بابەتتەندروستی

ئەگەر باز بدەیتە ناو حەوزێکی پڕ لە لیکی مرۆڤ، چی ڕوو دەدات؟

ئەگەر باز بدەیتە ناو حەوزێکی پڕ لە لیکی مرۆڤ، چی ڕوو دەدات؟

لە ژیانماندا چەندە لیک بەرهەم دەهێنین؟ بۆچی ئێمە بە ئاسانی هەست بە لیکی ئەوانی تر دەکەین؟ ئێمە هەموومان ساڵانە بەقەد دوو بانیۆی حەمام لیک بەرهەم دەهێنین، کەواتە ئێمە بۆچی وا هەستیارین کاتێک تەنیا دڵۆپە لیکی کەسێک لە تەنیشتمان دەکەوێت؟

پێداپڕژانی چەند دڵۆپە لیکێک لە کەسێکی زۆربڵێوە ناتوانێ بتکوژێت، بەڵام چی دەبێت ئەگەر لە ناو قەبارەیەکی گەورەی لیکدا بیت؟ دەکرێ تووشی چ جۆرە مەترسییەک ببیت؟

حەوزێکی مەلەی ئاسایی لە ئەمریکا قەبارەیەکی ٥۱۰۰۰ لیتری هەیە (۱۳۰۰۰ گاڵۆنی). ئەگەر تۆ بتەوێت ئەم حەوزە تەنیا بە تفی خۆت پڕ بکەیت ئەوا ۹۳ ساڵی دەوێ، لەبەر ئەوەی مرۆڤ ڕۆژانە ۱.٥ لیتر لیک بەرهەم دێنێت.

کەواتە پێویستیت بە خەڵکی تر دەبێ بۆ یارمەتی. لە یەک کاتدا پێویستیمان بە هەزاران کەس دەبێت کە بەبەردەوامی تف بکەنە ناو حەوزەکە. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو خەڵکەش، هێشتا پێویستیمان بە کاتێکی زۆر هەیە تاکوو حەوزەکە پڕ بێت.

کەوایە هیچ شتێکی تر هەیە ئەم پرۆسەیە خێراتر بکات؟ ئایا بەڕاستی حەز دەکەی مەلەیەک لە ناویدا بکەیت کاتێک کە پڕە؟

ڕەنگە ئارامت نەبێ و نەتوانی چاوەڕێ بکەیت، ئەودەم ڕێگەی زۆر هەن تا بتوانی بڕی لیکی خۆبەخشەکانی پێ زیاد بکەیت، بۆ نموونە پێیان بڵێین ئاوی زیاتر بخۆنەوە و پاشان بەبەردەوامی بنێشت بجوون. بنێشت هانی لیکڕژێنەکان دەدات بۆ ئەوەی کار بکەن و لیکی زیاتر بەرهەم بهێنن.

هەروەها بە خۆبەخشەکان بڵێ دوور بکەونەوە لە خواردنەوەی قاوە و ئەلکول و جگەرەکێشان. دەتوانی چەند خواردنێک لە دەوری حەوزەکە دابنێیت کە بۆن و بەرامەکەی ببێتە هۆی زیاتر ڕژانی لیک وەک لیمۆ و هتد.

پاش ئەوەی حەوزەکە بە تەواوی پڕ دەبێ، هەموو ئەوەی تۆ پێویستت پێیەتی ئەوەیە کە مەلەی تێدا بکەیت. بەڵام کاتێک تەماشای ئەم حەوزە پڕ لیکە مەیلەو شیلەتێنە دەکەیت کە هەر یەکێکیان هەڵگڕی سامپڵی DNA کەسێکی جیاوازە، ڕەنگە بیر بکەیتەوە کە هیچ دەربارەی ئەم تراوە (شلە) نازانیت و سڵ بکەیتەوە و ڕاستەوخۆ باز بدەیتە ناوی. بۆیە سەرەتا ڕەنگە پێویست بکات کەمێک شارەزایی پەیدا بکەیت لەسەری.

لیک سەدا ۹۸ی لە ئاو پێکهاتووە، لەگەڵ دوو لەسەدی تر کە لە شتی تر پێکهاتووە وەک بیکاربۆنات، سۆدیۆم، پۆتاسیۆم و هەندێ پێکهاتەی تر. لیک تەنیا هەندێ خۆراکەکە چەور ناکات تاکوو خۆراکەکە بە ئاسانی قووت بدرێت، بەڵکوو ددان و پووکمان لە ترشەکانی گەدە دەپارێزێت و لە هەر کاتیشدا ملیاردها بەکتریا لە دەمدا ڕادەماڵێ.

دەمی مرۆڤ شوێنێکی گەورەیە و دەتوانێت تاکوو ۷۰۰ جۆری جیاوازی بەکتریا لەخۆ بگرێت، هەروەها یەکێک لە ئاسانترین ڕێگەکان بۆ گواستنەوەی بەکتریا لە ڕێگەی تفە.

ئەمەش تەواوی بیرۆکەی ئەم حەوزی لیکە دەکات بە شتێکی مەترسیدار. هەندێک شتی ئاسایی کە دەتوانرێ لە ڕێگەی لیکەوە بگوازرێنەوە بریتین لە پەتا، ڤایرۆسی هەڵامەت، ڤایرۆسی جگەری B و C، ڤایرۆسی باڵندە و ئیبۆلا.

هەربۆیە دەبێ دڵنیا بیت هیچ جۆرە برینێکی کراوەت نییە کاتێک باز دەدەیتە حەوزەکەوە، تاکوو لە هەموو ئەمانە پارێزراو بیت. ئۆو! بێگومان دەبێ دەمت دابخەیت. تەنانەت ئەگەر دڵنیا بیت لەوەی کە هەموو خۆبەخشەکان سەلامەتن لەم نەخۆشییانەی سەرەوە، تۆ نابێ لیکیان قووت بدەیت.

هەر لەبەر ئەوە نا کە بێز بکەیت، بەڵکوو دەبێتە هۆی وشکبوونەوەشت. لیک بڕێکی زۆر ئەنزیم و پرۆتینی تێدایە، بە خواردنەوەی وا دەکات شلەکانی جەستەت هاوسەنگی لە دەست بدەن و لە بری ئەوەی شلەکان بڕژێنە خانە وشکبووەکان، بڕژێتە ناو لیکە قووت دراوەکە، تاکوو هاوسەنگی بکات.

ئەزموونی بازدانە ناو حەوزی پڕ لیک، وەکوو بازدانە بۆ ناو حەوزی ئاوێکی چەور و خەستە، هەر بۆیە پێویستت بە داخەری لووت دەبێ. لەبەر ئەوەی لیک بڕێکی زۆری بەکتریای تێدایە، بۆیە بۆنێکی زۆر ناخۆشیشی هەیە، جا لەبەر ئەوە خێرا پاش مەلەکردن پێویستت بە شۆردنەوە دەبێ، چونکە بۆنەکە زۆر ناخۆشتر دەبێ ئەگەر پێتەوە وشک بێتەوە.

ئامادەکردن: عەبدوڕەحمان زەمینی
وشەکان:
لیکەڕژێن: salivary glands
لیک: saliva

سەرچاوە:https://insh.world/science/what-if-you-jumped-into-a-pool-filled-with-human-saliva/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button