Close

ئایا مرۆڤ ئێستاش هەر خەریکە پەرە دەسێنێت؟

مرۆڤەکان وەکوو چەشنێک، لە هەموو گۆشە و شوێنێکی زەویدا نیشتەجێ بوون. ئێمە بە گەشەدانی تەکنەلۆجیا و کەلتوور ئەم جیهانەمان پێک هێناوە کە تێیدا دەژین.

بیرۆکەی هەڵبژاردنی سروشتی یان مانەوەی تەندروستترینەکان لە سەردەمی چاخی بەردیندا دەگونجا، واتە سەردەمێک کە مرۆڤ لەسەر پارچە گۆشتێک شەڕی دەکرد. بەڵام ئایا ئێستاش هەر وایە؟ ئێمە لە ۱۲ پسپۆڕ پرسیارمان کرد کە ئایا ئێستاش مرۆڤەکان خەریکن پەرە دەسێنن؟ تێکڕای پسپۆڕەکان بە کۆدەنگییەوە گوتیان: بەڵێ.

پەرەسەندن هەمان هەڵبژاردنی سروشتی نییە.

زۆربەی کاتەکان دوو دەستەواژەی ″هەڵبژاردنی سروشتی″ و ″مانەوەی تەندروستترینەکان″ بە واتای پەرەسەندن بەکار دەچن کە لە ڕاستیدا ئەمانە بەتەواوی یەکسان نین. پەرەسەندن، بەکورتی بە واتای گۆڕانی بەرەبەرەی حەشیمەت لە درێژەی زەمەندایە.

هەڵبژاردنی سروشتی ڕەوتێکە کە پەرەسەندن لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت ڕوو بدات. باوباپیری ئێمە لە سەردەمی چاخی بەردیندا بەخێرایی هەڵدەهاتن و ڕاکەرێکی بەهێز بوون، بۆیە پێش ئەوەی بکەونە ژێر پێی مامۆتەکان، هەڵدەهاتن و بەم بۆنەوە ئەگەر و چانسی ئەوەی کە منداڵیان ببێت زیاتر دەبوو. ئەمە ″هەڵبژاردنی سروشتی″یە.
حەشیمەتی مرۆڤ لە درێژەی زەمەندا، لە ڕاکردندا خێراتر بووەوە. ئەمە ″پەرەسەندن″ە.

پەرەسەندن دەتوانێت بەبێ هەڵبژاردنی سروشتییەوە ڕوو بدات.

هەڵبژاردنی سروشتی پێویستی بە گوشارەکانی هەڵبژاردن هەیە (وەکوو مەترسیی مامۆتەکان)، کەوایە ئەگەر شتێکی وەها نەبێت ئایا پەرەسەندن دەوەستێت؟ بە بڕوای پسپۆڕان تەنانەت ئەگەر گوشاری پەرەسەندن نەبێت، پەرەسەندن لە ڕێگەی ڕەوت و میکانیزمگەلێکی دیکەوە ڕوو دەدات.

پڕۆفیسۆر ستەنلی ئامبرۆس، مرۆڤناسی زانکۆی ئیلینۆیز، ڕوونی دەکاتەوە کە ″هەر چەشنە گۆڕانێک لە ڕێژەی جینەکان یان ڤاریانتە جینییەکان لە درێژەی زەمەندا، ″پەرەسەندن″ بە ئەژمار دێت.″

ڤاریانتەکان لەوانەیە لە ڕووی کارکردنەوە یەکسان بن، کەوایە پەرەسەندن بە واتای ″چاکبوون″ نییە. لە کاتێکدا کە هەندێک لە جینەکان دەتوانن لەژێر کاریگەریی هەڵبژاردنی سروشتیدا بن (بۆ نموونە جینگەلێک کە یارمەتیمان دەدەن خێراتر ڕا بکەین)، ڕەنگە گۆرانکاریگەلێکی دیکە لە (دی.ئێن.ئەی)ماندا ڕوو بدەن کە هیچ کاریگەرییەکی ڕوون و ئاشکرای لەسەر ئێمە نەبێت.

هەروەها ڤاریەیشنە بێلایەنەکان لە ڕێگەی ڕەوتێکی دیکەوە بە نێوی ″ڕاژانەوەی جینەتیکی″ لەنێو حەشیمەتدا بڵاو دەبنەوە. ڕاژانەوەی جینەتیکی لە ڕێگەی چانسەوە کار دەکات: هەندێ کەس ڕنگە بێبەخت بن و بە هۆکارگەلێکەوە بمرن کە هیچ پێوەندییەکی بە جینەکانیانەوە نییە. ڤاریەیشنە جینییەکانیان ناگوازرێتەوە بۆ بەرەی داهاتوو، بۆیە حەشیمەت دەگۆڕدرێت. ڕاژانەوەی جینەتیکی پێویستی بە گوشاری پەرەسەندن نییە و ئێستاش خەریکە ڕوو دەدات.

هەڵبژاردنی سروشتی ئێستاش هەر خەریکە ڕوو دەدات.

هەرچەندە مرۆڤ بارودۆخی بۆ خۆی ئاساییتر کردووەتەوە بەڵام هێشتا هەر گوشاری پەرەسەندن لە دەوروبەرماندا بوونی هەیە؛ ئەمە بەو واتایەیە کە هەڵبژاردنی سروشتی هێشتا هەر خەریکە ڕوو دەدات.

مرۆڤەکان وەکوو هەموو شیردەرەکان، کاتێک شیرپێدان ڕابوەستێنن توانایی هەرسکردنی شیر لەدەست دەدەن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پێکهاتنی ئەنزیمێک بە نێوی لاکتاز ڕادەوەستێت. لە هەندێ لە وڵاتەکاندا، حەشیمەت ″بەردەوامیی لاکتاز″ی وەدەست هێناوە. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە خەڵک لە درێژەی ژیانیاندا لاکتاز بەرهەم دەهێنن. هۆکاری ″بەردەوامیی لاکتاز″ لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا، ڤاریەیشنێکی جینیی تایبەتە کە بە نێوی (13910T-) ناسراوە. زانایان بە توێژێنەوە لەسەر ئەم ڤاریانتە لە نموونە کۆن و نوێیەکانی دی.ئێن.ئەیدا، مەزەندە دەکەن کە پاش دەستپێکردنی شیردۆشین و ماڵیکردنی ئاژەڵان بڵاو بووەتەوە. ئەمە نموونەیەک لە هەڵبژاردنی سروشتییە کە لە ڕاستیدا خۆمان گوشاری هەڵبژاردنمان دروست کردووە، ئێمە دەستمان کرد بە شیرخواردنەوە، کەوایە بۆ هەرسکردنی پەرەمان سەند.

خەڵکی ″بێجاو″ نموونەیەکی دیکە لە مرۆڤەکانن کە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ شێوەژیانی خۆیان، لەژێر کاریگەریی هەڵبژاردنی سروشتیدان.
خەڵکی ″بێجاو″ هەر لە کۆنەوە لە ماڵگەلێک دەژین کە لەسەر ئاودایە و هاوشێوەی بەلەمە. هەروەها بۆ ئەوەی کە ماسی ڕاو بکەن یان گوێچکەماسی کۆ بکەنەوە، زیاتر ژیانی خۆیان بە مەلەکردن لەژێر ئاوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا بەسەر دەبەن. وێنەکانی سۆنۆگرافی نیشانی داوە کە ″سپڵ″ی خەڵکی بێجاو لەچاو سپڵی دراوسێکانیان گەورەترە. ئەم خۆگونجاندنە ڕێگەیان پێ دەدات کە ماوەیەکی زیاتر بتوانن لەژێر ئاودا بمێننەوە.

هەموو کاتێک گوشارەکانی هەڵبژاردن لە دەوروبەری ئێمەدا بوونیان هەیە، تەنانەت ئەو گوشارانەی کە خۆمان دروستی دەکەین. بە هەمان شێوە کە دکتۆر ″بەنجامین هونت″ دەڵێت: ئەو گۆڕانکارییە کەلتووری و تەکنەلۆجیاییانە کە ئێمە هێناومانەتە ئاراوە، توانایی و پێکهاتنی گوشارەکانی هەڵبژاردن لە دەوروبەری ئێمەدا دەگۆڕێت.

پەرەسەندن ڕاناوەستێت.

پەرەسەندن دەتوانێت لە ڕێگەی ڕەوت و میکانیزمگەلێگی جیاوازەوە وەکوو ″هەڵبژاردنی سروشتی″ و ″ڕاژانەوەی جینەتیکی″ ڕوو بدات. وەک چۆن ژینگە و دەوروبەری ئێمە بەردەوام دەگۆڕدرێت، هەڵبژاردنی سروشتیش بەردەوام ڕوو دەدات. تەنانەت ئەگەر سروشت و دەوروبەرمان بەتەواوی گونجاو ببوایەت، هەر چۆنێک بێت هەر پەرەمان دەسەند.

دکتۆر ″ئاڵیون سکاڵی″ پسپۆڕی بواری جینەتیک و پەرەسەندن لە زانکۆی کەمبریج دەڵێت: تا کاتێک کە بازدانی جینەتیکی و دۆخی هەڕەمەکییانە لە زاوزێی مرۆڤەکاندا ڕۆڵی هەبێت، بەرەکان لەگەڵ بەرەی داهاتوودا جیاواز دەبن و ئەم ڕەوتە درێژەی دەبێت، واتە لە ڕاستیدا پەرەسەندن هیچ کاتێک ناتوانێت بوەستێت.

مرۆڤ هێشتا هەر خەریکە پەرە دەسێنێت و ڕێی تێ ناچێت لە داهاتوودا بگۆڕدرێت.

Evolution (پەرەسەندن)
Natural selection (هەڵبژاردنی سروشتی)
Selection pressure
(گوشاری هەڵبژاردن، گوشاری پەرەسەندن)
Variant (ڤاریانت)
Neutral variations (ڤاریەیشنە بێلایەنەکان)
Genetic drift (ڕاژانەوەی جینەتیکی)
Bajau (بێجاو)
Spleen (سپڵ)
Digestion (هەرسکردن)
Lactase Persistence (بەردەوامیی لاکتاز)
Lifestyle (شێوەژیان)

وەرگێڕ: هێمن موحەمەدیان
پێداچوونەوەی زمانی: کەریم بایرامی

سەرچاوە:
https://www.sciencealert.com/are-humans-still-evolving

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *