بابەتگەردوونناسی

دۆزینەوەی مەیدانی مەگناتیکیی بەهێز لە دەوری کونەڕەشدا

 

دوو ساڵ لەمەوبەر بوو کە بۆ یەکەم جار وێنەی کونەڕەشێک لە ناو بۆشاییدا گیرا . M87* کە ناوی ئەو کونەڕەشەیە ٥٥ ملیۆن ساڵی ڕووناکی لە ئێمەوە دوورە.

دۆزینەوەی مەیدانی مەگناتیکیی بەهێز لە دەوری کونەڕەشدا

ساڵی ڕابردوو خەڵاتی نۆبڵی فیزیک پێشکەش کرا بە توێژەرانی بواری کونەڕەش کە گرنگیی تایبەتیی ئەم بوارە نیشان دەدات .

ئێستا، بۆ یەکەم جار، توێژەران توانیویانە مەیدانێکی بەهێزی مەگناتیکی لە دەوری کونەڕەشی M87* بدۆزنەوە. ئەم مەیدانە مەگناتیکییە بەھێزە لە جەمسەربوونی ڕووناکییەکەوە کە پێمان گەیشتووە خۆی نیشان دەدات. ئەم دۆزینەوەیە نیشان دەدات مەیدانی مەگناتیکیی لێواری کونەڕەشەکان ھێندە بەھێزە کە دەتوانێت گازە زۆر گەرمەکانی دەوری کونەڕەشەکە ڕاگرێت و نەھێڵێت ھێزی کێشی زەبەلاحیان گازەکە ھەڵبمژێت .

دۆزینەوەی مەیدانی مەگناتیکیی بەهێز لە دەوری کونەڕەشدا

بۆ تێگەیشتنی زیاتر و شرۆڤەی باسەکە بە زمانی سادە، درێژە بە خوێندنەوە بدە:

? جەمسەربوون چییە؟

ڕووناکی شەپۆلێکی کارۆمەگناتیکییە. واتە ھەم مەیدانی کارەبایی تێدایە و ھەم مەیدانی مەگناتیکی. شەپۆلی ڕووناکی وەک شەپۆلی ئاو، ھەڵبەز دابەز دەکات، بەڵام بەو جیاوازییەی کە ئاراستەی ھەڵبەز دابەزی شەپۆلی کارۆمەگناتیکی بەرفراوانترە. جەمسەربوون بە ئاراستەی ھەڵبەزدابەزی شەپۆل دەوترێت. جەمسەربوونی شەپۆلی کارۆمەگناتیکی، تایبەتمەندییەکی گرنگی تیشکی ڕووناکییە کە لە تەکنەلۆجیادا زۆر کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

وێنەگرتن لە کونەڕەشەکان کارێکی زۆر ئەستەمە و وێنەگرتن لە جەمسەربوونی ڕووناکییەک کە لە کونەڕەشێکی ھێندە دوورەوە دێت، لەوەش ئەستەمترە.

? چۆن وێنەی کونەڕەش بگرین ؟

“کونەڕەشەکان تاریکن. چۆن بتوانین لە شتێک کە تاریکە وێنە بگرین؟ وەڵام ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین لە ئاسۆی ڕووداوی دەوری کونەڕەشەکان وێنە بگرین لەو کاتەدا کە لە دەوری کونەڕەشەکاندا گاز و ماکی تر بوونی ھەبێت. ئەم ماکانە کاتێک ڕادەکێشرێنە ناو کونەڕەشەکانەوە، دەخولێنەوە و خێراییان زۆر دەڕواتە سەرەوە. ھەر بۆیەش دەدرەوشێنەوە و ڕووناکی دەردەدەن و ئەو جار دەتوانین ئاسۆی ڕووداوی کونەڕەشەکان ببینین.

ھەڵبەت بینینی ئاسۆی ڕووداوی کونەڕەشەکان ئاسان نییە! لە ڕاستیدا بۆ گرتنی وێنەیەک لە کونەڕەشەکان، پێویستە کە ئانتینێکی زۆر گەورەمان ھەبێت. ئانتینێک بە گەورەیی گۆی زەوی! ھەر بۆیە پڕۆژەیەکی گەورە بە ناوی تەلسکۆپی ئاسۆی ڕووداو دروست کراوە.
ئەم پڕۆژەیە پێکھاتووە لە کۆمەڵێک تەلسکۆپی ڕادیۆیی گەورە کە لە سەرانسەری گۆی زەویدا دانراون و پێکەوە وەک ئانتینێکی گەورەی ڕوو لە بۆشایی کار دەکەن، زانیاریی کۆ دەکەنەوە و گوێبیستی شەپۆلە رادیۆییەکانن.”
ھەر بە کەڵکوەرگرتن لەم دووربینەیە کە توێژەران ئەم جارە توانیویانە جەمسەربوونی ڕووناکیی کونەڕەش دەر بخەن.

ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
پێداچوونەوەی زمانی: کەریم بایرامی، سروە ئەمین ساڵەحی

وشەکان:
Polarization جەمسەربوون
Black hole کونەڕەش
Gravity ھێزی کێش
Event horizon ئاسۆی ڕووداو
Telescope دووربین، چاوگێڕ، تەلسکۆپ
Antenna ئانتین
سەرچاوەکان:
http://Eventhorizontelescope.org
https://www.nobelprize.org/
https://www.sciencealert.com/twisted-light-has-revealed-the-magnetic-fields-swirling-around-m87
https://hojan.org/babet/8201/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button