Close

بۆچی ئاوی گەرم زووتر لە ئاوی سارد دەیبەستێت؟

بۆچی ئاوی گەرم زووتر لە ئاوی سارد دەیبەستێت؟

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بابەتە وەک گرفتێکی فیزیکی سەیر دەکرێت، بەڵام ئێمە ھەر وامان پێگەیشتووە کە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا ئاوی گەرم زووتر لە ئاوی سارد دەیبەستێت. سەرەتا فەیلەسووفی یۆنانی ئەرەستۆ لەم بابەتە دواوە، بەڵام دوای چەندەھا ساڵ لە تاقیکردنەوە تاوەکوو ئێستا ھیچ کەسێک نەیتوانیوە ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو لەسەر ئەم دیاردەیە بدات. ئەمڕۆکە فیزیکزانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دیاردەیە بەھۆی ھەڵسوکەوتی سەیری بەندە ھایدرۆجینییەکان ڕوو دەدات، بەڵام ھەندێک لە زانایان ئەم دیاردەیە کە پێی دەوترێت دیاردەی “مابیمبا” ھەر ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن کە لە بنەڕەتدا ئەم دیاردەیە بوونی نییە.

بە گەڕانەوە بۆ دیاردەی “مابیمبا”، ئەم دیاردەیە لە دێرزەمانەوە نھێنییەکی گەورە بووە و زۆر ھەوڵ بۆ شیکردنەوەی دراوە، یەکێک لەوانە ھەوڵەکانی ئەرەستۆ بووە لە پێش ٢٠٠٠ ساڵ، ھەروەھا “فرانسیس بەیکۆن” و “ڕینێ دیکارت” کاریان لەسەر کردووە و ئەم دیاردەیەی کە تیایدا ئاوی گەرم زووتر لە ئاوی سارد دەیبەستێ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە بە تایبەت دوای ئەوەی قوتابییەکی تەنزانی لەکاتی دروستکردنی ئایسکریم تێبینیی ئەم دیاردەیەی کرد.

ھەریەک لە قوتابی “مابیمبا” و ھاوڕێکانی ئایسکریمیان دەفرۆشت، ئەوان سەرەتا شیریان دەکوڵاند و کەمێک شەکریان تێدەکرد و دواتر لێی دەگەڕان تاوەکوو سارد ببێتەوە. بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان مابیمبا ئارامی نامێنێت و بێئەوەی چاوەڕێی ئەوە بکات کە شیرەکە سارد ببێتەوە ڕاستەوخۆ دەیکاتە نێو فرێزەرەوە. پاشان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، شیرەکەی مابیمبا زووتر لەوەی ھاوڕێکانی بەستی و ئایسکرێمەکەی ئامادە بوو. لەساڵی ١٩٦٩ مابیمبا لەگەڵ پرۆفیسۆرێکی فیزیکزان کاریان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی وتارێکی زانستی لەسەر ئەم دیاردەیە.

ھەرچەندە کە زانایان سەبارەت بە ڕاستی و هەڵەبوونی ئەم دیاردەیە گومانی زۆریان هەیە، بەڵام کێشەیەکی گەورەتر ھەیە ئەویش میکانیزمی ڕوودانی دیاردەکەیە؛ چۆن دەبێت ئاوی گەرم لە ئاوی سارد زووتر بیبەستێ، لە کاتێکدا ئاوی سارد لەپێشترە بۆ بەستن؟

ھەروەھا کێشەی ترمان ھەیە لە دووبارەبوونەوەی دیاردەکە، چوونکە ھەرکاتێک کە دیاردەکە کرابێتە ژێر تاقیکردنەوە بە ھەمان کات و بەھەمان بڕ بەستنەکە ڕووی نەداوە، ھەرچەندە ئەم بەڵگەیەش زۆر بەھێز نییە بۆ ڕەتکردنەوەی دیاردەکە بە شێوەیەکی ڕەھا.

بە گەڕانەوە بۆ ساڵی٢٠١٢، کۆمەڵەی بەریتانی بۆ زانستی کیمیا، پێشبڕکێیەکی بۆ زانایان ساز دا، تاوەکوو شیکردنەوەیەک بۆ دیاردەکە بکەن. سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵەکە زیاتر لە ٢٢ ھەزار وتاری زانستیان پێ گەشت، بەڵام ھیچیان جێگای ڕەزامەندی نەبوون.

شایەنی باسە، نووسەری زانستی و ڕۆژنامەنووس “سینی دین” لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ سایتی زانستی “ساینس ئەلێرت” دەڵێت: زۆربەی ئەگەرە پێشنیازکراوەکان دەڵێن کە ئاوی گەرم بەھەڵم دەبێت و بەمەش بارستایی لەدەست دەدات و لە لەدەستدانی بارستاییەکەی پێویستی بە پلەیەکی گەرمی کەمتر دەبێت بۆ بەستن. جێی سەرنجە کە ئەم دیاردەیەش لە شوێنە داخراوەکان ڕووی داوە و لە کاتێکدا کە ئاوە گەرمەکە تووشی بە ھەڵمبوون نایەت دیاردەکە ڕووی نەداوە. ھەروەھا ئەگەری تر ھەیە کە دەڵێت: ئاوەکە ھەڵدەستێت بە سازدانی تەزووی گەرمی و پلەبەندی لە پلەکانی گەرما و بەم شێوەیە دەیبەستێ، بەڵام ئەم بیرۆکەیەش تاوەکوو ئێستا دڵنیایی تەواومان سەبارەت بەم دیاردەیە ناداتێ.

ئەگەرێکی تریشمان ھەیە کە دەڵێت ئاوی گەرم جیاوازیی زۆری ھەیە لە پلەی گەرما بە بەراورد بە دەور و بەرەکەی، بۆیە لە ڕووەکەیەوە زۆر زیاتر پلەی گەرمی لەدەست دەدات، ئەمەش وا دەکات کە بە بەراورد بە ئاوی سارد کە جیاوازی پلەی گەرمی کەمترە خێراتر بیبەستێ بەڵام ھێشتا ئەم ڕوونکردنەوەیەش بەو ئەندازەیە بەھێز نییە کە ببێتە جێی ڕەزامەندیی گشت زانایان.

ئەمرۆ زانایانی زانکۆی “ساتێرن میتۆدیس” لە دالاس و زانایانی زانکۆی “ناینجینگ” لە چین وەڵامێکیان ھەیە بۆ ئەم دیاردەیە، ئەوان دەڵێن لەوانەیە تایبەتمەندیی نێوان بەندە ھاوبەشەکانی نێوان ھایدرۆجین و ئۆکسجین وەڵامێک بێ بۆ ئەم دیاردەیە.

لە کاتی تێبینیکردنی کۆمەڵە بەندێکی ھایدرۆجین بۆیان دەرکەوتووە کە ھێزی بەندە ھایدرۆجینییەکان لە گەردێکی ئاودا پشت دەبەستێ بە ڕیزبەندیی گەردەکانی ئاو.

ھەر لەم بارەیەوە “ئیمێلی کۆنۆفۆر” دەڵێت: کاتێک ئاو گەرم دەبێت، بەندە لاوازەکان دەشکێن، بۆیە کۆمەڵێک گەردیلەی بەربڵاو دروست دەبن و یەکتر دەگرن و کریستاڵی بەفری پێک دەھێنن. بۆیە تاوەکوو ئاوەکە کریستاڵی زیاتر پێک بھێنێت و بیبەستێ پێویست دەکات سەرەتا بەندە ھایدرۆجینییەکان تێک بشکێن. ھەروەھا دەشڵێت کە لە ئاوی گەرمدا بەندی ھایدرۆجینی بەھێزترمان دۆزیوەتەوە بە بەراورد لە ئاوی سارد، چونکە بەندە ھایدرۆجینییە لاوازەکان لە ئاوی گەرمدا زیاتر دەشکێن.

توێژینەوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە شیکارییەکمان ھەیە لەسەر ئاستی گەردیلە، بەندە ھایدرۆجینییەکان زووتر تێکدەشکێن چونکە چەند سەرچاوەیەکی کارەبایی بەھێزی جێگیر بەسەریاندا زاڵ دەبن. ئەو ڕیزبەندەی بەندە ھایدرۆجییانە کە دەمێننەوە بەھێزن و لە بەستندا ھاوکاری ئاوەکە دەکەن، ئەمەش دەبێتە ھۆی پێکھێنانی تۆڕێکی شەشپاڵوو لە بەفر. ھەر بۆیە ئاوی گەرم زووتر لە ئاوی سارد دەیبەستێ چونکە بەندە ھایدرۆجینییەکان لە ئاوی ساردا بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی ڕیز بوونە، ئەمەش وا دەکات کە بۆ تێکشکاندنیان پێویستی بە وزەیەکی زیاتر بێت.

ھەرچەندە کارەکتەرەکانی وەک شوێنی تاقیکردنەوە، پلەی بەستن و چڕبوونەوە و ھتد کاریگەرییان لەسەر ئەم دیاردەیە ھەیە بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم دیاردەیە ھیچ بەڵگەیەکی بەھێز بوونی نییە، تەنانەت ھەندێک کەس ئەم دیاردەیە بە ئەفسانە ناو دەبەن.

پەیپەرێکی زانستی دیکە کە لەلایەن زانایانی زانکۆی “ئەمپریال”ـەوە ئەنجام دراوە، کە بۆ گەیشتن بە پلەی سفری سەدی توانای ھەردوو جۆر لە ئاوەکە (سارد و گەرم)یان تاقی کردووەتەوە، زانا ھێنری بۆردیج دەڵێت: سەرەڕای ھەموو ئەو گەرانانە تاوەکوو ئێستا ھیچ تێبینییەکی دیاردەی مابیمبامان نەکردووە.

ئامادەکردن: هایزنبێرگ عەلی
پێداچوونەوەی زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە:
https://www.sciencealert.com/the-centuries-old-claim-that-hot-water-freezes-faster-than-cold-just-got-even-weirder

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *