بابەتمێشک

توندوتیژیی سێکسی

توندوتیژیی سێکسی، کردەوەیەکی سێکسییە کە حەز و ئازادیی دوولایەنەی تێدا نەبێت و هەست بە تووڕەیی و زۆرەملێیی لە لایەنێکەوە و بۆ لایەنێکی دیکەی تێدا بکرێت.
توندوتیژیی سێکسی دەتوانێت لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا ببێت و کاریگەری لەسەر هەر ڕەگەزێک لە هەر تەمەنێک دابنێت.
کەسێک کە توندوتیژی دەکات، دەتوانێت دۆست، هاوکار، هاوسێ یان تەنانەت یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە بێت.

توندوتیژیی سێکسی بۆ خۆی کێشەگەلێکی گەورەی بەدواوەیە، بەڵام ئەو کاتە کێشەکە گەورەتر دەبێتەوە کە قوربانی لەبەر ترس و شەرم، کەسانی متمانەپێکراوی دەوروبەری ئاگادار نەکاتەوە و لە ڕووی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە نەکات.

توندوتیژیی سێکسی دیاردەیەکی باوە و بەپێی ئەم توێژینەوەیە، لە هەر ۳ ژندا، ۱ ژن و لە هەر ٤ پیاودا، ۱ پیاو لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە؛ و لە هەر ٥ ژندا، ۱ ژن و لە هەر ۳٨ پیاودا، ۱ پیاو تووشی دەستدرێژیکردنەسەر دەبێت. وا دیارە ئەم ئامارانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و بۆ شوێنگەلێک کە لە بواری یاسایی و کەلتوورییەوە، کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارانەتر بێت، دەتوانێت ئاماری توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زۆرتر بێت؛ یان کۆمەڵگەیەک کە لە بواری پەروەردەوە کێشەی زۆرتری ببێت، لەوانەیە توندوتیژیی زۆرتری تێدا ڕوو بدات.

لە ئاکامی توندوتیژیی سێکسیدا، قوربانییەکان تووشی ئازاری جەستەیی وەکوو ئازارگەیشتن بە کۆئەندامی زاوزێ و ئازاری ڕۆحی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن؛ و هەندێک جار قوربانیگەلێک کە تووشی ئازاری زۆر دەبن و یارمەتییەک وەرناگرن خۆکوژی دەکەن.
قوربانییەکان لەوانەیە لە پێوەندییە کەسییەکانیان تووشی کێشە ببن و یا نەتوانن بەئاسوودەیی و ئاسانی بگەڕێنەوە شوێنی کار و قوتابخانەیان؛ کە بەئەستەم هەستی باش و ئاسایی پێش توندوتیژی بەدەست دەهێننەوە.
هەروەها کەسانێک کە تووشی توندوتیژیی سێکسی دەبن، لەوانەیە زۆرتر تووشی جۆرەکانی تری توندوتیژیش ببن.

لەم ڕۆژانەدا، بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە، چیرۆکی دەستدرێژییەکی زۆرمان بیستۆتەوە، زیانەکانی دوای توندوتیژی هەم بۆ کۆمەڵگە لە بواری ئابووری و هەم بۆ ژیانی کەسی قوربانی، زۆرە و بۆیە پێشگرتن زۆر بەسوودترە. بێگومان پەروەردە و یاسای دروست تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێت کاریگەر بێت.
بۆ کۆمەڵگەی خۆمان کە لەبواری یاسایی و پەروەردەوە کێشەی زۆرتری هەیە؛ کاتی ئەوە نەهاتووە، ڕۆشنبیران و پسپۆڕان لە هەموو بوارەکانەوە زۆرتر لەسەری قسە بکەن؟

Sexual violence توندوتیژیی سێکسی
Rape دەستدرێژیی سێکسی

ئامادەکردن: هانا جاری

سەرچاوە:
https://www.cdc.gov/violenceprevention/sexualviolence/fastfact.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button