بابەتگەردوونناسی

سپاش؛ ئەو دەستەواژە تەریکەی زەوی و ئاسمانەکان لەخۆ دەگرێت

 

وشەی ‘space’ بە واتای مەودا یان ئەو بەستێنەیە کە هەموو ئەستێرە و گەلەستێرەکان و جیهانی تێدایە، لە دەقی زانستیی گەردوونناسی(cosmology) و فیزیکی ئەستێرەناسیدا(Astrophysics) وشەیەکە کە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و لە هەر دەقێکی پێوەندیدار بەو زانستەوە لانیکەم یەک جار دێتە بەر چاو.

هەروەها ئەو وشەیە بە واتای دانانی مەودا یان شوێنێکی خاڵی لە نێوان وشەکان (کە لە ئینگلیزیدا زۆر نزیکە لە واتای یەکەم)، بۆ کلیلێکی تەختەکلیلی کامپیوتەر کەلکی لێ وەردەگیرێت کە لە ڕیزی خوارەوەی تەختەکلیلەکەیە و بۆ دانانی مەودای نێوان وشەکان بەکار دەهێندرێت.

بەڵام سپەیس لە بنەڕەتدا لە ئینگلیزیدا بە واتای شوێن یا ناوچە یا مەودایەکە کە دەتوانێت شتەکان لەخۆی بگرێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە لە ئینگلیزیدا سپەیس دەبێتە مەودای نێوان چەند شت

بەپێی پێناسەی فەرمی سپەیس لە واتای ئەستێرەناسیدا پانتایەکی بێسنووری سێ ڕەهەندییە کە هەموو ئەو ناوچەیەی لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوییە یان سنووری بەرگەهەوای هەسارەکان لەخۆ دەگرێت و بوونی گشت هەسارە و ئەستێرە و گەلەستێرەکان و پەیوەندییەکانیان لەودا ڕوو دەدات. هەرچەند زۆر جار سپەیس بە شوێنێکی خاڵی و بۆش دێتە ژمار کە هیچ مادەیەکی تێدا نییە، ئەگەرچی تا ڕادەیەکی زۆر نزیک لە بۆشایی، سپەیس خاڵییە و گوشاری گشتی ئەو شوێنە زۆر نزمە، بەڵام لەڕاستیدا سپەیس بەتەواوەتی بۆش و خاڵی نییە و بە ڕادەیەکی زۆر کەم لە گاز، تۆز و تەنۆلکە هەرە بچووکەکانی گەردوونی تێدایە و کاتێک ئەو شتانە لە شوێنێک خەست دەبنەوە، دەبنە هۆی سازبوونی ئەستێرەکان و دیتری دیاردە گەردوونییەکان. هەرچەند مەودای نێوان ئەو مولکول و تەنۆلکانە ئەوەندە زۆرە کە بە گریمانەیەکی زۆر بەهێزەوە دەتوانین بڵێین سپەیس بۆشاییە بەڵام لەڕاستیدا وا نییە.

لە زمانی کوردیدا بە هۆی نەبوونی نووسینەوەی مژاری زانستی بەو زمانە لە ئاستی باڵادا زۆر جار بۆ کۆمەڵێک وشەی زانستی کە لە پێناسەی زانستیی ئەواندا جیاوازیی ڕوون و بەرچاو هەیە کۆمەڵێک هاوتا و بەرانبەری جۆراوجۆر دانراوە یان یەک وشە بۆ چەند چەمکی تێکەڵاو دادەنرێت یا بۆ وشەیەک یا چەمکێک چەندین وشە دادەنرێت کە هیچیان هەڵگری باری واتایی ئەو چەمکە بۆ هەموو شوێنەکان نییە، بۆیەش لە دەقی زانستیدا گرفت ساز دەکات. یەکێک لەو وشانە وشەی سپەیسە کە بە چەندین وشە وەرگێڕانی بۆ کراوە و لەگەڵ چەند چەمکێکی تر تێکەڵاوی بۆ ساز بووە کە لێرەدا بەوردی باسی دەکەین.

وشەی Space لەگەڵ چەند وشەیکی تر کە بریتین لە Sky، Vacuum، cosmos تێکەڵ کراوە و هاوتاکانیان لێک دراون.

لێرەدا هەندێک هاوتا کە بۆ وشەی سپەیس داندراوە، دێنینە بەر باس:

١. ئاسمان:

لەڕاستیدا وشەی ئاسمان لە کوردیدا دەبێتە ئەو بەشەی ژوورینی ڕووبەری زەوی کە بەرگەهەوای زەوی پێکی هێناوە و هاوتای وشەی Sky لە ئینگلیزییە. پێناسەی Sky لە دەقی زانستیدا دەبێتە سنووری نێوان ڕووبەری هەسارەیک تاکوو کۆتایی بەرگەهەوای ئەو هەسارەیە. واتا ئەو سنوورەی دەوری هەسارە، کە بەرگەهەواکەی بەدی دێنێت. کەواتە بەگشتی وەرگێڕانی وشەی سپەیس بۆ ئاسمان بەپێی پێناسەی چەمکەکان هەڵەیە و ئەو دوو وشەیە دوو شتی جیاواز نیشان دەدەن.

٢. بۆشایی:

بۆشایی لە ناوەرۆکدا بە واتای خاڵیبوون(Vacuum) لە هەر چەشنە شتێکە، واتا شوێنێکی هەلۆڵ و خاڵی. ئەو وەرگێڕانە لە ‘خلاء’ی عەرەبی کە لە فارسیشدا ساڵانی سەرەتایی بۆ هاوتای سپەیس دەگوترا، یەک واتا دەگەیێنن و زمانەوانانی عەرەبی و فارسی دواتر ئەو وشەیان لە دەقی زانستی خۆیاندا لە چەمکی سپەیس جیا کردەوە، چون بەپێی پێناسە سپەیس بۆشایی نییە و لە هەر شوێنێکی سپەیس کۆمەڵێک تەنۆلکە و مولکول دەتوانێ بوونی هەبێ، گەرچی زۆر کەم بن، هەروەها ئەگەر سپەیس بەگشتی لەبەر چاو بگرین لەخۆگری گشت ئەستێرە، گەلەستێرەکان، هەسارەکان و تەنانەت کونەڕەشەکانە و خاڵی نییە.

٣. بۆشاییی ئاسمان

ئەو دەستەواژەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ کەمکردنەوەی هەڵەی زانستی ئەو دوو وشەی پێشووتر بەکار هێنراوە کە بەداخەوە نەک ئەو هەڵەیەی ڕاست نەکردووەتەوە بەڵکوو هەڵگری هەڵەی هەر دوو وشەکەی پێشوویە و هەروەها لە بواری ڕێزمانییەوە ئەگەر بمانهەوێ وشەی دیکەی لێ ساز بکەین، ئەو وشەیە زۆر لاوازتر لەو دووانەی ترە.

بەگشتی کاتێک هاوتایەک بۆ وشەیەک دادەنرێت پێویستە بڕستی وشەی هاوتا بۆ سازکردنی وشەگەلی پێوەندیدار بەو وشەیە و بنەماڵەی وشەکە لەبەر چاو بگیرێت کە لەو وەرگێڕانەدا ئەو گرینگە لەبەر چاو نەگیراوە. بۆ وێنە بۆ وشەیەک وەک Spacesuit بەپێی ئەو وەرگێڕانە دەبێت “جلی بۆشاییی ئاسمانی” دابنرێت کە هەم دوور و درێژە و هەم هەڵەیە. یان بۆ Spacecraft هاوتای “کەشتیی ئاسمانی” یا “کەشتیی بۆشاییی ئاسمانی” دەبێت دابنرێت کە دیسانیش هەمان گرفتی هەیە.

۴. گەردوون

گەردوون وشەیەکی دیکەیە کە جاروبار لە شوێنی سپەیس بەکار دەهێندرێت بەڵام باشتر وایە بۆ وشەی Cosmos کەڵکی لێ وەرگیرێت.

گەردوون زۆرتر مەبەست ئەو بەشە لە گشت ئەو سپاشەیە کە جیهانی ئێمە تێیدا جێگیر بووە بەڵام سپاش دەتوانێت لەخۆگری گەردوونی ئێمە بێت و چەمکێکی گشتگیرتر لەو مژارەشە.

هەروەها لە دەقی زانستیدا ئەو سێ هاوتایە هەر کامەی بە چەشنێک سەرلێشێوان ساز دەکەن.

بۆ وێنە؛

بۆشایی ئاسمان بەتەواوەتی بۆشایی نییە.

یان بۆشایی بەتەواوەتی بۆشایی نییە.

هەروەها؛

سنووری نێوان ئاسمان و ئاسمان بەرگەهەوای زەوییە.

سنووری نێوان بۆشایی ئاسمان و ئاسمان بەرگەهەوای زەوییە.

لەو چوار ڕستەی سەرەوەدا چەمکی ئاسمان و بۆشایی دیار نییە بۆ کام وشەی ئینگلیزی و چەمکی زانستی داندراوە و تێگەیشتنی دەق ئەستەم دەکاتەوە.

بەو هۆکارە و بە لەبەرچاوگرتنی پێناسەی زانستی هەر چوار چەمک(واتا ،Vacuum،Space،Cosmos, Sky) پێویست بوو وشەیەکی سەربەخۆتر لەو هاوتایانە دابنرێت کە تێکچوونی دەق کەم بکاتەوە و واتای زانستی چەمکەکەش باشتر بپێکێت.

بەپێی گەڕان لە سەرچاوەی وشەدانە نوێیەکانی زمانی کوردی، بەداخەوە وشەیەکی بەهێز کە بتوانێت گشت ئەو واتایەی پێویستە بۆ ئەو چەمکە نەدۆزرایەوە، هەر بۆیەش بە گەڕان لە وشەدانە کۆنترەکان لە زمانی پاڵەییدا کە زۆربەی زمانەوانانی جیهان وەک بنچینەی زمانی کوردی یان بڵێین بە ڕواڵەتی زمانی کوردی لە بەشێک لە مێژوودا دەیهێننە ژمار، وشەی سپاش دۆزراوەتەوە کە ڕێک واتای سپەیس لە ئینگلیزیدا دەگەیێنێت. سەرچاوەی سەرەکی بۆ دۆزینەوەی ئەو وشەیە وشەدانی مەکێنزی بۆ هەڵگەڕاندنەوەی وشە پاڵەییە کۆنەکان بۆ سەر زمانی فارسییە و هەروەها لە زاراوەی هەورامیشدا هەر ئەو واتایە دەگەیێنێت.

ئەو وشەیە جگە لەوەی سپەیس وەک چەمێکی سەربەخۆ دەپێکێت، هاوکات دەتوانێت بنەماڵە و کۆی گشتی ئەو وشەگەلەی پەیوەستە بە باسی سپاشەوە بەرهەم بهێنێت.

بۆ وێنە هەندێک لە وشەگەلی پەیوەندیدار بە سپاشەوە دەنووسین و هێزی وشەسازی ئەو وشە نوێیە هەڵدەسەنگێنین:

1. Space سپاش

2. Spacecraft سپاشگەڕ

3. Astronaut  سپاشەوان یان سپاشوان

4. Space agency ئاژانسی سپاشی یان ناوەندی سپاشی

بۆ ئەو وشەگەلە هەندێک وشەی نامۆ لە عەرەبییەوە هاتووەتە ناو زمانی کوردی کە نەتەنیا یارمەتیدەر نەبوون بەڵکوو گرفتی زۆر بنەماییشیان ساز کردووە. بۆ وێنە بۆ وشەی spacecraft، کەشتی ئاسمانی بەکار هاتووە کە بەداخەوە بۆ سپەیس، ئاسمان و بۆ کرافت کەشتی دانراوە کە هەردووک وەرگێڕانەکە هەڵەیە. کرافت لە ئینگلیزیدا بە چەند واتا دێت کە یەکیان کەشتییە و زۆرتر بە واتای پێوان، گەڕان و ڕۆیشتن بۆ شوێنێک و جێیەکە، بەڵام لە عەرەبیدا کراوە بە کەشتی و هەر ئەو هەڵەیەش لە کوردیدا دووپات کراوەتەوە.

هەر بەپێی ئەو تێبینییانەی کە باس کران، پێشنیاری هۆژان بۆ چەمکی space وشەی سپاشە کە هەم لە باری واتایی و هەمیش لە وێژەکردندا له وشە ئینگلیزیەکە نزیکترە و هیوادارین ناوەندە زانستی و زمانەوانییەکانی کوردستان لە دەقەکانی خۆیاندا ئەو وشەیە بە کار بهێنن.

نووسەر: فاڕووق ئەحمەدی

هەڵەگر: هێمن عەبدوڵاپوور

چاوەدێری زانستی: د. سولەیمان ڕەسووڵی

سەرچاوەکان:

۱-فروەشی، ب. (۱۳۸۱). فرهنگ فارسی پهلوی. موسسە انتشارات و چاپ دانشگاه تهران.

۲-اکبری شالچی و همکاران. (۱۳۹۰). واژنامە پارسی سرە. انتشارات فرهنگستان زبان فارسی.

https://ui.adsabs.harvard.edu/abs/2015SHPSA..51…89J/abstract

britanica dictionary

https://www.space.com/24870-what-is-space.html

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button