بابەتژینگە

کاریگەریی درێژخایەنی گۆڕانکاریی کەشوهەوا

ئەگەر لە ئێستاوە دەست بەکار نەبین، تا ساڵی٢٥٠٠ زەوی بۆ مرۆڤەکان نامۆ دەبێت.

هەندێک ڕاپۆرت بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان هەیە کە باسی کاریگەریی درێژخایەنی گۆڕانکاریی کەشوهەوا -وەکوو زۆربوونی ڕادەی گازی گوڵخانەیی، پلەی گەرمی و ئاستی زەریا- تا ساڵی ٢١٠٠ دەکات.

ئاخۆ پلەی گەرمی کەشوهەوا لە ساڵی ٢١٠٠دا ڕادەوەستێت؟ نا، ئەمە بۆ مرۆڤ لە ئێستا و داهاتوودا چ مانایەکی هەیە؟

بۆ ئەوەیکە بزانین لە داهاتوودا ئەگەر پلەی گەرمی کەشوهەوا کەم یان زۆر ببێت و لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئێستادا بە چ شێوازێک دەبێت، سێ ناوچەی ئامازۆن، ڕۆژاوای ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نیمچەویشکارۆی هیند بەپێی لێکۆڵینەوەکان تاوتوێ دەکەین.

ئەم وێنانە بەپێی پێشبینییەکانی RCP6.0 دەچێتەوە سەر ساڵی ٢٥٠٠.

  • ئامازۆن

ئەم وێنەیەی سەرەوە دێهاتێکمان پیشان دەدات کە هێشتا ڕووبار و بەرهەمی کشتوکاڵی و بارانی دارستانی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەو وێنەیەی ناوەڕاستیش دیمەنی ئێستاکە دەردەخات. وێنەکەی خوارەویش ساڵی ٢٥٠٠ لە بەرچاو دەگرێت کە لەبەر کەمی ئاو دیمەنێکی بێبەرهەم و زەوییەکی وشک هەڵاتوو بە ژێرخانگەلێکی کەم و ڕووخاوەوە دەردەخات کە مرۆڤ زۆر کەم دەستی تێوەرداوە.

  • ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکا

یەکەمین وێنە، شارەکان و کۆمەڵگەیەکی نەریتی پێش سەردەمی داگیرکردن دەردەخات کە بینا و کشتوکاڵگەلێکی جۆراوجۆری تێدایە. دووەمین وێنە، ناوچەی ئەمڕۆیی پیشان دەدات؛ کە بەرهەمێک دەکێڵن و بە شێوەی جۆراوجۆر کۆ دەکەنەوە. سەرەڕای ئەمانە دواهەمین وێنەش، ڕێکەوتنی کشتوکاڵ لەگەڵ کەشوهەوای گەرم و نمدار دەردەخات. هەروەها دارستانێکی گەرمیانی کە کشتوکاڵی تێدادەکەن و دارخورما و گیای وشک هەڵاتوو لە ناوچەیەکی وشک پیشان دەدات. پەهپادەکانی ژیری دەستکرد لە کشتوکاڵ و کاروباری مەزرا جێی مرۆڤیان گرتووەتەوە.

  • نیمچەویشکارۆی هیند

ئەم وێنەیەی سەرەوە دیهاتێکی قەرەباڵغ پیشان دەدات کە سەرقاڵی کشتوکاڵی برنجن و لە ئاژەڵەکان کەڵک وەردەگرن و ژیانێکی کۆمەڵایەتییان هەیە. بەشی دووەم، شوێنێکی ئەمڕۆییە کە تێکەڵاوێک لە کشتوکاڵی خۆماڵی لەگەڵ ژێرخانگەلێکی نوێ دەردەخات کە ناوچەی باشوور زۆرتر بەم شیوازەیە. وێنەی خوارەوە، تەکنەلۆجییەک دەردەخات کە لەگەڵ گەرما خۆی ڕێک خستووە و هەروەها کشتوکاڵ لەلایەن ڕۆباتەکانەوە بەڕێوە دەچێت و بیناگەلێکی سەوز دەبینین کە جێگەدەستی مرۆڤی زۆر کەم پێوە دیارە، داهاتوویەکی نامۆمان بۆ دەردەخات.

لەنێوان ساڵەکانی ١٥٠٠ تا ئەمڕۆ، لە هەموو جیهاندا ڕووداوگەلێکی زۆر وەکوو: شۆڕشی پیشەسازی، داگیرکردن، سەرهەڵدانی حکوومەتگەلی نوێ، کۆمەڵکوژی و گەرمبوونی کەشوهەوامان دیتووە.

ئەگەر وریا نەبین و کەشوهەوا هەروا بەرەو گەرمبوون بڕوات، لە ٥٠٠ ساڵی داهاتوودا زەوی گۆڕانکاری بەسەر دێت و نامۆ دەبێت. تەنانەت لەوانەیە ژیانیش تێدا دژوار بێت و هەروەها لەوانەیە زۆرینەی ئەو فەرهەنگانەی کە خاوەن مێژوو و جوگرافیای تایبەت بە خۆیانن و وەک شۆناسی ئێمە دێنە ئەژمار لەناو بچن. کەواتە دەبێت وریا بین و خێرا ڕادەی بڵاوبوونەوەی گازەگوڵخانەییەکان کەم بکەینەوە.

وەرگێڕ: سومەیە کەریمی

چاودێری زمانی: محەمەد محەمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button