تەندروستی

دایکانی شیردەری ڤاکسینەکراو

بۆی هەیە دایکانی ڤاکسینەکراو بەرگری کۆرۆنای خۆیان لە ڕێگەی شیردانەوە بگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان

بە پێی لێکۆڵینەوە نوێیەکان، دایکانی شیردەری ڤاکسینەکراو بەرامبەر بە کۆڤیدی_19 ڕادەیەکی بەرچاوی دژەتەن لە جەستەیاندا هەیە کە لەوانەیە یارمەتیدەری پاراستنی ساوای شیرەخۆرە بەرامبەر بەو نەخۆشییە بێت. نووسەری سەرەکی جۆزێف لارکین، مامۆستای یارمەتیدەر لە زانکۆی فلۆریدا/ناوەندی زانستە جووتیارییەکان و خواردەمەنییەکان لە بەشی میکروبایۆلۆژی و زانستی خانە دەڵێت: زانیارییە بەدەستهاتووەکانی ئێمە وا دەردەخەن کە ڤاکسینەکردن دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی دژەتەنەکانی دژکاری SARS-CoV-2__ ڤایرۆسێک کە دەبێتە هۆی COVID-19__ لە شیری دایکدا و ئەوە نیشان دەدات کە دایکانی ڤاکسینەکراو دەتوانن ئەو بەرگرییە بگوازنەوە بۆ جەستەی منداڵەکانیان، شتێک کە ئێمە هەوڵ دەدەین لە لێکۆڵینەوەی ئێستاماندا بیسەلمێنین.

کاتێک منداڵەکان لە دایک دەبن، سیستەمی بەرگرییان پێ نەگەیوە، کەواتە بەربەرەکانی لەگەڵ هەوکردنەکان بۆیان دژوارە. هاونووسەر جۆزێف نۆ، پرۆفیسۆری زانکۆی پزیشکی منداڵان لە بەشی منداڵانی ساوادا دەڵێت: ئەوان زۆربەیان زۆر لاوازن بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی پێویست کاردانەوەیان هەبێت بۆ جۆرێکی دیاریکراو لە ڤاکسینەکان. لە ماوەی ئەو دەورە لاوازییەدا، شیری دایک ئیزن بە دایکانی مناڵەبەر دەدات تاوەکوو بەرگری ناچالاک بۆ ساواکان ساز بکات. گریمانە بکەن شیری دایک وەک سندووقەکەرەستەیەکی پڕ لە کەرەستەی جیاوازە کە یارمەتی ئامادەبوونی ساواکە بۆ ژیان دەدات. ڤاکسینەکردن کەرەستەیەکی دیکە بەو سندووقە زیاد دەکات کە توانای ئەوەی هەیە کە بەتایبەتی بۆ پێشگری لە نەخۆشی کۆرۆنا باش بێت. ئاکامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەی ئێمە بەڕوونی ئاماژە بەوە دەدات کە ڤاکسینەکردن دەتوانێت یارمەتیدەری پاراستنی دایک و منداڵەکە بێت، کە هۆکارێکی سەرنجڕاکێشی ترە بۆ ڤاکسین بوونی دایکانی دووگیان یان منداڵەبەر. توێژەران ئەو توێژینەوەیان لە نێوان دیسامبری 2020 و مارسی2021دا بەڕێوە بردووە، کاتێک کە ڤاکسینی Pfizer و Moderna بۆ یەکەمجار کەوتنە بەردەستی ئیشکەرانی چاودێری تەندروستی.

لەو توێژینەوەیەدا، توێژەران 21 ئیشکەری چاودێری تەندروستی شیردەر کە هەرگیز Covid_19یان نەگرتبوو، دیاریکرد. دەستەی توێژەران سێ جار لە شیر و خوێنی ئەو دایکانە نموونەیان هەڵگرت: پێش ڤاکسینەکران، دوای دۆزی یەکەم و دوای دۆزی دووەم. لۆرێن ستافۆرد،خوێندکاری دکتۆرا لە تاقیگەی لارکین دەڵێت: ئێمە دوای دۆزی دووهەم کاردانەوەی دژەتەنێکی بەهێزمان لە ناو خوێن و شیری دایک دا دیت_نزیکەی سەد ئەوەندە زۆرتر لە چاو ئاستی پێش ڤاکسینەکردن. ڤیویان واڵکارس، دانیشتووی بەشی منداڵانی ساوا دەڵێت: هەروەها ئەو ئاستانە زۆرترن لەوانەی کە دوای تووشبوونی سروشتی بە ڤایرۆس دیتراوە. واڵکارس و ستافۆرد نووسەرانی سەرەکی دۆزراوەکانی ئەو توێژینەوەیەن. واڵکارس دەڵێت: ڤاکسینەکردنی دایکان بۆ پاراستنی منداڵان شتێکی نوێ نییە. وەک ڕۆتینێک، دایکانی دوو گیان بەرامبەر بە کۆخەڕەشە و ئەنفلۆنزا ڤاکسینە دەکرێن، چونکە ئەوانە دەتوانن نەخۆشیگەلێکی مەترسیدار بن بۆ منداڵانی ساوا. واڵکارس دەڵێت: منداڵان هەروەها دەتوانن Covid_19 بگرن، کەواتە ڤاکسینە کردنی ڕۆتینی دایکان بەرامبەر بەو ڤایرۆسە دەتوانێت شتێک بێت کە لە داهاتوودا دەیبینین. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو بابەتە، دەستەی توێژەران خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر شیری دایکی لەخۆگری دژەتەنی Covid_19 کە بە ڤاکسینەکردن بەدەست هاتووە. ئەوان مەبەستیانە بزانن کە چۆن ئەو منداڵانە دەپارێزێت کە ئەو شیرەیان خواردووەتەوە.

لارکین دەڵێت: ئێمە پێمان خۆشە بزانین ئەو منداڵانەی کە شیری دایکی لەخۆگری ئەو دژەتەنانەیان خواردووەتەوە، پارێزگاری خۆیان دژی Covid_19 پەرە پێداوە یان نا،” سەرەڕای ئەوە، ئێمە ئێستاش پێمان خۆشە زۆرتر سەبارەت بە خودی دژەتەنەکان زانیاریمان هەبێت، وەکوو ماوەی مانەوەی ئەو دژەتەنانە لە شیری دایکدا و ڕادەی کاریگەری ئەوان لە نێتارکردنی ڤایرۆسەکان.  نیو دەڵێت: تاقیگەی ئەو هەروەها بەدوای لێکۆڵینەوە لەسەر کارکردە چارەسەرییە ڕەخساوەکانی ئەو شیرەیە کە دایکانی ڤاکسینەکراو سازی دەکەن. سەرەڕای پرسیارە بێ وەڵامەکان، توێژەران سەریان لە ئاکامە سەرەتایییەکان سووڕ ماوە.  ستافۆرد دەڵێت: ئێستاش زۆر شت هەیە سەبارەت بە شیری دایک و قازانجەکانی ئەو کە ئێمە خەریکین فێری دەبین و ئەوە شتێکە کە ئەو توێژینەوەیە زۆر سەرنجڕاکێش دەکات. نەک هەر بۆ ئێمە زانستوانان بەڵکوو بۆ نازانستخوازانیش(خەڵکی ئاساییش). نیو دەڵێت: هەروەها دیتنی ئەوەی کە لێکۆڵینەوەگەلێکی هاوکات لە سەرانسەری جیهاندا دژەتەنەکان لە شیری دایکانی ڤاکسینەکراودا نیشان دەدەن بۆمان سەرنجڕاکێشە.” ئەوە بەو واتایەیە کە لێکۆڵینەوەی ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی لە حاڵی پەرەگرتندا دەسەلمێنێت.

 

وەرگێڕ: پەرەنگ سەلیمی ئەقدەم، خوێندکاری کارناسیی مامانی

چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button