Close

کۆڤیدی-١٩ و دڵ: چی فێر بووین؟

kuلە سەرەتای جیهانگیریی ڤایرۆسی کۆرۆناوە درمەدەردناسەکان چاودێرییەکی بەرچاویان کرد. ئەگەری تووشبوون بە جۆری سەختی کۆڤیدی-١٩ لەو کەسانەدا کە نەخۆشیی دڵ و دەماریان هەیە، لەچاو خەڵکی ئاسایی پتر لە دوو هێندەیە. لە شەش مانگی ڕابردوودا ڕێژەی مردن بە کۆڤیدی-۱۹ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار وەک هۆکاری سەرەکیی خراپیی دەرەنجامەکان ماونەتەوە. ئێمە لەو کاتەدا سەبارەت بە نەخۆشیی دڵ و کۆڤیدی-١٩ چی فێر بووین؟

هەبوونی کێشەی دڵ لە پێشدا و تەندروستیی لاوازی میتابۆلیک، مەترسیی کۆڤیدی-١٩ی سەخت، زیاتر دەکات.

هەندێک کێشەی تەندروستی وەکوو شەکرە، له ڕێگەی سەرکوتکردنی سیستەمی بەرگرییەوە مەترسیی کۆڤیدی-١٩ی سەخت زیاتر دەکات. نەخۆشییەکانی تر، وەکوو ئاسم، بە لاوازکردنی سییەکان مەترسی زیاد دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، لە مانگەکانی سەرەتای ئەو جیهانگیرییەدا بە تەواوی ڕوون نەبوو کە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار چۆن مەترسیی کۆڤیدی-١٩ی سەخت زیاتر دەکەن. ئێستا دوو لێکدانەوەمان هەیە:

یەکەمیان ئەوەیە کە بوونی کێشەی دڵ لە پێشدا، وەک زیان لێکەوتوویی ماسولکەی دڵ یان بەستراوبوونی خوینبەرەکانی دڵ، توانای لەش بۆ زیندوومانەوە بەرانبەر بە گوشاری نەخۆشییەکە لاوازتر دەکات. کەسێک کە دڵێکی ناسک و لاوازی هەیە، لە چاو کەسێک کە لە پێشدا تەندروست بووە، زۆرتر ئەگەری هەیە پێملی لێکەوتەکانی یاو، نزمیی ئاستی ئۆکسجین، ناجێگیریی پەستانی خوێن، و ناسازییەکانی خوێن مەینی (واتە هەموو دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی کۆڤیدی-١٩) ببێت.

لێکدانەوەی دووەم پەیوەندیی لەگەڵ تەندروستیی لاوازی میتابۆلیکدا هەیە، کە زیاتر لە نێوان ئەو کەسانەدا باوە کە نەخۆشیی دڵیان هەیە. تەندروستی لاوازی میتابۆلیک دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشیگەلێک وەکوو شەکرەی جۆری ٢ یان پێش‌ شەکرە و قەڵەوی، کە بۆ خۆیان دەبنە هۆی هەوکردن و مەترسیی خوێن مەینی. ئەمە تێکەڵ بە لێکەوتەکانی کۆڤیدی-١٩ دەبێت و ئەگەری خراپتربوونی ئاستەنگییەکانی کۆڤیدی-١٩ زیاتر دەکات.

کۆڤیدی-١٩ چۆن دەبێتە هۆی خەسارلێکەوتنی دڵ؟

ڤایرۆسی کۆڤیدی-١٩ دەتوانێت لە چەند ڕێگەوە زیان بە دڵ بگەیەنێت. بۆ نموونە، ڤایرۆسەکە دەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ماسولکەی دڵ یان ببێتە هۆی هەوکردنی، دەشتوانێت ناڕاستەوخۆ بە تێکدانی هاوسەنگیی نێوان خستنەڕوو و خواستی ئۆکسجین، زیان بە دڵ بگەیەنێت.

لە نزیکەی چوار یەکی ئەو نەخۆشانەدا کە بە کۆڤیدی-١٩ی سەختەوە لە نەخۆشخانەدا خەوێنراون، زیانی دڵ دەرکەوتووە، کە دەتوانرێت بە بەرزبوونی ئاستی ئەنزیمی ترۆپۆنین لە ڕەوتی خوێندا بپێورێت. لەو نەخۆشانەدا، نزیکەی سێ یەکیان لە پێشدا نەخۆشیی دڵ و دەماریان هەبووە.

هەوکردنی ماسولکەی دڵ

زۆرینەی ئەو کەسانەی کۆڤیدی-١٩یان هەیە نیشانەی هێوریان دەبێت و بەتەواوی چاک دەبنەوە، ئەگەرچی نزیکەی ٢٠٪ تووشی سییەسۆ و نزیکەی ٥٪ تووشی نەخۆشیی سەخت دەبن. لە شێوەی سەختی کۆڤیدی-١٩دا، سیستەمی بەرگریی لەش کاردانەوەی لەڕادەبەدەر هەمبەر بە چڵککردن پیشان دەدات و مولکولگەلێکی هەوی ئازاد دەکاتە ناو ڕەوتی خوێن، کە پێیان دەوترێت سایتۆکاین. ئەم پڕۆسەیە کە “زریانی سایتۆکاینی”ی پێ دەڵێن، دەتوانێت زیان بە زۆربەی ئەندامەکان بگەیەنێت، وەکوو دڵ.

هەوکردنی ماسولکەی دڵ، ناسراو بە میۆکاردیت، زۆربەی کات تەنیا لەو نەخۆشانەدا ڕوو دەدات کە کۆڤیدی-١٩ی پێشکەوتوویان هەیە. میۆکاردیت دەتوانێت لە ئەنجامی هێرشی ڕاستەوخۆی خودی ڤایرۆسەکە بۆ ناو دڵ ڕوو بدات، بەڵام زیاتر لە ئەنجامی هەوکردن بە هۆی زریانی سایتۆکاینییە. کاتێک کە ئەمە ڕوو دەدات، لەوانەیە دڵ گەورە و لاواز ببێتەوە، کە دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و کۆبوونەوەی شلە لەناو سییەکاندا. لە کاتێکدا کە ئەم شێوە سەختەی میۆکاردیت دەگمەنە، توێژینەوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە لەوانەیە شێوەیەکی هێورتری هەوکردنی ماسولکەی دڵ، زۆر لەوەی پێشتر کە دەزانرا، باوتر بێت.  لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییە دەری خست کە تاوەکوو چوار سێی ئەو نەخۆشانه کە لە کۆڤیدی-١٩ی سەخت چاک بوونەوە، لە وێنەهەڵگریی MRIیاندا هەوکردنی بێنیشانەی دڵ بینراوە.

زیادبوونی خواستی ئۆکسجین و کەمبوونی خستنەڕووی ئۆکسجین دەبێتە هۆی زیانی دڵ

یاو و چڵک دەبنە هۆی خێرابوونەوەی لێدانی دڵ کە ئەمەش لەو نەخۆشانەی کۆڤیدی-١٩دا کە تووشی سییەسۆ دەبن کاری دڵیان زیاتر دەکاتەوە. پەستانی خوێن دەتوانێت دابەزێت یان هەڵکشێت،  کە ئەمەش دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر لەسەر دڵ و لە ئەنجامدا زیادبوونی خواستی ئۆکسجین دەتوانێت ببێتە هۆی زیانگەیشتن بە دڵ، بەتایبەت ئەگەر خوێنبەرەکان یان ماسولکەی دڵ لە سەرەتاوە ناتەندروست بووبن.

زۆر جار زیانی دڵ بە هۆی جەڵتەی دڵەوەیە، کە لە ئەنجامی پێکهاتنی خوێن مەین لەناو خوێنبەرێکی ناسکی دڵدا دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە گەیاندنی ئۆکسجین بۆ ماسولکەی دڵ. هەوکردنی پەیوەندیدار بە کۆڤیدی-١٩ بە چالاککردنەوەی سیستەمی مەینی خوێنی لەش و تێکدانی ناوپۆشی ڕەگەکان  مەترسیی ئەو جۆرە جەڵتەیەی دڵ زیاد دەکات. ئەو ناوپۆشە کاتێک کە هەو دەکات، توانای خۆی بۆ بەرگریکردن لە پێکهاتنی مەینی خوێن لەدەست دەدات. ئەو مەینانەی خوێن لەناو خوێنبەرە بچووک و گەورەکانی دڵدا خستنەڕووی ئۆکسجین دەبڕێت. زیادبوونی مەیل بە مەینی خوێن هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی مەینی خوێن لە سییەکاندا، کە ئەویش دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئۆکسجینی خوێن. سییەسۆی سەخت زیاتر ئۆکسجینی خوێن دادەبەزێنێت. کاتێک کە خواستی ئۆکسجین لە خستنەڕووەکەی زیاتر دەبێت، ماسولکەی دڵ زیانی بەر دەکەوێت.

دۆزینەوەی ناوپۆشێکی زیو و کەمکردنەوەی مەترسی لە ڕێگەی شێوازی ژیانی تەندروستەوە

کەسانێک کە نەخۆشیی دڵ و دەماریان هەیە و هەڵسوکەوتی تەندروست دەگرنەبەر، دەتوانن بەرگریی لەشیان لە دژی کۆڤیدی-١٩ بەهێز بکەن و هاوکات مەترسیی درێژماوەی نەخۆشیی دڵ و دەمار کەم بکەنەوە. ئەمەش بە واتای چالاکیی جەستەیی زۆر و پارێزێکی تەندروست وەکوو پارێزی مەدیتەرانەییە. هەر کاتێک دەتوانن، خواردن لە ماڵەوە دروست بکەن، و ئەگەر هۆڵی وەرزشەکەتان بە شێوەی کاتی داخراوە لەگەڵ هاوڕێکانتان لە دەرەوە پیاسە بکەن. مۆنیتۆرێکی هەرزان و ساکار بۆ پێوانی پەستانی خوێن لە ماڵەوە بکڕن. لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکانی نەخۆشیی دڵ و دەمار، بۆ بەکارهێنانی دەمامک، مەوداگرتنی جەستەیی و خۆبواردن لە کۆبوونەوە گەورەکان بەردەوام بن.

درمەدەردناس: epidemiologist

Vulnerable :ناسک و لاواز

Fever :یاو

Blood clot :مەینی خوێن

هەو/هەو کردن: inflammation

خستنەڕوو و خواست: supply and demand

جەڵتەی دڵ: heart attack

چڵککردن: infection

زیو: silver

ئامادەکردن: موبین شەریفی
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە:

COVID-19 and the heart: What have we learned?

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *