بابەتمێشک

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر کەس خەمی قسەی خەڵکییەتی!!

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر کەس خەمی قسەی خەڵکییەتی!!

چۆن دەتوانین، پەرۆشی بۆچوونی خەڵک سەبارەت بە خۆمان نەبین؟
ئەگەر دەتهەوێت باشترینی خۆت بیت و لە بەرزترین ئاستی خۆتدا هەڵسوکەوت بکەیت، ترس لە قسەی خەڵک دەتوانێت تۆ بەرەو دواوە ببات.
ترسی ئێمە لە قسەی خەڵک لە جیهانی مۆدێڕندا کەڵکەڵەیەکی نالۆژیکی و بێکەڵکە.
ئەگەر تا دێت کەمتر گوێ بەو شتانە بدەیت کە “تۆ” پێک دەهێنن (بەهرەکانت، باوەڕەکانت و بەهاکانت) و دەست بکەیت بە گونجاندنی خۆت لەگەڵ قسە و قسەڵۆکی خەڵکی، زیان بە تواناکانی خۆت دەگەیەنیت.
تۆ دەکەویتە خۆبواردن چونکە دەترسیت گاڵتەت پێ بکرێت یان پەسەند نەکرێیت.
بەداخەوە ترس لە قسەی خەڵک، بەشێک لە بارودۆخی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی ئێمە خەریکین بە مێشکێکی کۆنەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. تامەزرۆیی پەسەندکرانی کۆمەڵایەتی، باوباپیرانی ئێمەی بەپارێز و وریا کردەوە؛ هەزاران ساڵ لەمەوپێش ئەگەر بەرپرسیارەتیی سەرنەکەوتنی ڕاوێک بکەوتایە سەر شانت، لەوانەبوو پێگەت لە نێو هۆزەکەتدا بکەوێتە مەترسییەوە. ئارەزووی خۆگونجاندن و ترسی ئیفلیجکەری خۆشنەویستن، توانای ئێمە بۆ هەوڵدان و پێکهێنانی ژیانی مەبەستمان لاواز دەکات.
ئەگەر پێت وایە تۆیش لە قسەی خەڵکی دەترسیت، ڕێگەگەلێک هەن کە دەتوانن کاردانەوە سترێساوییەکانت کەم بکەنەوە. کاتێک ئاگاداری بیری خۆتیت و خۆت بە ڕستەگەلی خۆباوەڕانە ڕێنوێنی دەکەیت (من وتاربێژێکی باشم، من زۆرم هەوڵ داوە بۆیە دەتوانم متمانە بە تواناکانی خۆم بکەم، من قسەی زۆرم بۆ وتن هەیە، من بەتەواوی ئامادەی سەرکەوتنم)، ئەو ڕستانە یارمەتیت دەدەن لەبری قسەی خەڵک، سەرنجت لەسەر شارەزایی و تواناییەکانی خۆت ببێت.
بەڵام ئەگەر بەڕاستی دەتهەوێت بەسەر ترس لە قسەی خەڵکیدا زاڵ بیت، دەبێت خۆئاگاییەکی زۆرتر لە خۆتدا پەروەردە بکەیت. دەتوانیت پەرە بە فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆت (وشە یان دەستەواژەیەک کە دەربڕی باوەڕ و بەها بنەماییەکانتە) بدەیت.
کاتێک پەرەت دا بە فەلسەفەی تایبەت بە خۆت، بەڵێن بە خۆت بدە کە بەپێی بنەماکانی ئەو فەلسەفەیە بژیت. لە ماڵەوە دەست پێ بکە. هەستی خۆت دەرببڕە بۆ ئەو کەسەی خۆشت دەوێت، لە شاییدا هەڵپەڕە، ڕیسک بکە، لەگەڵ ڕێزمدا سەیر‌وسەمەرە بە و پاشان لە شوێنی کارەکەتدا تاقیی بکەوە. وتارێک پێشکەش بکە، بەرەو پێشکەوتن هەنگاو هەڵبێنە، ئەو کارانە بکە کە بیروبۆچوونی خەڵکییان لێ دەکەوێتەوە. کاتێک کە هەستت کرد ترس لە قسەی خەڵک خەریکە پاشەکشێت پێ دەکات، بە ئاسانی دانی پێدا بنێ و جارێکی تر خۆت پابەندی فەلسەفە و ئامانجە مەزنەکەت بکە.
هەروەها بۆ ئەو هەنگاوە، لیستێکی بچووک لەو کەسانەی کە بۆت گرینگن ساز بکە و ڕەخنە و پێشنیاریان لێ وەرگرە. کاردانەوەی ڕاستگۆیانە پاژێکی گرنگی سەروەرییە. کەسانێک کە لە ناو لیستەکەتدان دەبێت هەستێکی باشیان هەبێت سەبارەت بە “تۆ”ی ڕاستەقینە و ئەو کەسەی کە هەوڵ دەدەیت ببیت.
زیاتر لە هەموو شتێک، لە بیرمان بێت کە گەشەکردن و فێربوون کاتێک دەستەبەر دەبێت کە بەوپەڕی توانامانەوە کار و تێکۆشانمان ببێت.

ئامادەکردن: ئەندیشە ڕەحیمی جەمال

https://hbr.org/2019/05/how-to-stop-worrying-about-what-other-people-think-of-you?utm_source=facebook&utm_campaign=hbr&utm_medium=social

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button