بابەتزانستە بنەماییەکان

دۆزینەوەی کاسەسەری ″مرۆڤی ئەژدیها″

نزیکەی ۹۰ ساڵ لەمەوپێش کاتێک سەربازە ژاپۆنییەکان باکووری وڵاتی چینیان داگیر کردبوو، پیاوێکی چینییان ناچار کرد کە یارمەتییان بدات لە شاری ″هاربین″ پردێک لەسەر ڕووباری ″سانگهوا″ دروست بکەن. لە کاتێکدا کە چاودێرە ژاپۆنییەکان ئاگایان لێ نەبوو، پیاوە چینییەکە کاسەسەری مرۆڤێکی دۆزییەوە و بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی داگیرکەران نزیکەی ۸۰ ساڵ لەنێو بیری ماڵەکەی خۆی شاردیەوە. پیاوە چینییەکە پێش ئەوەی بمرێت، ئەم ڕووداوەی بۆ بنەماڵەکەی گێڕابووەوە و لەم دواییانەدا کاسەسەرەکە گەیشتووەتە دەست کەونارناسان و ئێستا ئەم مرۆڤە نوێیە بە ناوی ″پیاوی ئەژدیها″ بانگ دەکرێت.

توێژەرە چینییەکان لەبەر ناوی ڕووباری ″songhua″ کە لە زمانی چینیدا بە واتای ″ڕووباری ئەژدیهای ڕەش″ە، ئەم چەشنەیان ناو ناوەتە ″homo longi″ واتە ″مرۆڤی ئەژدیها″. ″long″ لە زمانی مانداریندا کە زمانێکی چینییە بە واتای ئەژدیهایە.

توێژەرە چینییەکان دەڵێن ئەم مرۆڤە تایبەت بە چەشنێکی نوێیە و ناچێتە ڕیزی چەشنەکانی دیکەوە. بەڵام لەسەر نوێبوون یان نەبوونی ئەم مرۆڤە ناکۆکی هەیە. هەندێک پسپۆڕی دیکە دەڵێن پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە و لەوانەیە سەر بە یەکێک لە چەشنەکانی پێشوو بێت.

پاش توێژینەوەکان دەرکەوتووە مرۆڤی ئەژدیها نزیکەی ۱٤٦ هەزار ساڵ لەمەوپێش لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا ژیاوە.

دێرینمرۆڤناسەکان دەڵێن کاسەسەری ئەم مرۆڤە گەورەترە لەچاو کاسەسەری مامناوەندی چەشنەکانی دیکە. کاسەی چاوی چوارگۆش و گەورە، برۆی ئەستوور، دەمی پان و ددانی زۆر گەورەتر لە ڕادەی ئاسایی لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی ئەژدیها بووە.

وەرگێڕ: هێمن موحەمەدیان
چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە:
https://bbc.in/3qoQcRS

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button