تایبەت: داڕشتنی پڕۆژەی پەروەردەییی گونجاو بۆ توانا و پێداویستییەکانی هەر منداڵێک، ڕێگەیان دەداتێ بەخێرایی و بە شێوازی خۆیان پێش بکەون.

– ڕاهێنانی مامۆستاکان: مامۆستاکان دەبێ لە دیاریکردنی پێداویستییەکانی ئەم منداڵانە ڕاهێنراو بن و تەکنیکە گونجاوەکانی فێرکاری بە کار بێنن.

– تەکنۆلۆژیی یارمەتیدەر: دەبێ ئەو ئامراز و نەرمەواڵانەی کە پڕۆسەی فێرکاری بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئاسان دەکەن، بەردەست بن.

۳. پاڵپشتیی ئابووری و یاسایی:

– یارمەتییە ئابوورییەکان: زۆرێک لە بنەماڵەکان بە هۆی زۆربوونی تێچووی توانابەخشی و دەرمان و پەروەردەکردنی ئەو منداڵانە، پێویستیان بە پاڵپشتیی ئابوورییە. دەوڵەت و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەتوانن لەم بوارەدا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت.

– پاڵپشتیی یاسایی: دیاریکردنی یاساگەلێک کە مافی ئەم منداڵانە دەستەبەر بکات، وەکوو مافی دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە خوێندن و دەرمان. هەروەها چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەش دەبێ بەرچاو بگیرێت.

ڕێگەچارەکان بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگا:

١. پەروەردەی گشتی: بۆ دەرک و تێگەیشتن و هاوسۆزیی زۆرتر لە کۆمەڵگادا، ئاگاداریی گشتی پێویستە.

ـ کارگە و کۆڕەکان (سێمینار): پێکهێنانی کۆبوونەوەگەلێک بۆ دایکان و باوکان و مامۆستایان و ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگا سەبارەت بە گرینگیی پاڵپشتی لە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

– میدیاکان: بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلم، پڕۆگرامە تلێڤیزیۆنییەکان، ناوەڕۆکی پەروەردەیی سەبارەت بە ژیان و تواناییی ئەم منداڵانە.

۲. باوکردنی کولتووری قبووڵکردن:

– قوتابخانە و ناوەندی پەروەردەیی: هاندانی منداڵانی ئاسایی بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

– بەرنامە کولتوورییەکان: بەرێوەبردنی فێستیڤاڵەکان، پێشانگاکان و پێشبڕکێ هاوبەشەکان بۆ زیادکردنی ئاگاداری دەتوانێ یارمەتیدەر بێت.

۳. بەشداریی ڕێکخراوەکان:

ـ ڕێکخراوە ناحکوومییەکان: ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن بە پێکهێنانی کەمپەینە هۆشیارییەکان، سەرنجی خەڵک بۆ ئەم بابەتە ڕاکێشن.

– ڕێکخراوە کەسییەکان: لە ڕێگەی بەرنامەکانی بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتی، دەکرێت سەرچاوەی ئابووری و فەننی بۆ پاڵپشتی لەم منداڵانە دابین بکرێت.

۴. گۆڕینی هەڵوێستەکان:

– چیرۆکی سەرکەوتن: بڵاوکردنەوەی چیرۆکی ئیلهامبەخش بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە سەرکەوتنی گەورەیان بە دەست هێناوە، دەتوانێت هەڵوێستی نەرێنیی کۆمەڵگا بگۆڕێت.

– جەخت لەسەر توانایییەکان: سووربوون لەسەر تواناییی ئەو منداڵانە لە جێی خاڵە لاوازەکانیان، بۆ گۆڕینی ڕوانگەکان یارمەتیدەرە.

کۆتا قسە:

منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەشە بەنرخەکانی ئەم کۆمەڵگایەن کە شایەنی پاڵپشتی و دەرفەتە یەکسانەکانن بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن. ئەم پاڵپشتییانە بریتین لە ڕەهەندە جیاوازەکانی بنەماڵەیی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و سۆزداری. لەگەڵ ئەمەش، گۆڕینی هەڵوێستی کۆمەڵگا و قبووڵکردنی جیاوازییەکان دەتوانێ کەشێکی ئەرێنی بۆ ژیانی ئەم منداڵانە پێک بێنێت. ئاگاداریی گشتی و بەشداریی چالاکانەی ڕێکخراوە و بنیاتەکان، هەنگاوگەلێکی گرینگن بۆ پێکانی ئەو ئامانجانە. لە کۆتاییدا، دابینکردنی کەشێکی کۆمەڵایەتی و دادپەروەرانە، دەتوانێ داهاتوویەکی ڕوونتر بۆ ئەم منداڵانە پێک بێنێت.

وەرگێران: هێمن مەلەکی.
هەڵەگر: فەرشاد نەبیزادە

سەرچاوە:

Adams, J., & Leshone, D. (2016). Active social work with children with disabilities. Critical Publishing.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button