بابەتژینگە

پارادۆکسی وزەی سەوز

تەختەی خۆری و پاشماوەی ژەهراوی ئەو تەختەی خۆری ئەوەندەی کە بیرمان لێ دەکردەوە “سەوز” نیە.

یاسا و داخوازییەکی زۆر لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنیی فۆسیل هەیە و وزەی خۆری یەکێک لە جێگرەوە باشەکانی سووتەمەنیی فۆسیلە. دەگوترێت که سەرچاوەیەکی هەمیشەیی و پاکی وزەیە، بەڵام ئێمە تا ئێستا هەر نیوەی پڕی پەرداخمان بینیوە!

ئەم بابەتە لە لایان نووسەرانی ژینگەپارێز که لایەنگری بەسوودتربوونی وزەی ناوکی لەچاو سەرچاوەکانی دیکەی وزەن نووسراوە.

ئەگەر هێزگەیەکی ناوکی هەبێت و هێزگەیەکی خۆری بە هەمان هێزەوە لێبدەین، تا دوو هێزگە به هێزی یەکسان بەڵام به دوو سەرچاوەی جیاواز هەبن، دوای ٢٥ ساڵ کە تەمەنی تەختەی خۆرییەکان بەسەر دەچن، ڕێژەی زبڵێک کە لە هێزگەی خۆری ماوەتەوە ٣٠٠ هێندەی پاشماوەی هێزگەی ناوکییه. واتا ئەگەر زبڵی هێزگەی ناوکی لە زەوییەک بەقەدەر زەویی تۆپێن کۆ بکەینەوە، بەرزاییەکەی دەگاته باڵەخانەی پیزا، بەڵام ئەگەر پاشماوەی هێزگەی خۆری لەسەر یەک هەڵبچنین، ئەوە دەگاته ٢ هێندەی بەرزایی لووتکەی ئێڤێرێست.

گەرچی مەترسیی پاشماوەی هێزگەی ناوکی لەچاو پاشماوەی هێزگەی خۆری یەکجار زۆرتره، بەڵام باسی مامەڵەکردن و شاردنەوەی ئەم ڕێژه زبڵە باسێکی گرینگه.

تەختەی خۆر لە چەشنێکی تایبەتی سیلیکۆن بەرهەم دێت. پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەو تەختانە وزەیەکی زۆری پێویسته کە زۆر جار بۆ دروستبوونی دەبێت سووتەمەنیی فۆسیل بسووتێنرێت. بەرهەمهاتنی گازی گوڵخانه و تەنانەت گازی ژەهراوی و مەترسیدار بۆ تەندرووستی لە ئاسەوارەکانی دروستکردنی تەختەی خۆرییە.

تەختەی خۆری هەروەها مادەیەک بە ناوی سیلیکۆن تێتراکۆلۆرایدی تێدایه که پاش فڕێدان، لەگەڵ ئاو کاردانەوەی دەبێت و کۆلۆریدریک ئەسید پێک دەهێنێت کە ژینگە لەناو دەبات و زەوی دەسووتێنێت.

ئاوێکی زۆر لە ماوەی بەرهەمهێنانی ئەم تەختانە سەرف دەبێت. بەراورد دەکرێت بۆ پێکهێنانی هێزگەیەکی ٢٣٠ مێگاواتی، ١.٥ ملیار لیتر ئاو سەرف ببێت و هەروەها لە ساڵدا ٢٦ ملیۆن لیتر ئاو بۆ شۆردنەوەی تەختەکان پێویسته. گەرچی ئاوێک که لە هێزگەیەکی ناوکی بۆ فێنککردنەوەی کوورەکان بە کار دێت لەم ڕێژەیە یەکجار زۆرتره.

تەختەی خۆر هەروەها زەوی ژێر خۆی لەناو دەبات. ڕوونە کە هیچ گیایەک له ژێر تەختەی خۆر سەوز نابێت چوونکە هەمووکات لە سێبەردا دەبێت. ئەوەش دەبێته ئەو هۆیه کە زۆربەی هێزگەکانی خۆری دنیا لە بیابانەکان و ئەو جێگایانەی زەوی سوودێکی نەماوە لێدەدرێت.

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی جێگرەوە (IRENA) پێشبینی دەکات تا ٢٠٥٠ نزیکەی ٧٨ ملیۆن تۆن تەختەی خۆری گەیشتبێنه کۆتایی تەمەنی خۆیان و ئەمەش لە حاڵێکدایه که هێشتا ڕێگەیەک بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەم تەختانە نەدۆزراوەتەوە.

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: سەعدی کیانی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button