Close

کاربۆهیدرات، خۆراکی نیاندرتاڵەکان

زانایان دەڵێن لە توێژینەوەیەکی نوێدا دی. ئێن. ئەیی بەکتریای نێو دەمی نیاندرتاڵەکان، مرۆڤە ژیرەکانی دە هەزار ساڵ لەمەوپێش، شامپانزەکان، گۆریلاکان و مەیموونەکانیان تاوتوێ کردووە. توێژەران چەندین ملیار بەکتریای مردوویان تاوتوێ کردووە کە لەسەر ددانی ١٢٤ کەس بەجێ ماوە. یەکێکیان نیاندرتاڵێکی سەد هەزار ساڵە بوو. میکرۆبیۆمی نێو دەمی ئەم نیاندرتاڵە کۆنترین میکرۆبیۆمێکی دەمییە کە تاوەکوو ئێستا تۆمار کراوە. لە کۆتاییدا دەرکەوت نزیکەی ۱۰ بەکتریا لە مرۆڤە مۆدێڕنەکان، نیاندرتاڵەکان ، مەیموونەکان و ئەیپەکاندا لەیەک دەچێت بەڵام نیاندرتاڵەکان و مرۆڤە مۆدێڕنەکان بەکتریاگەلێکیان هەیە کە ئەوانی دیکە نییانە. دەستەیەک لە بەکتریاکان بە نێوی ″Streptococcus sanguinis″ لەنێو دەمی ئەم دوو چەشنە دۆزراونەتەوە کە زیاتر لە هەرسکردنی نیشاستەدا یارمەتیدەرن. هەروەها توێژەران دەڵێن ئەو جینانەی کە توانایی دەدەنە بەکتریا سترێپتۆکۆکەسەکان کە نیشاستە هەرس بکەن، لە مرۆڤە مۆدێڕنەکاندا لەچاو نیاندرتاڵەکان زیاترن.

توێژەران دەڵێن کاتێک کە مرۆڤە سەرەتاییەکان لە ڕاوکردن و بەدەستهێنانی گۆشتدا تواناتر بوون، خۆراکی باشتریان دەخوارد کە وزەی زیاتریشی بوو بۆ ئەوەی مێشکیان گەشە بکات.

یەکێک لە زانایانی بواری ″کەونارناسیی مولکولی″ دەڵێت: بۆ ئەوەی کە مێشکی باوباپیری مرۆڤەکان بەرەو مێشکێکی کارامە و گەورەتر گەشە بکات، پێویستیان بە خۆراکێکی پڕاوپڕ لە وزە بوو کە گلۆکۆزی تێدا بێت. گۆشت سەرچاوەیەکی باش بۆ گلۆکۆز نییە.

خۆراکە نیشاستەییەکان کە لە لایەن مرۆڤی ڕاوچی-کۆکەرەوە، کۆ دەکرانەوە پڕاوپڕ بوون لە گلۆکۆز. دۆزینەوەی بەکتریای سترێپتۆکۆکەس لەنێو دەمی مرۆڤی مۆدێڕن و نیاندرتاڵ نیشان دەدات کە ئەم بەکتریا لە باوباپیری هاوبەشی ٦٠٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش گواستراوەتەوە بۆیان.

Strachy (نیشاستەیی)

Oral Microbiome (میکرۆبیۆمی دەمی)

وەرگێڕ: هێمن موحەمەدیان

چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵحی

 

سەرچاوە: https://www.nature.com/articles/d41586-021-01260-z

 

https://www.sciencemag.org/news/2021/05/neanderthals-carb-loaded-helping-grow-their-big-brains

Related Posts

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .