بابەتژینگە

دوورگەی ٢٥ ملیار پاوندیی وزە لە دانمارک

دوورگەی ٢٥ ملیار پاوندیی وزە لە دانمارک

دوورگەیەکی دەستکرد لە وڵاتی دانمارک وەک یەکەمین دوورگەی هێزی جیهان و هەروەها وەک گەورەترین پرۆژەی بیناسازیی مێژووی ئەم وڵاتە، دەبێتە دەروازەی وزەی پاک لە دەریای باکوور.

حکوومەتی دانمارک بڕیاری دا زۆربەی تێچووی پرۆژەیەکی ٢٥ ملیار پاوندی لە ئەستۆ بگرێت کە بە نیازە لەناو ئاوی دەریای باکوور بە مەودای ٨٠ کیلۆمەترەوە لە کەناراو، دوورگەیەکی دەستکرد درووست بکات.

ئەم دوورگەیە لە ڕۆژاوای نیودوورگەی یوتلاند هەڵکەوتووە و ڕووبەرەکەی ١٢٠ هەزار مەتری دووجا (بە قەدەر ١٨ گۆڕەپانی تۆپێنە) دەبێت و لە قۆناغی یەکەمدا کارەبای ٣ ملیۆن ماڵ لە وزەی سەوز دابین دەکات.

بۆ ئەوەی لە با و زریانی دەریای باکوور پارێزراو بێت، لە سێ لاوە بە دیواری بەرز دەوری گیراوە.

لە گرێبەستی ئەم پرۆژەیەدا کە ڕۆژی چوارشەمە ئەنجام درا، حکوومەتی دانمارک بڕیاری دا ٥١ لەسەدی تێچووەکەی دابین بکات و ئەوەی ماوەتەوە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دابین بکرێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکانی دانمارک، دان یۆرگنسن ڕایگەیاند: “ئەمە گرێبەستێکی مێژوویی بۆ دانمارک و بۆ وزەی جیهانە”. هەروەها ڕایگەیاند: “ئەم پرۆژەیە کە بە ناوی «ناوکی وزەی دەریای باکوور»ەوە ناوزەد کراوە، گەورەترین پرۆژەی بیناسازیی مێژووی دانمارکە و دەتوانێت لە وزەی بای دەریای باکوور سوودێکی زۆر وەربگرێت.

” ئێمە یەکەم وڵات بووین کە لە ساڵی ١٩٩١دا لەناو دەریا وێستگەی وزەی بامان لێ دا و ئێستاش بۆ هەنگاوێکی نوێ پێشەنگین”.

ئەم گەڵاڵەیە لە قۆناغی یەکەمدا ٤ گیگاوات کارەبای وزەی با بەرهەم دەهێنێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بگاتە ١٠ گیگاوات.

دانمارک بە نیازە تاکوو ساڵی ٢٠٣٠، ڕێژەی گازی گوڵخانەیی خۆی لەچاو ساڵی ١٩٩٠، ٧٠ لەسەد کەم بکاتەوە و ئەو وێستگەیەش یارمەتییەکی باش دەدات بۆ بەدیهاتنی ئەم مەرجە.

ئامادەکردن: کەریم بایرامی

سەرچاوە:
https://www.theguardian.com/environment/2021/feb/04/denmark-strikes-deal-on-25bn-artificial-wind-energy-island

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button