بۆچی وا دەردەکەوێت تەشەنەی کۆڤید لەم زستانەدا خراپتر ببێت؟

بۆچی وا دەردەکەوێت تەشەنەی کۆڤید لەم زستانەدا خراپتر ببێت؟

بۆچی وا دەردەکەوێت تەشەنەی کۆڤید لەم زستانەدا خراپتر ببێت؟

هێشتاکە زووە بڵێین کۆڤید وەکوو ئەنفلۆنزا پەتایەکی وەرزییە، بەڵام لەو شوێنانەی گردبوونەوەکان (ئاپۆڕەی خەڵک) لەژێر چاودێریدا نین، ڕێژەی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.

لە نیوگۆی باکووریی زەویدا زستان وا بەڕێوەیە و توێژەران هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەگەری هەیە تەشەنەی کۆڤید۱۹ بەرەو خراپی بچێت، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

دەیڤید ڕێڵمان، مایکرۆبایۆلۆجیست لە زانکۆی ستەنفۆڕدی کالیفۆڕنیا دەڵێت: ”ڤایرۆسەکە بڕیارە جێ خۆش بکات، ئێمە چاوەڕوانی چەند مانگی دژوارین.“

ئەو چڵککردنانەی لە زۆربەی ڤایرۆسە هەناسەییەکان، وەکوو ئەنفلۆنزا و هەندێک لە کۆرۆناڤایرۆسەکانەوە، سەرچاوە دەگرن، لە وەرزی زستاندا هەڵدەکشن و لە وەرزی هاویندا دادەبەزن. توێژەران دەڵێن هێشتا زووە کۆڤید بخرێتە ڕیزی ڤایرۆسە وەرزییەکانەوە، بەڵام بەڵگەکان لەسەر بنەمای چۆنیەتیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی خەڵک لە مانگە ساردەکاندا باس لەوە دەکەن کە کاریگەرییەکی بچووکی وەرزی لەوانەیە ببێتە هۆی تەشەنەی بەربڵاوتر لە زستاندا.

ماوریسیۆ سانتیلانا، بیرکاریزانێکی کۆلێژی پزیشکیی هارواردی بۆستۆن، لە ویلایەتی ماساچۆسێت، کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مۆدێلسازی دەکات، دەڵێت: ”خەڵک لە زستاندا زۆرتر لە ژوورگەلێکی بە هەواگۆڕکێی لاوازەوە دەمێننەوە و ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە زۆرتر دەکات“.

بەڵام ڕەیچڵ بەیکر، ئێپیدێمیۆلۆجیست لە زانکۆی پرینستۆنی نیوجێرسی دەڵێت: ”تەنانەت ئەگەر کاریگەرییەکی وەرزیی لاوازیش هەبێت، هاندەری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی زۆرتری ڤایرۆسەکە ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵکن کە هێشتا ئامادەیی تووشبوون تێیاندا زۆرە“. ئەمە بەو مانایەیە کە خەڵک لەو شوێنانەی کە پێ دەنێنە هاوینەوە، نابێ زۆر ئەرخەیان بن.
بەیکر دەڵێت: ”هەتا ئێستاش گەورەترین هۆکار کە کاریگەریی هەیە لەسەر پانتایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ڕێکارە کۆنترۆڵییەکان، وەکوو ڕەچاوی مەودای کۆمەڵایەتی و بەستنی دەمامکن.“

Infection: (هەوکردن (چڵککردن
Outbreak: دەرکەوتنی لە ناکاو/ تەشەنە
Transmission: گواستنەوە
Social distancing: مەودای کۆمەڵایەتی
ئامادە کردن: یاسا پیرووزی
سەرچاوە: https://www.nature.com/articles/d41586-020-02972-4