بابەتگەردوونناسی

پێشکەوتنێکی گرنگ سەبارەت بە پێکهاتەی دژەماددە

توێژەران بۆ یەکەمین جار توانیویانە بە کەڵکوەرگرتن لە تیشکی لەیزەر، دژەهایدرۆجین تاوەکوو نزیکەی پلەی تینی ″سفری ڕەها″ سارد بکەنەوە. لەم ڕێگەیەوە دەکرێت هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دژەماددە بدۆزرێنەوە.

زانایان مەزەندە دەکەن پاش ″بیگ بانگ″ یان تەقینەوە گەورەکە، ماددە و دژەماددە بە یەک ڕادە دروست بووبن بەڵام هۆکاری مانەوە و سەرکەوتنی ماددە بەسەر دژەماددەدا تاکوو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

ئێستا توێژەران لە توێژینەوەیەکدا کە لە دوایین ژمارەی جۆرناڵی نەیچر بڵاو بووەتەوە ڕایانگەیاندووە کە توانیویانە لە ڕێگەی تیشکی لەیزەرەوە خێرایی دژەهایدرۆجین کەم بکەنەوە. ئەتۆمی دژەهایدرۆجین تاکوو ئێستا ئاساییترین نموونەی دژەماددەیە.

ساردکردنەوەی ماددە لە ڕێگەی لەیزەرەوە نزیکەی چل ساڵ لەمەوپێش ئەنجام درا و بەم بۆنەوە لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینیدا سێ زانا بە ناوەکانی ″ویلیام فیلیپ″، ″ستیڤن چو″ و ″کلوود کووهێن-تانووجی″ خەڵاتی نۆبڵی فیزیکیان وەرگرت.
بەڵام ئێستا زانایان توانیویانە دژەهایدرۆجینیش سارد بکەنەوە.
فۆتۆنەکانی تیشکی لەیزەر بارستەیان نییە بەڵام تاویان هەیە و لە ئاستی ئەتۆمیدا جووڵەی زۆر و بەرچاویان هەیە. ئەگەر تیشکی لەیزەرەکە لە فریکانس و ئاراستەیەکی دروستدا بێت خێرایی ئەتۆمەکان کەم دەکاتەوە.
وێنا بکەن کاتێک کە ئەتۆمێک بەرەو ئاراستەی سەرچاوەی تیشک دەجووڵێتەوە فۆتۆنێک وەخۆ دەگرێت. ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لێدانێکی بچووک وەبەر ئەتۆمەکە بکەوێت و خێراییەکەی بگۆڕێت. لەم دۆخەدا دەکرێت ئەتۆمەکان تاوەکوو پلەی تینی نزیک بە سفری ڕەها سارد بکرێنەوە.
بەرهەمهێنانی دژەهایدرۆجین بە پلەی تینی نزیک بە سفری ڕەهاوە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە بەوردی پێکهاتەی ناوەکی و هەڵسوکەوتەکەی لەژێر کاریگەریی هێزی ڕاکێشانی زەویدا پێوانە بکرێن.

هەڵسەنگاندنی بەرەنجامەکانی ئەم پێوانەکردنە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە سەبارەت بە هایدرۆجینی سروشتی لەبەر دەستدایە، یارمەتی دەدات کە جیاوازیی نێوان ماددە و دژەماددە بدۆزرێتەوە.

Absolute zero (سفری پەتی، سفری ڕەها)
Antimatter (دژەماددە)
Antihydrogen (دژەهایدرۆجین)

وەرگێڕ: هێمن موحەمەدیان
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە:
www.livescience.com/amp/cooling-antimatter-with-laser.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button