بابەتتەندروستی

دەستی موگناتیسیی پاش وەشاندنی پێکوتەی کۆرۆنا!

دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە کە دەڵێت پاش وەشاندنی پێکوتەی کۆرۆنا لەشی مرۆڤ لە شوێنی کوتانەکەدا دەبێت بە موگناتیس یان ئەوەی کە موگناتیس وەخۆ دەگرێت.

فیزیکناس و مامۆستای زانکۆی بواری موگناتیس، جولیەن بۆرۆف، دەڵێت: “لە ڕوانگەی زانستییەوە ئەوەی کە پێکوتەیەکی کۆرۆنا چیپی تێدا بێت یان ببێتە هۆی ئەوەی کە موگناتیس بلکێت بە پێستی مرۆڤەوە مەحاڵە .”

کەواتە چۆنە کە موگناتیسەکان دەلکێن بە پێستەوە؟
مایک وێست هەواڵنێری زانستی دەڵێت پێستی چەور یان شێدارکردنی پێست دوو ڕێگەی ساکارن بۆ ئەوەی موگناتیسەکان بلکێن بە پێستەوە.
هەروەها ماڵپەڕێ ″Fact and Furious″ دەڵێت ئەو کەسانەی کە وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو کردووەتەوە ڕەنگە پرۆتزی سەر شانیان ببێت. چونکە پرۆتز کانزای کۆباڵتی تێدایە کە مادەیەکی موگناتیسییە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێست موگناتیس وەخۆ بگرێت .

ئێریک پاڵم، فیزیکزانێک کە لە بواری موگناتیسی بەهێزدا توێژینەوە دەکات، دەڵێت تەنانەت ئەگەر مادەیەکی موگناتیسیی زۆر بەهێز لە ڕێی دەرزی (سرنج)ی پێکوتەکەوە بخەینە ناو پێست، هێشتا ئەوەندە بەهێز نابێت کە بتوانێت شتێکی ئاسنین بە خۆیەوە ڕاگرێت .

لە مادە پێکهێنەرەکانی پێکوتەکانی کۆرۆنادا، هیچ کانزایەک نییە کە تایبەتمەندیی موگناتیسیی هەبێت.

لە هەندێک لە پێکوتەکاندا بڕێکی کەم فافۆن (ئەلەمنیۆم) ھەیە کە هەڵبەت هیچ کێشەیەکی بۆ تەندروستیی مرۆڤ نییە . هەروەها لە هەندێکی دیکەدا جیوە بە شێوەی تیمرۆسال هەیە، کە دیسان دوای دەیان ساڵ توێژینەوە هیچ مەترسییەکی دروست نەکردووە جگە لە بڕێک سووربوونەوەی شوێنی وەشاندن نەبێت. لە ساڵی ۱۹۹۹وە زۆرینەی پێکوتەکان بەکارهێنانی تیمرۆسالیان وەلا ناوە .

دەتوانن لە ڕێی ماڵپەڕی بەڕێوەبەری دەرمان و خۆراکەوە، مادە بەکارهاتووەکانی پێکوتەی بیۆنتەک/فایزەر و هەروەھا مۆدێرنا ببینن . هەروەها لە ڕێی خشتەی ژمارە یەکی ئەم وتارەوە دەتوانن مادە پێکهێنەرەکانی زۆربەی پێکوتەکانی کۆرۆنا وەک فایزەر/بیۆنتەک، مۆدێرنا، ئاسترازێنیکا، سینۆفارم، سینۆڤاک، و سپوتنیک ببیننەوە. لە هیچکامیاندا تیمرۆسال بەکار نەهاتووە. لە ڤاکسینە چینییەکاندا هیدرۆکسایدی فافۆن هەیە.

لە کۆتاییدا، تاقیکردنەوەیەکی سادە پێشنیار دەکەین بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم دەنگۆیە: مەیدانی موگناتیسی لە پەڕەی کاغەز تێدەپەڕێت! ئایا کەس توانیویەتی موگناتیسێک بە پەڕەی کاغەزێکەوە بە قۆلیەوە بلکێنێت؟

Magnet موگناتیس
Shoulder Prosthesis پرۆتزی سەر شان
Thimrosal تیمرۆسال
Aliminium فافۆن، ئەلەمنیۆم
Syringe سرنج، دەرزی

توێژینەوە و ئامادەکردن: ھێمن موحەمەدیان، ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوەکان:
http://www.observers.france24.com/en/tv-shows/truth-or-fake/20210521-covid19-vaccine-magnet-challenge-debunked
https://www.bbc.com/news/av/57207134
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC2782734
https://www.fda.gov/vaccines-blood-biologics/safety-availability-biologics/common-ingredients-us-licensed-vaccines
https://www.cdc.gov/vaccinesafety/concerns/thimerosal/index.html
https://www.reuters.com/article/uk-factcheck-covid-vaccine-ingredients-idUSKBN2AQ2SW
https://www.worldallergyorganizationjournal.org/article/S1939-4551(21)00011-9/fulltext

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button