بابەتمێشک

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

پاڵپشتیی فرەزمانی لە پێناو گشتگیریی خوێندن و کۆمەڵگەدا

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات کە زمانەکان و فرەزمانی دەتوانن پرسی گشتگیری پێش بخەن. هەروەها جەختکردن لەسەر پرۆژەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ ئەوەیە کە هیچ کەس بێبەش نەبێت و بەجێ نەمێنێت. ڕێکخراوەی یوونێسکۆ پێی وایە، پەروەردە لەسەر بنەمای زمانی یەکەم یان زمانی دایکی، دەبێت لە ساڵانی سەرەتای منداڵییەوە دەست پێ بکات و پەروەردە بناخەی فێربوونە.

 

لە بەرنامەی ئەمساڵدا، لە سیاسەتوانان، پەروەردەکاران و مامۆستایان، دایک و باوکان و خێزانەکان داوا دەکرێت تاوەکوو زیاتر پابەند بن بە پەروەردەی فرەزمانی و گشتگیری لە پەروەردەدا بۆ ئەوەی کە لە بارودۆخی پەتای کۆڤید ١٩دا پرۆسەی گەڕانەوە بۆ خوێندن باشتر و بەهێزتر جێبەجێ بکرێت. ئەم هەوڵە هەروەها خزمەتی ئەو پلانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بە ناوی «دەیەی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زمانە خۆجێییەکان» لە ٢٠٢٢ تاوەکوو ٢٠٣٢ جێبەجێ دەکرێت. لەم پلانەدا، کە ڕێکخراوی یوونێسکۆ ڕێبەرایەتیی دەکات، فرەزمانی کراوەتە کرۆک و بناخەی گەشەکردنی خەڵکانی خۆجێیی.

 

پاراستنی فرەچەشنیی زمانی

زمانەکان، بە هۆی ئەو دەورە گرنگەی کە لە بوارەکانی ناسنامە، پەیوەندی و ڕاگەیاندن، بەشداریکردن لە کۆمەڵگە، پەروەردە و گەشەپێداندا دەیگێڕن، گرنگییەکی ستراتیژییان بۆ مرۆڤایەتی و هەسارەکەمان هەیە. بەڵام، بە هۆی پرۆسەکانی بەجیهانیبوونەوە، زمانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەژێر هەڕەشەدان، یان خەریکن پێکەوە لەناو دەچن. کاتێک زمانەکان کاڵ دەبنەوە، فەرشی نەخشینی جیاوازیی کولتووریش لە جیهانی ئێمەدا کاڵتر دەبێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، کۆمەڵێک دەرفەت، نەریت، بیرەوەری، شێوازی بێوێنەی بیرکردنەوە و دەربڕین (کە پێداویستیی بەنرخن بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر) لەناو دەچن.

 

دوو هەفتە جارێک، زمانێک دەفەوتێت و لەگەڵ خۆیدا کۆی میراتێکی کولتووری و ڕۆشنبیری دەباتە گۆڕەوە. لانیکەم، سەددا ٤٣ی ئەو ٦٠٠٠ زمانەی کە لە جیهاندا قسەیان پێ دەکرێت، ئێستا لە مەترسیدان. تەنیا چەندسەد زمانێک بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە سیستەمی پەروەردە و حکوومەتدا جێگیر کراون و کەمتر لە سەد زمان لە جیهانی دیجیتاڵدا بەکار دەهێنرێن.

 

کۆمەڵگە فرەزمان و فرەکولتوورەکان بە هۆی زمانەکانیانەوە زیندوون و لە ڕێگەی زمانەوە زانیاری و کولتووری دێرینیان دەگوازنەوە و دەیپارێزن.

 

مێژووی ئەم ڕۆژە

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩٩٩وە لە کۆبوونەوەی گشتیی «ڕێکخراوەی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان»دا (یوونێسکۆ) ڕاگەیێندرا. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی ساڵی ٢٠٠٢ی خۆیدا پێشوازیی لە دیاریکردن و ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە کرد.

 

لە ١٦ی مانگی مەیی ٢٠٠٧دا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی ژمارە A/RES/61/266ی خۆیدا داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد تاوەکوو «تێ بکۆشن بۆ بەرزڕاگرتن و پاراستنی هەموو ئەو زمانانەی کە گەلانی جیهان بەکاریان دەهێنن». لە هەمان بڕیارنامەدا، کۆمەڵەی گشتی، ساڵی ٢٠٠٨ی وەک ساڵی جیهانیی زمانەکان دەستنیشان کرد، بە مەبەستی پاڵپشتیی یەکڕیزی لەپاڵ فرەچەشنی و تێگەیشتنی نێودەوڵەتیدا، لە ڕێگەی فرەزمانی و فرەکولتوورییەوە. کۆمەڵەی گشتی هەروەها یوونێسکۆی وەکوو دەزگای بەڕێوەبەریی چالاکیەکانی ئەو ساڵە دەستنیشان کرد.

ئەمڕۆکە هۆشیارییەکی ڕوولەگەشە هەیە سەبارەت بەوەی کە زمان دەوری سەرەکی دەگێڕێت لە گەشەکردن، دەستەبەرکردنی فرەچەشنیی کولتووری و دیالۆگی نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا. هەروەها، دەورێکی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی هاوکاری و دابینکردنی پەروەردەی بەکوالێتی بۆ هەمووان، لە بنیاتنانی کۆی مەعریفە گشتگیرەکان و پاراستنی میراتی کولتووریدا. جیا لەمە، زمان دەورێکی بەهێز دەگێڕێت لە جووڵاندنی ئیرادەی سیاسی بۆ سوودوەرگرتن لە زانست و تەکنەلۆجیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی بەردەوام.

ئامادەکردن: کوورش عەبدی

سەرچاوە:
https://www.un.org/en/observances/mother-language-day

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button