بابەتژینگە

لێهاتوویی فێربوونی ئاواز لە ناو فینچەکان

فینچەکان دەتوانن گۆرانییەکان بەپێی ڕیتمەکەیان لە یەکتر جیا بکەنەوە.

لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن کە فینچەکان دەتوانن وەکوو مرۆڤ، گۆرانییەکان بەپێی ئەو ڕیتمەی کە هەیانە لە یەکتر جیا بکەنەوە. ئێمەی مرۆڤ زۆر جار دەبینین مۆسیقا کاریگەریمان لەسەر دادەنێت. هەروەها لەلایەکی ترەوە، هەندێک ئاژەڵ وەکوو فیل و کاکادۆمان دیتووە کە بە بیستنی مۆسیقا دەکەونە سەماکردن؛ لەوانەیە ئەمە گومانێک لە ئێمەدا دروست بکات و بڵێین پێوەندییەکی خۆماک لەم بەینەدا بوونی هەیە.

هەندێک لە باڵندەکان وەکوو فینچەکان، لە لێهاتوویی فێربوونی ئاوازدا لە زۆر بارودۆخدا بە شێوەی جیاواز هەڵسوکەوت دەکەن. ڕەنگە ڕەگەزێکیان لە هەمبەر هاوسەرەکەیدا لێهاتوویی و شارەزایی فێربوونی دەنگی زیاتر بێت. هەروەها لە بواری لێوەشایی فێربوونی ڕیتمە نوێیەکانیشدا جیاوازن. واتە هەندێکیان زیرەکتر و لێوەشاوەترن.

مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ڕیتمەکان تێبگات، پێویستە لەنێوان دەمارەکانی مێشکیدا پێوەندییەکی دروست، بوونی هەبێت تاوەکوو لە دەنگەکان تێبگات و چاودێریی جموجۆڵەکان بکات. هەر ئەمەش هۆکارێکی گرینگە بۆ ئەوەی بڵێین ڕیتم پاڵنەرێکی زۆر باشە بۆ سەماکردن.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی پارکینسۆنیان هەیە، لە ڕاستیدا کێشەکەیان دەگەڕێتەوە سەر لایەنەکانی جموجۆڵ و بیسراوەیی مێشک. میمی کائۆ لەم بوارەدا دەڵێ: ڕیتمی مۆسیقا دەتوانێت جموجۆڵی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی پارکینسۆنیان هەیە ئاساییتر بکاتەوە. لێکۆڵەران بەوە گەیشتوون کە فینچەکان دەتوانن ئاوازەکان بەپێی ڕیتمەکەیان بناسنەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەی لێکۆڵەران، فینچەکان دەتوانن گۆرانییەکان بەپێی ئەو ڕیتمەی کە هەیانە لە یەکتر جیا بکەنەوە. ئەمەش هۆکارێکە کە بەوە بگەین فینچەکان بەشێک لە مێشکیان بۆ فێربوون و لێکدانەوەی دەنگەکان زۆر وریا و بەهێزە و دەتوانێت بۆ خوێندنەوە و تاوتوێ کردنی سیستمی نۆرۆبیۆلۆژیی ڕیتمی مرۆڤەکان زۆر بەسوود بێت.

فینچەکان دەتوانن لە ڕیتمەکان و لایەنی بیسراوەیی و جموجۆڵی مێشک تێبگەن و ئەمەش یارمەتیی پسپۆڕان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن سەبارەت بە نژیارڤانیی دەمارەکانی وتووێژ و جموجۆڵی ڕێکوپێک لە مرۆڤدا سەرەداوێک ببیننەوە.

وەرگێڕ: سومەیە کەریمی

چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button