
هایدرۆپانێلەکان وەک تەکنەلۆژیایەکی پێشەنگ دەتوانن بەرهەمهێنەری ئاوی خواردنەوە بن.
بیل گەیتس پشتگریی وەبەرهێنانی کردووە و دەڵێت: «لە نزیکەوە چاوەدێریی بیرۆکەی ژیرانەی هایدرۆپانێل دەکەم!».
بەڵام هایدرۆپانێلەکان چین و چ پێوەندییەکان بە پاراستنی ژینگەوە هەیە؟
هایدرۆپانێل یان پانێلی ئاوی هاوشێوەی پانێلی هەتاوییە کە لە هەواوە ئاو بەرهەم دێنێت و تەنیا بە وزەی خۆر کار دەکات.
ئەم کەرەستەیە ئاوێکی خاوێن بۆ خواردنەوەی ئەو کەسانە دابین دەکات کە ئاویان لە بەردەستتدا نییە.
لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی هەتاوییە کە هەڵگری سیستەمێکی پێشکەوتووی فیلتەرە تاکوو هەرکەس لە هەر شوێنێکی جیهان بێبەش بێ لە ئاو، ئاوێکی خواردنەوەی خاوێنی بۆ ئامادە بکات.
بیل گەیتس و هاوپەیمانییەکی وەبەرهێنەری تایبەت، کۆمپانیای پێشکەوتووی وزەیان(BEV)* دامەزراندووە کە ئامانجی سەرەکییەکەی، وەبەرهێنان لەسەر تەکنەلۆژیاگەلێکە کە دژی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرهەمێنانی گازە گوڵخانەییەکانە.
هایدرۆپانێلەکان چۆن ژینگە دەپارێزن؟
ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی هایدرۆپانێلەکانی پێ داڕێژراوە توانایەکی تایبەتی پێ بەخشیوە. هەروەک کە لە وێنەکەدا دەبینرێت، بە پرۆسەیەکی سێ قۆناخی کار دەکەن:
١- هەوای دەوروبەر دەکێشرێتە نێو ئامێرەکە و مادە ئەندازیاریکراوەکان* هەڵمی ئاوی نێو ئەو هەوایە (یان بە واتایەکی دیکە، شێی) هەڵدەمژن. بەم مادە ئاوگرانە شێمژ دەڵێن.
٢ـ گەرمای خۆر هەڵمەکە لە ڕووبەڕەکە جیا دەکاتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەڵمەکە ببێتە تنۆک و بچێتە نێو عەمباری بەشی خوارووی پانێلەکە.
٣ـ لەو عەمبارەوە ئاوەکە لە ڕێی کارتریجی پاڵاوتن بۆ نێو شێر یان ئامێری بڵاوکردنەوەی ئاوەکە پۆمپ دەکرێت. سیستەمی پاڵاوتنەکە هەر خەوش و پیسییەک لەناو ئاوەکەدا هەبێت، دەپاڵێوێت. دەرەنجام، ئاوێکی خاوێن بۆ خواردنەوە ئامادەیە!
وەکوو ئەو بەرمیلانەی باراناو کۆ دەکەنەوە و هەموو سیستەمەکانی دیکەی کۆکەرەوەی باراناو، بەفراو و تەرزە، هایدرۆپانێلەکانیش بەبێ بەتاڵکردنەوەی ئاوی نێو زەوی -ئاوەزێ و بیرەکان- ئاو کۆ دەکەنەوە. ئەمە جیاوازییەکی یەکجار گرینگ و بەرچاوە. گەرچی بەرمیلەکانی کۆکردنەوەی باران و سیستمەکانی دیکە، ئاو بۆ ئاودێرانی باخچە و باخەوانی کۆ دەکەنەوە کە بۆ خواردنەوە ناشێت، هایدرۆپانێلەکان ئاوی تەواو خاوێن و بەبێ مەترسی کۆ دەکەنەوە. بەڵام بەم جیاوازییانەشەوە لە نێوان ئەمانەدا، هەموویان ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە و ئەویش پاراستنی ئاوی ئەو سەرچاوانەیە کە ئێستاکە هەن و ئەم کارە بەشی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ دروست بەکارهێنانی ئاوە.