Close

پیسبوونی ژینگە

💢پیسبوونی ژینگه

  • پیسبوونی ژینگە یان پیسکردنی ژینگە لە ڕێگەی هەندێک ماددەی زیانبەخش ڕوو دەدات کە ئەم ماددە زیانبەخشانە دەتوانن لە سروشت یان لە چالاکیی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرن.
    ئەم ماددە زیانبەخشانە کە پێیان دەوترێت پیسکەرەکان، دەبنە هۆی گۆڕان و نزمبوونەوەی کوالێتی هەوا، ئاو و خاک.
    پیسبوونی ژینگە کێشەیەکی جیهانییە، ئاو و هەوا، پیسییەکان دەگوازنەوە و بەم هۆکارەش تەنانەت لەو شوێنانەی کە مرۆڤ تێیدا ناژیت بڵاو دەبنەوە.
    کەواته پیسبوونی ژینگە بریتییە لە پیسبوونی ئاو، پیسبوونی هەوا و پیسبوونی خاک.
    پێشتر سەبارەت بە پیسبوونی ئاو قسەمان کردبوو، ئێستا سەبارەت بە پیسبوونی هەوا دەدوێین.

 

پیسبوونی هەوا

پیسبوونی هەوا:

هەندێک جار پیسبوونی هەوا به هۆی دووکەڵی کارخانەیەک ڕوو دەدات کە ئاشکرایە و دەبینرێت بەڵام زۆر جاریش نابینرێت. ئەو دیاردەیە تەنانەت ئەگەر نەشبینرێت، دەکرێت مەترسیدار بێت و دەتوانێت ببێتە هۆی کزەکزی چاوەکانی مرۆڤ، ئەستەمکردنی هەناسەدان و هەروەها دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بەرز بکاتەوە.

هۆی سەرەکیی پیسبوونی هەوا، چالاکییەکانی مرۆڤە وەک سووتانی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان. کاتێک کە ئوتۆمبێل، گازۆلین دەسووتێنێت، کاربۆن مۆنۆئۆکساید کە گازێکی بێڕەنگ و بێبۆنە و بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیانی هەیە، بەرهەم دێت. ئوتۆمبێل و کارخانەکان و هەندێک لە پیسکەرەکانی دیکەش وەک نیترۆجین ئۆکساید، سوولفۆر دی ئۆکساید و هایدرۆکاربۆن بەرهەم دەهێنن. ئەم ماددە کیمیاییانە لە ڕێگەی کاردانەوەیان لەگەڵ تیشکی خۆر دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی دووکەڵەمژ، تەمێکی ئەستوور یان تەمومژی پیسیی هەوا. ڕەنگی دووکەڵەمژ بەپێی ئەوەی کە کام یەک لە پیسکەرەکانی تێدایە دەتوانێت قاوەیی یان خۆڵەمێشی بێت. دووکەڵەمژ، هەناسەدان بەتایبەت بۆ منداڵان و بەساڵاچووان ئەستەم دەکاتەوە.

کاتێک کە پیسکەرەکانی هەوا وەک نیترۆژجین ئۆکساید و سوولفۆر دی ئۆکساید لەگەڵ شێ تێکەڵ دەبن، ئەسید بەرهەم دەهێنن کە لە ڕێگەی بارانی ئەسیدییەوە بۆ سەر زەوی دەگەڕێنەوە؛ هەندێک جاریش “با”، بارانی ئەسیدی بۆ شوێنەکانی دوورتر لە سەرچاوەکەی دەگوازێتەوە. بارانی ئەسیدی دەتوانێت تەواوی دارەکانی دارستانێک لەناو ببات و هەروەها کوالێتی ئاوەکانی ڕووبەری زەوی تا ئاستێکی زۆر دابەزێنێت؛ بۆ نموونە کاتێک کە گۆل و گۆماوەکان ئەسیدی دەبن، زیندەوەرەکانی ناویشی وەک ماسییەکان دەمرن. بۆیە دەوڵەتەکان هەوڵیان داوە بە دانانی یاساگەلێک، بڵاوکردنەوەی زۆری پیسکەرەکان بۆ ناو هەوا کەم بکەنەوە، لە ئەورووپا و ئەمریکای باکوور تا ڕادەیەک کاریگەر بووە بەڵام بڵاوبوونەوەی پیسکەرەکان لە وڵاتانی گەشەئەستێن بەتایبەت وڵاتانی ئاسیایی، هێشتا کێشەیەکی قورس و قووڵ و سەرەکییە.

گازە گوڵخانەییەکان یەکێکی دیکە لەو سەرچاوانەن کە هەوا پیس دەکەن. لە ڕاستیدا دەستەیەک لە گازەکان وەک مێتان و کاربۆن دی ئۆکساید لە بەرگەهەوای زەوی بوونیان هەیە و بۆ ژیان لەسەر زەوی پێویستن. ئەم گازانە تیشکی خۆری هەڵگەڕاوە لەسەر زەوی دەگرنە خۆیان و دەبنە هۆی پاراستنی گەرما لە بەرگەهەوای زەوی و گەرمای پێویست بۆ ژیان لەسەر زەوی دابین دەکەن کە بەم پرۆسەیە کارتێکەریی گوڵخانەیی دەوترێت. کێشە کاتێک ساز دەبێت کە ڕێژەی ئەم گازە گوڵخانەییانە لەناو بەرگەهەوای زەوی زۆر ببێت کە چالاکییەکانی مرۆڤ وەک سووتانی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان و بنبڕکردنی دارستانەکان، ڕێژەی ئەو گازانەی لەناو هەوادا زیاد کردووە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە مامناوەندیی پلەی گەرمیی هەوا لە تەواوی دونیادا بەرز بێتەوە و ببێتە هۆی گەرمبوونی زەوی. گەرمبوونی زەوی بووەتە هۆی توانەوەی سەهۆڵەکان و ئەمە ئاستی دەریاکانی دوو میلیمەتر بەرز کردووەتەوە. ئەم گۆڕانکارییانەی ئاووهەوا لە هەندێک شوێنی زەوی، دەبێتە هۆی لافاو و هەستانی زۆرتری ئاو و لە هەندێک شوێنیش دەبێتە هۆی وشکەساڵیی زۆرتر.

pollutants پیسکەرەکان
smog دووکەڵەمژ
haze تەمومژ
developing گەشەئەستێن
reflected هەڵگەڕاوە
greenhouse effect کارتێکەریی گوڵخانەیی
global warming گەرمبوونی زەوی

ئامادەکردن: هانا جاری

هەڵەگر:
هێمن عەبدوڵڵاپوور
حەسەن مووسازادە

سەرچاوە:
https://www.nationalgeographic.org/encyclopedia/pollution/

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *