بابەتتەندروستی

یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی عەتری ساختە، میزی مرۆڤە.

ئایا تاکوو ئێستا بیرتان لەوە کردووەتەوە که چۆن دەبێت عەترێک که به سەدان دۆلار له فرۆشگەکان دەفرۆشترێت، به نرخێکی زۆر کەمتر، له ستەندی مۆڵەکان، دووکانه بچووکەکان، یاخود لاپەڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام وەدەست بکەوێت؟
وەڵامەکە ئاسانه: لەبەر ئەوەی کە ئەو عەترانە کۆپی و ساختەن!
ئینجا فرۆشیاران بۆ فرۆشتنی عەترە ساختەکانیان پاساوی جۆراوجۆر دەهێننەوە، بۆ وێنە دەڵێن قەباخ و کارتۆنی نییه بۆیه هەرزانتره، کرێی دووکان نادەین و نرخەکانمان هەرزان دەبێتەوە، ئەو عەترە دەرەجە دوویه و بۆ بازاڕی ئێمە ناردراوە و به دەیان پاساوی دیکە؛ بەڵام دیسانیش ناتوانن ئەمە بشارنەوە کە ئەم عەتره ساختەیه و هیچ نییە جگە لە پێکهاتەیەکی کیمیایی مەترسیدار بۆ تەندروستی!
کۆمپانیاکانی عەتر، بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانیان له پێکهاتە سروشتییەکان یان پێکهاتە کیمیاییەکان کەڵک وەردەگرن کە تاقیکارییەکی زۆریان لەسەر دەکرێت تاکوو بەو دڵنیاییە بگەن کە مەترسییەک لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دانانێن. بەڵام کەسانێک که بۆنی ساخته دروست دەکەن ڕوو دەکەنە هەرزانترین پێکهاتە کیمیاییەکان وەک میتانۆل، دژە بەستان و تەنانەت میزی مرۆڤ، که وەک ڕاگری ڕەنگ و ph-ی عەترەکە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
جێی سرنجە کە عەتری ساخته پێکهاتەی کیمیایی دیکه وەک ئەتیلین گلایکۆل و دیفێتالاتی تێدایە که لەلایەن زانایانی بواری پزیشکییەوە وەک هۆکاری شێرپەنجە ناویان لێ براوە. هەروەها بوونی مادەگەلێک وەک ئەرسینیک، کادمیۆم و ئەلەمنیۆم لە پێکهاتەکەدا دەبێته هۆی سووتانی پێست لەو شوێنانەی کە عەتری ساختەی لێ دەدرێت. میزی مرۆڤیش که بەشی زۆری بۆنی ساخته پێک دەهێنێت دەبێته هۆی نەخۆشییەکانی پێست وەک: پیزۆک (ئاکنه)، گڵاوپێستی و زیپکه.

Antifreeze: دژە بەستان
Methanol: میتانۆل
Arsenic: زەڕنیخ (ئەرسینیک)
Cadmium: کادمیۆم
Di-Phthalate: دیفێتالات
Glycol: گلایکۆل
Acne: پیزۆک
Psoriasis: گلاوپێستی
Rashes: زیپکە

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە:
https://www.medicaldaily.com/fake-perfumes-containing-urine-could-lead-adverse-health-side-effects-how-spot-counterfeit-268902

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button