بابەتژینگە

بنبڕکردن و سووتاندنی دارەکانی کوردستان، زیانەکان، تاوانەکان و ڕۆلی یاسا نێودەولەتییەکان

 

هەموومان ئاگاداری هەواڵەکانی لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوور چ بە شێوەی بنبڕکردن و چ لە ڕێگەی ئاگرکەوتنەوە هەین؛ بۆ نموونە هەواڵێک کە ویم زوینبێرگ “شیکاری ژینگە و بەریەککەوتنەوەکانی لە ڕێکخراوەی ئاشتیی هۆڵەندی PAX” بەپێی وێنەی سەتەلایت، ڕوونی کردووەتەوە کە تورکیا چۆن دارەکانی ھەرێمی کوردستان بنبڕ دەکات.

بنبڕکردن و سووتاندنی دارەکانی کوردستان، زیانەکان، تاوانەکان و ڕۆلی یاسا نێودەولەتییەکانزوینبێرگ دەڵێت بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چەندین ڕێگا وەک بەشێک لە هەڵمەتی سەربازیی تورکیا دروست کراون. بە شیکاریی ئەم وێنانە، ڕوون کراوەتەوە کە تەنیا لە ناوچەیەک نزیکەی سی هیکتار لە دارستانەکانی باشووری کوردستان لە لایەن تورکیاوە لەناو چوون.

بنبڕکردن و سووتاندنی دارەکانی کوردستان، زیانەکان، تاوانەکان و ڕۆلی یاسا نێودەولەتییەکانهەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە وێنە سەتەلایتییەکان، ٨۱ کیلۆمەتر ڕێگای نوێ و ۱۳.٥ کیلۆمەتر ڕێگای چالاککراو/فراوانکراو دەرکەوتووە کە دەتوانێت پێوەندی هەبێت لەگەڵ زۆربوونی بنبڕکردنی دارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی پێگە سەربازییەکانی تورکیا .

بنبڕکردن و سووتاندنی دارەکانی کوردستان، زیانەکان، تاوانەکان و ڕۆلی یاسا نێودەولەتییەکان
کەوایە با هەندێک لە زیانەکانی بنبڕکردنی دارستانەکان بزانین:

دارستانەکان زیاتر لە ۳۰٪ی زەوی دادەپۆشن و ٨۰٪ی بوونەوەرە جۆراوجۆرەکان لە دارەکانەوە بگرە تا ئاژەڵەکان و میکرۆبەکان لە ناو دارستانەکان دەژین و دەکرێت بوترێت وەکوو خانوویەکە بۆ زۆربەی بوونەوەرەکان. بۆیه لەناوبردنی دارستانەکان لەناوبردنی ماڵی زۆربەی بوونەوەرەکانە. هەروەها بنبڕکردنی دارستانەکان دەتوانێت لەسەر بەرهەمهاتنی هەڵماو کاریگەری هەبێت و لە ئاکامدا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بارینی باران . هەتا ساڵانێک پاش بنبڕکردنی دارستانەکان، کاریگەری ئەو ڕووداوە لەسەر کارامەیی خاک هەر دەمێنێت. بۆ نموونە کاریگەری لەسەر پاشەکەوت و وەدەستخستنەوەی نووترییەنتەکان و پاشەکەوتی ئاو دادەنێت .

یەکێک لە کێشە ژینگەییە گەورەکانی ئەمڕۆکە، گەرمبوونی زەوی لە ڕێگەی زۆربوونی گازه گوڵخانەییەکانە. بەپێی توێژینەوەکان، بنبڕکردنی دارستانە باراناوییەکان، کاربۆن دی ئۆکسایدی زۆرتر به بەرگەهەوای زەوی زیاد دەکات بە بەراورد لەگەڵ کۆی گشتی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی ناو ڕێگاکانی جیهان؛ بەپێی لێکدانەوەکان، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان نزیکەی ۱٤ لەسەدی کاربۆن دی ئۆکساید بڵاو دەکەنەوە لە حاڵێکدا ئەم ژمارەیە بۆ بنبڕکردنی دارستانەکان زیاتر لە ۱٥ لەسەدە . کەوایە ئەوەی کە ڕوونە، دارستانەکان لە کەمکردنەوەی کاربۆن دی ئۆکساید و پێشگرتن لە گەرمبوونی زۆرتری زەوی کاریگەریی بەرچاویان هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوەی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای سووتاندنی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان دووهەمین هۆکاری سەرەکی گۆڕانکاریی ئاووهەوا بنبرکڕدنی دارستانەکانە کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نزیکەی ۲۰ لەسەدی گازە گوڵخانەییەکانە بۆ بەرگەهەوا .

گۆڕانکاریی ئاووهەوا کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤە هەژارەکانی سەر زەوی هەیە. ئەو مرۆڤانەی کە دوای قەیرانەکانی ئاووهەوایی ناتوانن ژیانی خۆیان سەرلەنوێ ساز بکەنەوە. بۆیە مەترسیی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆری هەژار لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکان ئاووهەوا، لە ئارادا هەیە. زانایان لەو باوەڕەدان کە ناکرێت لە یەک کاتدا بەبێ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاووهەوا چارەسەری گونجاو و درێژخایەنیش بۆ هەژاری بدۆزرێتەوە، بۆیە دەبێت بیرێکی گشتگیر بۆ هەر سێ مژاری گۆڕانکاریی ئاووهەوا، کێشەی ژینگەیی و هەژاری بکرێت کە هەموویان پێکەوە چارەسەر بکات. یەکێک لەو چارەسەرە گشتگیرانە، چاندنی دارە کە خۆراک و داهات دابین دەکات. هەر دارێک کە ئێمە گەورەی دەکەین یان دەیپارێزین یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی ئاووهەوا لە کاتی قەیرانە هاوکاتەکانی برسێتی و هەژاری .

لە پێناسەیەکی دیکەشدا وشەی ئیکۆساید وەک چەمکێک دەناسرێت کە بریتییە لە زیانگەیاندنی بەرچاو بە ژینگە و ئێکۆسیستم (پێکبووم) بە هۆی چالاکییەکانی مرۆڤ.

بەپێی ئەم پێناسەیە و زیانەکانی بنبڕکردنی دارستانەکان کە ئاماژەی پێکرا، بنبڕکردنی بەرچاوی دارستانەکانیش وەک ئیکۆساید دێتە ئەژمار؛ لەم ڕووداوانەی وەک ڕووداوی بنبڕکردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە جیا لەوەی کە دەستدرێژی بۆ سەر خاکێکی دیکە لە لایەن دەوڵەتێکەوە بۆ خۆی دەتوانێت لە بواری یاسای نێودەوڵەتی وەک تاوان پرس و شیکاری لەسەر بکرێت؛ ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە دەبێت ئیکۆساید و پرسی ژینگە وەک پرسێکی جیهانی سەیر بکرێت؛ بەڵام لە ئێستادا ئیکۆساید وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەبووڵ نەکراوە.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی یەکەمین و تەنیا دادگای هەمیشەیی نێودەوڵەتییە کە دەسەڵاتی دادگاییکردنی تاکەکانی هەیە لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەک تاوانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی شەڕ و تاوانی دەستدرێژی. مەبەست لەم دادگایە تەواوکردنی سیستەمە دادەوەرییه نەتەوەییەکانە و تەنیا لەم کاتانە کە دادگا نیشتمانییەکان نەتوانن تاوانکار دادگایی بکەن، دەسەڵاتی دادەوەرییان هەیه. هەڵبەت ئەم دادگایه تەنیا لێکۆڵینەوە و دادگایی ئەو تاوانانە دەکات کە لە ناو وڵاتانی ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە، مەگەر ئەوەی کە تاوان لە بارودۆخێکی تایبەتدا بێنێتە ئاراوە و لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوا لە دادگا بکرێت .

چالاکوانانی ژینگە و زانستە یاساییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئیکۆساید لە دادگای نێودەوڵەتی وەک پێنجەمین تاوانی نێودەوڵەتی بێتە ئەژمار کە وەک لەمپەرێکی یاسایی، لە زیانە بەربڵاوەکانی ژینگەیی ڕێگری بکات. ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهان داکۆکی لەم هەوڵە دەکەن تا ببێتە “هێڵێکی سووری ئەخلاقی” بۆ هەسارەی زەوی .

گەر باسی چەمکی ئیکۆسایدیش بکەین، ئەم چەمکە لە تراژدیایەکەوە لەدایک بووە؛ دەوڵەتی ئەمریکا له ماوەی دە ساڵدا، ۱۹ ملیۆن گاڵۆن دەرمانی بژارکوژی بەهێز لە هەموو ڤێتنام، کامبوج و لاوس بڵاو کردەوە کە بوو بە هۆی لەناوچوونی دارستانەکان، شێرپەنجە و نەخۆشیی دەماریی دانیشتوانی ئەو ناوچانە. لە ساڵی ۱۹۷۰ ئارسەر گاڵستۆنی زیندەوەرناس، بە بەڵگەی پێوەندیدار بەو کاولکارییانە، سەرنجی دنیای بۆ نایاساییبوونی ئیکۆساید ڕاکێشاند.

لە کاتێکدا کە هیچ وڵاتێک پابەند نییە بە پێشنیاردانی بەفەرمیکردنی تاوانی ئیکۆساید لە دادگای نێودەوڵەتی؛ ئەم هەوڵانە بۆ “بەتاوانکردنی” سەرنجی دنیای ڕاکێشاوە کە لە لایەن بزووتنەوە ئاووهەواییەکان و گرووپه ڕادیکاڵەکان، بەهێز دەکرێت. هەڵمەتی بەتاوانکردنی ئیکۆساید، ئێستاکە خەریکە لە پەراوێزی لایەنگرییەوە بۆ دیپلۆماسی جیهانی جووڵە دەکات و ئەمە بە هۆی ئاگادارییەکی گەشەسەندوو سەبارەت بەوە کە گۆڕانکاریی ئاووهەوا و هۆکاری ژینگەیی بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی گرێدراوە لە نێوان داکۆکیکاران و زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان ڕووی داوە .

بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی نیشتمانمان، کوردستانیش پێویستی بە ناساندنی زۆرتری ژینگە، جوگرافیا، جیۆپۆلیتیک و هتد لە لایەن کەسانی ئاکادیمیکی کوردەوە هەیە؛ هەروەها پێویستی بە چالاکی زۆرتری ڕێکخراوەکان و ژینگەپارێزان بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک و پەروەردەکردنی بەرەی نوێ بۆ پاراستن و پێشگیری لە بنبڕکردن و ئاگرتێبەربوونی زۆرتری دارستانەکان هەیە.

Wim Zwijnburg ویم زوینبێرگ

conflict and environment analyst with the Dutch peace organization PAX
شیکاری ژینگە و بەریەککەوتنەوەکانی لە ڕێکخراوەی ئاشتیی هۆڵەندی PAX

Ecocide ئیکۆساید

Arthur Galston ئارتۆر گاڵستۆن

ئامادەکردن: هانا جاری
چاودێری زمانی: ئەمیر ئارمانی

سەرچاوەکان:

۱.https://twitter.com/wammezz/status/1399766891661512711?s=19

۲. https://www.livescience.com/27692-deforestation.html

۳. https://www.nature.com/articles/s43017-020-0091-5

٤. https://www.scientificamerican.com/article/deforestation-and-global-warming/

٥. https://www.treeaid.org/blogs-updates/paris-climate-agreement/?gclid=Cj0KCQjw–GFBhDeARIsACH_kdYSQFzt1jTqd1LCHwB7x_mETPUPW-WQ8MMSVMky_-4H3p7BxtddaLkaApseEALw_wcB

٦. https://en.m.wikipedia.org/wiki/International_Criminal_Court

۷. https://www.nbcnews.com/news/world/ecocide-movement-pushes-new-international-crime-environmental-destruction-n1263142

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button