بابەتزانستە بنەماییەکان

براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ٢٠٢١

براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ٢٠٢١ دیاری کران

ئاکادێمیی شاهانەی زانستەکانی سوید بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ٢٠٢١ بە بۆنەی “هاریکاری لە تێڕوانینی ئێمه بۆ سیستمە ئاڵۆزەکانی فیزیک” بدات به سێ زانستوانی پێشەنگی ئەم بوارە زانستییه. نیوەی ئەو خەڵاته بە چەشنی هاوبەش درا بە زانستوانی ژاپۆنی-ئەمریکی، سیوکورۆ مانابێ و زانستوانی ئەڵمانی، کلاوز هاسلمان بە بۆنەی “شێوەکردنی فیزیکیی ئاووهەوای زەوی بۆ پێوان و پێشبینیی گونجاوی گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمیی جیهان”.

نیوەکەی دیکەشی درا بە زانستوانی ئیتالی، جۆرجیۆ پاریسی بە بۆنەی “دۆزینەوەی پێوەندیی نەسازی و ڕاژانەوە لە سیستمە فیزیکییەکاندا لە قەبارەی ئەتۆمی تا هەسارەیی”. ئەم سێ براوە، خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی فیزیکیان بە بۆنەی لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لەسەر دیاردە ئاڵۆز و بەڕواڵەت هەڕەمەکییەکان وەرگرتووه.

مانابێ و هاسلمان بناغەی تێڕوانینی ئێمە بۆ ئاووهەوای زەوی و چۆنیەتیی کاریگەریی مرۆڤیان لەسەری داڕشت. پاریسی بە هۆی هاریکاری لە بیرۆکەی مادە نەسازەکان و ڕەوته هەڕەمەکیەکان، ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا. سیستمە ئاڵۆزەکان، بە هەڕەمەکیبوون و نەبوونی سازاوی تێیاندا ناسراون و تێگەیشتنیان دژوارە. خەڵاتی ئەمساڵ بە بۆنەی دۆزینەوەی ڕێگەگەلێکی نوێ بۆ ناسین و پێشبینیی ئاکاری ئەو سیستمانە دەدرێته ئەم سێ زانستوانه.وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: محەمەد محەمەدی

سەرچاوە: لاپەڕەی فەرمی خەڵاتی نۆبڵ لە ئینستاگرام

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button