Close

بارودۆخی کار لە سەردەمی کۆرۆنادا

لە سەردەمی کۆرۆنادا، چەند ملیۆن ئەمریکی کاری خۆیان لە دەست دا، لە کاتێکدا کە دەوڵەمەندەکانی ٢.١ تریلیۆن دۆلاریان بەدەست هێنا

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی پەیمانگەی لێکۆلینەوەکانی سیاسەت (IPS) و ڕێکخراوەی ئەمریکییەکان بۆ یەکسانیی باج (ATF)، سەرەڕای ئەوەی کە ٨٩ ملیۆن ئەمریکی لە ماوەی کۆرۆنادا کاری خۆیان لەدەست دا، سامانی ملیاردێرەکانی ئەمریکی لەم ماوەیەدا ٧٠% بەرز بوویەوه. ئەم دوو ڕێکخراوەیه، سامانی ملیاردێرە ئەمریکیەکانی لە مەودای ١٨ی مارسی ٢٠٢٠ تاکوو ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١یان تاوتوێ کردووە و هەروەها دەریانخستووه کە ژمارەی ملیاردێرەکانی ئەمریکا لە ٦١٤ەوە بۆ ٧٤٥ کەس زیادی کردووه.

ئەم بڕە پارەیە دەبێته ٦٠%ی ئەو بودجە ٣.٥ تریلیۆن دۆلارییەی که جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا تەرخانی کردووە تا ژێرخانەکانی وڵاتی ئەمریکا، کە بە هۆی قەیرانی کۆرۆناوە زەرەریان لێ کەوتووه، نۆژەن بکاتەوە و ١٠ ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنێت. لە کاتێکدا که بایدن دەیهەوێت ئەم پارەیە لە ماوەی ده ساڵدا بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکا سەرف بکات، دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا به ١.٥ ساڵ ئەو پارەیەیان بەدەست هێنا.

بە سەرنجدان بەوەی کە دنیا خەریکه بەرەو ژیانێکی ئاوێتەی تەکنەلۆجیا دەچێته پێش، چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵ زۆرترین داهاتیان هەبێت. لەناو ئەم لیستەدا ناوی بیل گەیتس و ستیڤ بالمێر دێته بەر چاو کە بە هۆی هەبوونی پشک له مایکرۆسۆفت، لەم ماوەیەدا ٣٤.٤ و ٤٤.٢ ملیار دۆلار داهاتیان هەبووه. ئەم ڕاپۆرته هەروەها ئاشکرای دەکات سامانی لەری ئێلیسۆن، بناغەدانەر و بەڕێوبەری سەرەکیی کۆمپانیای ئۆڕاکڵ لەم ماوەیەدا پتر له دوو قات زیاد بووه و گەیشتووەتە ١٢٤.٥ ملیار دۆلار.

سامانی مارک زاکربێرگ، بناغەدانەری فەیسبووک، سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا، به هۆی داخرانی فەیسبووک و کۆمپانیاکانی ژێردەست، ٦ ملیار دۆلار کەمی کرد، لەم ماوەیەدا ١١٥% بەرز بووەتەوە.

جێف بێزۆس، بناغەدانەری ئەمازۆن لەم ماوەیەدا ٨٠ ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بووه بەڵام لە سەرەوەی ئەم لیستەدا، ناوی ئیلۆن ماسک بناغەدانەری تێسلا و سپەیس ئێکس دەبینرێت کە به ڕێژەی سەرسووڕهێنەری ٧٥١%ەوە دەوڵەمەندتر بووه و ناوی وەک دەوڵەمەندترین کەسی دنیا تۆمار کردووە.

لیستی ئەم کەسانه دەتوانن به تەواوی لەم ماڵپەڕەدا بخوێننەوە

لەم لیستەدا ناوی وارن بافێت، میشێل بلومبێرگ و بنەماڵەی والتۆن (خاوەنی والمارت) دەبینرێت. بە هۆی ئەوەی کە ئەم دەوڵەمەندتربوونه لەپێناو گەشەی نرخی پشکی ئەو کەسانەیه، تا کاتێک کە پشکەکانیان نەفرۆشن، هیچ باجێکیان لەسەر نییه. ATF لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت؛ ئەم دەوڵەمەندانه به هەبوونی ئەو سامانه زەبەلاحەوە، دیسانیش دەچن وام به سوودی کەمەوە وەردەگرن و لەوێش هیچ کات باج نادەن.

وەک وتمان تەنیا کاتێک کە ئەم پشکانەیان بفرۆشن، دەوڵەت دەتوانێت باج له خاوەن پشکەکان وەربگرێت. باجی فرۆشی پشک لە ئەمریکا لانی زۆر ٢٠%ه (لە زۆربەی ویلایەتەکان ٨%) کە ئەوەش لە چاو باجی ٣٧%ی فەرمانبەرانی ئاسایی وەک مامۆستایان و پەرستاران یەکجار کەمتره. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە که ماسک، بێزۆس و بلومبێرگ لەم ساڵانەی دواییدا، تەنانەت یەک دۆلاریش باجیان نەداوه!

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *