بابەتتەکنەلۆجیا

کارەبایەک که با دەیهێنێت و “بنی له ئاو دایه!”

با، سەرچاوەیەکی خاوێن، هەرزان، بەڵام ئاڵۆزی وزەیه. بەو مانایە که قەت ناتوانی به دڵنیاییەوە بڵێیت کەی با دێت. بەڵام ئەندازیارانی ئەورووپی چارەسەری کێشەی ئاڵۆزی وزەی بایان به “هایدرۆپاور” کردووه. بنەمای بیرۆکەکه ئاوایه: ئەو کاتانەی که بای خێرا و بەهێز دێت، کارەبای پێویست وەردەگیرێت و بەو بڕە کارەبایەی کە دەمێنێتەوە پۆمپێکی ئاو دەخرێتە کار تا ئاوێکی زۆر بگوازێتەوە بۆ بەرزاییەکی دیاریکراو. کەواته ئاو لێرەدا وەک باترییەکی گەوره دێتە ئەژمار بۆ ئەو کاتانەی کە با نایەت، یان خێرایی کەمە، بە بەردانی ئاو له بەرزایی، کارەبای پێویست بەرهەم دێت و کێشەی کەمبوونی با قەرەبوو دەکرێتەوە.

دوو کۆمپانیای (جەنەرال ئەلیکتریک) و (ماکس بۆئێل ویند)، گرێبەستێکیان واژوو کرد تاوەکوو یەکەم هێزگەی کارەبایی ئاو-با به شێوازێکی نوێ دابمەزرێنن. چوار تۆرباینی بایی له ڕێگەی تۆڕێکی کارەباوه بە یەکەوە دەبەستنەوە و تۆرباینێکی ئاویش به چەشنێک کە ئاماژەی پێ کرا، پشتیوانییان لێ دەکات.
تۆرباینه باییەکان، بە شێوازێکی تایبەت داهێنانیان بۆ کراوە و له دنیادا هاوتایان نییه. لە ڕووی قەبارەوە ئەوان بەرزترین تۆرباینێکن که تا ئێستا بەرهەم هاتوون و ١٧٨ مەتر بەرزن (کاتێک یەکێک لە پەڕەکان لە بەرزترین ئاستی خۆیدا وەستابێت). هەروەها تۆرباینەکان بنیان له ئاو دایە! له ژێر هەر کامیان تانکێکی ئاو بە بەرزایی ٤٠ مەتر هەیە که ٦ ملیۆن لیتر ئاو لەخۆ دەگرێت. بێجگە لەوەش هەر تۆرباینێک لە بەر دەمی خۆی هەسێڵێکی ئاوی هەیە که ٣٥ ملیۆن لیتر ئاو دەبات.
کاتێک کارەبایەکی زۆرتر له بەرهەمی تۆرباینەکان پێویست بێت، ئاو له سەرچاوەکانی سەرەوه بەر دەدرێت بۆ خوارەوە و تۆرباینی ئاو بە وزەیەکی زیاتر کارەبا بەرهەم دەهێنێت. کاتێکیش بەرهەمی کارەبای تۆرباینی با زیاترە له ڕادەی پێویست، لەو کارەبا زیادییە، ئاو له خوارەوە پۆمپ دەکرێت بۆ سەرەوە تا هەسێڵەکان و تانکەکان پڕ بکاتەوە، واتا باترییە ئاوییەکان بارگاوی دەکاتەوە. کارکردنی هاوکاتی هەر دوو جۆری تۆرباین دڵنیامان دەکات که هەموو کات کارەبامان هەیه.
بۆ ئەوەی لە کاری ئەو سیستەمە دڵنیا بن، دەبێ تانکەکان و هەسێڵە دەستکردەکانی ئاو، لانیکەم ١٨٠ مەتر بەرزتر له ڕووبەری ئاوی بندەست بن. بۆ ئەم مەبەستە دارستانی “سوابیان” هەڵکەوتوو له وڵاتی ئاڵمان، وەک جێگەیەکی گونجاو دەستنیشان کراوە. به دامەزراندنی تۆرباینە باییەکان لەسەر گردەکان، ١٦ مێگاوات و له تۆرباینی ئاوی خوارەوەش ١۳.٦ مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت. بەم شێوەیە کارەبایەک بەرهەم دێت که با دەیهێنێت و کورد وتەنی “بنی له ئاو دایە!”.

ئامادەکردن: کەریم بایرامی

سەرچاوە:
https://www.ge.com/news/reports/unique-combo-wind-hydro-power-revolutionize-renewable-energy

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button