بابەتتەندروستی

ئەگەر دایمە سەرت لە مۆبایلدایە، ئەم توێژینەوەیە بۆ تۆیە!

 لەم سەردەمەدا، جا چ حەزمان لێ بێت و چ پێمان خۆش نەبێت، مۆبایل و ئامێرە دیجیتاڵییەکان بوونەتە برابەش و هاوڕێی هەمیشەییمان، بەتایبەت کاتێک وەڕەزین و هەست بە بێزاری¹ دەکەین. بەڵام ئایا ئەم ئامێرانە بەڕاستی بێزاریمان چارەسەر دەکەن و لە وەڕەزیمان کەم دەکەنەوە، یان خۆیان هۆکارێکن بۆ زۆرتربوونی ئەم هەستە؟
ئەم توێژینەوەیە پێداچوونەوەیەکی سیستماتیک² بەسەر ۵۹ توێژینەوەی جیاوازدایە کە ۵۱یان چوونە قۆناغی شیکاریی مێتا³ و هەر کامیان لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەو دیاردەیە کردووە و لە پەیوەندیی نێوان “بێزاری” و “بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵی” (وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت) ورد بوونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە بێزاری لێرەدا وەک هەستێکی ناخۆش پێناسە کراوە کە تێیدا کەسەکە هەست دەکات کات بە خاوی تێ دەپەڕێت، بێزارە، یان واتایەک لەو چالاکییەی دەیکات نابینێتەوە.

دەرەنجامە سەرەکییەکان:
١. پەیوەندیی بەهێز: توێژینەوەکە دەریخستووە کە پەیوەندییەکی ئاشکرا و بەرچاو لەنێوان هەستکردن بە بێزاری و “بەکارهێنانی کێشەداری میدیای دیجیتاڵی”دا هەیە. واتە ئەو کەسانەی زۆرتر بێزار دەبن، زیاتر ئەگەری هەیە بە شێوەیەکی ناتەندروست یان کۆنتڕۆڵنەکراو پەنا بۆ مۆبایل و ئینتەرنێت ببەن.
٢. بەکارهێنانی گشتی: تەنانەت لە کاتی بەکارهێنانی ئاسایی ئینتەرنێت و میدیاشدا، پەیوەندییەکی مامناوەند لەگەڵ بێزاریدا هەیە کە دەیسەلمێنێت میدیای دیجیتاڵی بەردەوام وەک ڕێگەیەکی خێرا بۆ هەڵاتن لە بێزاری بەکار دەهێنرێت.
٣. گومان لە چارەسەر: سەرەڕای ئەوەی میدیای دیجیتاڵی وەک ڕێگەیەک بۆ پڕکردنەوەی کات دەردەکەوێت، بەڵام ئەم توێژینەوەیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەم پەیوەندییە ڕەنگە بازنەیەک بازنە یان تەنانەت چەرخەیەکی بەتاڵ بێت، واتە بێزاری مرۆڤ ناچار دەکات پەنا بۆ کەناڵەکان و سۆشیاڵ میدیا ببات و زۆر بەکارهێنانی لاپەڕە و کەناڵەکان ڕەنگە لە کۆتاییدا بێزاری زیاتر بکات، چونکە مێشک بەردەوام پێویستی بە ورووژاندنی نوێ دەبێت.

کۆتایی:
ئەگەرچی ئەنجامەکان دەڵێن باشترە لە بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵدا دەست پێوە بگرین، بەڵام توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە توێژینەوەی زۆرتر بکرێت بۆ ئەوەی بزانین ئایا میدیای دیجیتاڵی بێزارییەکە چارەسەر دەکات یان تەنیا کاتیی دەکات؟ بۆ ئێمەی بەکارهێنەر، گرنگە بزانین کە لە کاتی بێزاریدا پەنابردنە بەر کەناڵ و لاپەڕە و بەگشتی دونیای دیجیتاڵ، ڕەنگە نەبێتە هۆی دڵخۆشییەکی ڕاستەقینە، بەڵکوو تەنیا وەک ئازارشکێنێکی کاتی کار دەکات.

1.systematic review

2. meta-analysis

3. boredom


🖥

 سەرچاوە:
Camerini, A.-L., Morlino, S., &; Marciano, L. (2023). Boredom and digital media use: A systematic review and meta-analysis. Computers in Human Behavior Reports, 11, 100313.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button