بابەتتەندروستی

سوودەکانی خوێنبەخشین

له وڵاتی ئەمریکا، لە هەر دوو چرکەدا، یەک پاکەت خوێن بۆ نەخۆش و بریندارەکان پێویسته. نەخۆشەکانی تووشبووی شێرپەنجه له ماوەی دەرمانی نەخۆشییەکەیاندا پێویستییان به وەرگرتنی خوێن هەیە. جاری وایه بڕیندارێکی ڕووداوی هاتوچۆ له کاتی نەشتەرگەری، پێویستی به ١٠٠ پاکەت خوێن دەبێت.
ڕەنگە ئێوە ئەزموونی خوێنبەخشینتان هەبێت بەڵام بەتەواوی ئاگاداری سوودەکانی ئەم کارە بۆ جەستەی خۆتان نەبن.

١- خوێنبەخشین دەبێته هۆی ئاشکرابوونی گرفتەکانی تەندروستی له جەستەدا:

گەرچی ئەم کاره وەک سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕ نایەتەوە بەڵام پێش خوێنگرتن، پێوەرەکانی سەرەکی تەندروستیی مرۆڤ دەپێون و ئەگەر گرفتی نەبێت جا دەست دەکەن به خوێنگرتن. جاری وایه دەردەکەوێت که مرۆڤ ئاسنی ناو خوێنی کەمە و بەو هۆیەوە خوێن لەو کەسە ناگرن.

٢- خوێنبەخشین ئاستی مەترسیداری ئاسنی ناو خێن کەم دەکاتەوە:

له هەر دووسەد ئەمریکی، یەکیان تووشی نەخۆشیی هێمۆکرۆماتۆزه که دەبێته هۆی زیادبوونی لە ڕادەبەدەری ڕێژەی ئاسن لە ناو خوێندا. پزیشکان دەڵین باشترین چارەسەر بۆ ئەم کەسانه، بەخشینی خوێنه.

٣- خوێنبەخشین ئەگەری وەستانی دڵ به ڕێژەی ٨٨% کەم دەکاتەوە:

لانیکەم جارێک خوێنبەخشین لە ساڵدا، ئەگەری وەستانی دڵ ٨٨ لەسەد کەم دەکاتەوە. به پێی توێژینەوەیەک که گۆڤاری ئەمریکی ئێپیدێمیۆلۆژی ئەنجامی داوە، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی ئاسنی زیادی لە خوێندا دوای خوێنبەخشین. دکتۆر دەیڤید دراگۆ پسپۆڕی تەندروستیی دەڵێت: زیادبوونی لە ڕادەبەدەری ئاسن لە ناو خوێندا دەبێته هۆی تەنگبوونەوەی دەمارەکان و بەرزبوونەوەی ئەگەری وەستانی دڵ.

٤- خوێنبەخشین ئەگەری تووشبوون به شێرپەنجه کەم دەکاتەوە:

پەیوەندیی نێوان خوێنبەخشین و دابەزینی ئەگەری تووشبوون به شێرپەنجه لە نێو خەڵکی ئاسایی و تەندروستدا زۆر کەمە، بەڵام بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشی هێمۆکرۆماتۆز بوونه، خوێنبەخشین ئەگەری تووشبوون به شێرپەنجە زۆر کەم دەکاتەوە.

٥- خوێنبەشین جەرگ تەندروست ڕادەگرێت:

مەترسییەکی دیکەی زیادبوونی لە ڕادەبەدەری ئاسن لە ناو خوێندا، لەسەر جەرگه. توێژینەوەکان دەریانخستووە زۆربوونی ڕێژەی ئاسنی زیاده، پەیوەندی هەیە لەگەڵ نەخۆشییەکانی جەرگ وەک هیپاتیتی سی، جەرگی چەور و هەروەها چڵککردنی جەرگ. خوێنبەخشین تا ڕادەیەکی زۆر ئەم مەترسییانه کەم دەکاتەوە.

٦- خوێنبەخشین ڕەوشت و خووی مرۆڤ جوان دەکات:

گەرچی خوێنبەخشین سوودی زۆری بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام لەوان بەرزتر و بەنرختر، قازانجێکه که به ورە و ڕەوشتی مرۆڤ دەگەیەنێت. کاتێک بزانی ئەو خوێنه لەوانەیە گیانی کەسێک لە مردن ڕزگار بکات، ئەوە هەستێکی خۆش دەدات به دەروونی مرۆڤ. بۆ ئەو خوێنبەخشانەی کە تەمەنیان ٦٥ ساڵ بەرەو سەرەوەیە، دەرکەوتووه که ئەم کارە خۆبەخشانەیه تا ڕادەیەکی زۆر خەمۆکی و هەست به تەنیایی لەواندا کەم دەکاتەوە.

کاتێک قۆڵت هەڵدەماڵیت و بۆ خوێنبەخشین دادەنیشیت، ئەوە بزانه خەریکیت به کەسێکی دیکه ژیان دەبەخشیت.

ئەگەر ئەزموونی خوێنبەخشینت هەیە له کۆمێنتدا بنووسە تا ئێستا چەن جار ئەم کارەت کردووه:

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: ئەمیر ئارمانی

سەرچاوە :
https://www.rasmussen.edu/degrees/health-sciences/blog/surprising-health-benefits-of-donating-blood/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button