بابەتژینگە

هەنگەکان بۆ پاراستنی خۆیان لە هەمبەر مشەخۆرەکان لە مەودادانانی کۆمەڵایەتی کەڵک وەردەگرن

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن تیپێکی نێونەتەوەیی پێکهاتوو لە توێژەرانی زانکۆی جیهانیی لەندەن و زانکۆی ساساریی ئیتالییەوە ئەنجام دراوە، دەریخستووە کاتێک کە هەنگەکان بۆیان دەردەکەوێت کە پوورەهەنگەکەیان لەلایەن مشەخۆرەکانەوە لەژێر هەڕەشەدایە، مەودای کۆمەڵایەتیی نێوان خۆیان زیاتر دەکەن.

پوورەهەنگەکان لە دوو بەشی سەرەکی ساز دەبن: بەشی دەرەوە کە بە گەڕۆکەکان پڕ بووەتەوە و بەشی ناوەوەش کە شاژن، بەچکەکان و پەرەستارەکان تێیدا نیشتەجێن. ئەم دابەشبوونەی ناوەوەی پوورەهەنگەکان بووەتە هۆی ئەوەی هاتوچۆیەکی کەمتر لەنێوان ئەو دوو بەشەدا بکرێت و یارمەتییان دەدات کە گرینگترین تاکەکان (شاژن، هەنگە گەنجەکان و بەچکەکان) لە ژینگەی دەوروبەریان و لە ئەنجامدا، لە هەمبەر هاتنی نەخۆشییەکان پارێزراو بن.

توێژەران بە هەڵسەنگاندنی ژمارەیەک پوورەهەنگ کە هەندێکیان پندی ڤارۆئا (گەنەی ڤارۆئا) تێیدا تەشەنەی سەندووە و هەندێکیان نا، بەو ڕەفتارەیان زانی کە سەمای هەنگە گەڕۆکەکان کە دەیتوانی ڕاگواستنی پندەکان زۆرتر بکاتەوە، لە بەشە ناوەندییەکانی ئەو پوورانەدا کە پندەکان تێیاندا تەشەنەیان سەندبوو، کەمتر دەبینرا. هەروەها بینییان ڕەفتاری خاوێنکردنەوە زۆرتر لە ناوەندی پوورەکەدا چڕ بوویەوە. توێژەران دەڵێن بەگشتی وا دیارە لە ئەنجامی تەشەنەسەندنی مشەخۆرەکاندا، هەنگە گەڕۆکەکان (هەنگە بەتەمەنترەکان) لە دەوروبەری پوورەکەدا بڵاوە دەکەن. لە کاتێکدا کە هەنگە پەرستار و خاوێنکەرە گەنجەکان لە ناوەندی پوورەکەدا کۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی مەودای نێوان دوو گرووپەکە زۆرتر بکەن.

توانای ئەوان بۆ گونجاندنی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەیان و کەمکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان تاکەکاندا لە وەڵامی هەڕەشەی نەخۆشییەکدا، یارمەتییان دەدات لە هەر شوێنێکدا بکرێت قازانجەکانی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکەیان بگەیەنن بە بەرزترین ئاست و لە هەر شوێنێکدا پێویست بێت مەترسیی نەخۆشییە تەشەنەکەرەکان بگەیەنن بە کەمترین ئاستی خۆی.

پوورەهەنگەکان مۆدیلێکی زۆر باش بۆ توێژینەوە لەسەر مەودادانانی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی تەواو لە بایەخ و کاریگەریی ئەم جۆرە ڕەفتارە دەخەنە بەردەست.

 

وەرگێڕ: سومەیە کەریمی
چاودێری زانستی: ئارمین شەریفی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

 

سەرچاوه

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button