
سیمۆن ویلیامز دەڵێت: ئێمە ئێستا لە سەردەمی دوودڵی لە وەشاندنی ڤاکسیندا دەژین و لەگەڵ ئەوەشدا تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پەرەیان سەندووە کە دەبێت ڕێگرییان لێ بکەین.
لە ساڵی ٢٠١۴، لە ناوچەیەکی باکووری کۆڵۆمبیادا، هەواڵە سەرەکی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەواڵ و ڤیدیۆی ڤایراڵی کچانێک پڕ ببوون کە دەیانگوت تووشی نیشانەیەکی نەناسراو بوون و بووەتە هۆی بوورانەوە و سڕبوونی جەستەیان. گوایە ئەمە کاریگەریی نەخوازراوی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی. یە!
ئەگەرچی لێکۆڵینەوەکانی شارەزایانی تەندروستیی کۆڵۆمبیا هیچ بەڵگەیەک لە پەیوەندیی بایۆلۆجیکیی نێوان ڤاکسینەکە و نیشانە ڕاپۆرتکراوەکاندا نەدۆزیبووەوە، بەڵام هێشتا کاریگەریی ئەو قسانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو ببوونەوە، مابووەوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی، تا ساڵی ٢٠١۶ لە کۆڵۆمبیادا، ڕێژەی ئەو ژنانەی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی. یان وەشاندبوو، تا ڕادەیەکی زۆر -بۆ تەنیا ٢ لەسەد- دابەزی. لە حاڵێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، یەکێک لە بەرزترین ئاستەکانی جیهانیی وەشاندنی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی لە لایەن ژنانەوە بوو!
بۆ ئەوەی ئەم ئامارانە بەرز ببنەوە، تاکوو ساڵی ٢٠٢٣یان خایاند. ئەگەرچی لەچاو ساڵی ٢٠١٢ کە ٨٧٪بوو، هێشتا لە ئاستێکی نزمدا بوو. (١١٪ لە ساڵی ٢٠٢٢ و ۵٢٪لە ساڵی ٢٠٢٣دا)
دەنگۆ هەڵەکان سەبارەت بە ڤاکسینەکان، تێچوویەکی زۆریان هەیە. پاش ئەوەی کە بڵاوکراوەی بەدناوی لانسێتی ئەندرۆ وەیکفیڵد، بابەتێکی زڕەزانستی سەبارەت بە پەیوەندیی ڤاکسینی سوورێژە لەگەڵ ئۆتیزم بڵاو کردەوە، ئێستاش دوای زیاتر لە ٢۵ ساڵ، هۆکارێکە بۆ ئەوەی دایک و باوکەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڤاکسین بۆ منداڵەکانیان ڕەت بکەنەوە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشیی سوورێژە.
لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی لە ژاپۆن بەراوردی کردووە کە دوودڵی لە وەشاندنی ڤاکسین لە ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩دا، توانیویەتی زیاتر لە ۵٠٠٠ مردنی تر بخاتە سەر ژمارەی مردن بە هۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە .
ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی، دوودڵی لە وەشاندنی ڤاکسیندا بە هەڕەشەیەک بۆ تەندروستیی گشتی دەزانێت و لە چەند ساڵی ڕابردوودا متمانەی گشتی بە ڤاکسینەکان لە ئاستی جیهاندا کەم بووەتەوە. ئێمە، ئێستا لە سەردەمی دوودڵی لە وەشاندنی ڤاکسینداین. لە دوای کوڤیدی ١٩، تیۆریستەکانی پیلانگێڕی، بۆ جارێکی تر سەرنجیان خستووەتە سەر ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی، لە ڕێگەی ورووژاندنی هەزاران درۆ سەبارەت بە مەتریسداربوون و کاریگەریی ڤاکسینەکەوە.
بێگومان ئەم قسانە بەتەواوی هەڵەن چونکە بەڵگەی پشتڕاستکراو، بێمەترسیبوونی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی نیشان دەدات. هەروەها ئەگەر تا تەمەنی ١٣ ساڵی بیوەشێنن، ٩٠٪ ڕێگری لە شێرپەنجەی ملی مناڵدان دەکات. توێژینەوە نوێیەکان دەڵێن ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی تەنانەت ڕێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مل و سەریش دەکات کە لە پیاوان و کوڕاندا باوترە.
سەرەڕای ئەمە، ڕووماڵکردنی جیهانیی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی لە ئاستێکی نزمدایە، تەنانەت هەندێک لەو وڵاتانەش کە داهاتیان بەرزە و کێشەی دابینکردنی ڤاکسین و یەکسانیی دەستڕاگەیشتنیان وەک وڵاتانی کەم داهات نییە. بۆ نموونە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٠ مێرمنداڵ، نزیکەی ۶ کەسیان ئاگاداری ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی.ن. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن وەشاندنی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی. بەپێچەوانەی ئەوانی تر، دەتوانێت لەنێو چینی دەوڵەمەنددا کەمتر بێت.
بەتایبەت جێی نیگەرانییە ئەو دەنگە ناسراوانەی دژی ڤاکسینی ئێچ. پی. ڤی.ن.، زانیاریی هەڵەیان سەبارەت بە ڤاکسینەکانی کۆڤیدی ١٩ش بڵاو کردبووەوە. بۆ نموونە دکتۆرە ناسراوەکان وەک پیێر کۆری کە دژی ڤاکسین بوون، هەندێک خورافەی سەبارەت بە مەترسیداربوونی ڤاکسینی گارداسیل بڵاو کردبووەوە.
بەگشتی، تیۆرییەکانی پیلانگێڕی یەکتر بەهێز دەکەن. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە چۆن ئەو کەسانەی هزری پیلانگێڕییان هەیە، زۆرجار لە سیستەمێکی هاوشێوەی بیروباوەڕدا (وەک بێمتمانەیی بە دەسەڵات) یان تایبەتمەندییە دەروونییەکاندا (وەک هەستکردن بە نامۆبوون) بەشدارن.
زانیاری هەڵە و درۆ وەک هەندێک لە نەخۆشییەکان تەشەنە دەکەن. زۆر گرینگە کە کۆمەڵگەی تەندروستیی گشتی، ڕێگەگەلێک بۆ ڕێگریکردن لەو زڕەزانستانە بدۆزێتەوە، بۆ نموونە درۆهەڵماڵیی پێشوەختە کە تێیدا نموونەی زڕەزانستەکان بە خەڵک دەناسێنن بۆ ئەوە لە کاتی خۆیدا هەڵەکان بناسن و توانایی دەستنیشانکردن و بەرەنگاربوونەوەیان لە بەرانبەر ئەو جۆرە هەواڵانەدا ببێت. لەگەڵ ئەوەش پێویستە ڕوانگەمان بە ڤاکسینەکان دروست بکەینەوە کە ئێچ. پی. ڤی. یش لەخۆ دەگرێت. دەنا دوودڵی لە وەشاندنی ڤاکسین دەبێتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ تەندروستیی گشتی!
نووسەر: سیمۆن ویلیامز
وەرگێڕ: سەعیدە دەیهیم
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک
وشەکان:
تیۆریستەکانی پیلانگێڕی :ConspiracyTtheorists
Andrew Wakefield’s Lancet publication
شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە/ سرطان دهانەی رحم :Cervical Cancer
Pierre Kory
درۆهەڵماڵیی پێشوەختە :Prebunking
HPV Vaccine: ڤاکسینی بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ