ئابووریبابەت

جیاوازی گەشەی ئابووری و پەرەسەندنی ئابووری

دوو دەستەواژەی development و growth ئەوەندە گرینگن کە بەشێکی زۆر لە هزری ئابووری و باس و مشتومڕی هەموو بەرپرسە سیاسییەکانی پڕ کردووەتەوە!

ئابووریناسان له هەوڵ و تەقالای شیکردنەوە و جیاوازی ئەم دەستەواژانەدان و تێدەکۆشن بە لێکۆڵینەوەکانیان یارمەتیی وڵاتی خۆیان و مرۆڤ بدەن و بەرپرسە سیاسییەکانیش هەوڵ دەدەن لە زانستی ئەوان بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵاتەکەیان کەڵکی لێ وەربگرن.
هاوکات لەگەڵ وتارەکەدا دەمانەوێت باسێکی growth و development بکەین و بەکورتی جیاوازیی نێوانیان دەربخەین و بزانین هاوتای ئەم دوو دەستەواژە لە زمانی کوردیدا چییە.
بەداخەوە له زۆر شوێندا و تەنانەت لە دایەرە فەرمییەکانیشدا ئەم دوو وشە وەک یەک سەیر دەکرێت و جاروبار developmentـیان بە هەڵە بە “گەشە” مانا کردووەتەوە و بەکاریان هێناوە.
بەرانبەری development لە زمانی کوردی هەر وەک واتای ئەم وشە لە زمانەکانی تردا دەبێت بە “پەرەسەندن”.
“گەشە” وشەی هاوتای growthـه.
ئێستاش دەمانەوێت بچینه سەر شیکردنەوەی ئەم دوو دەستەواژه گرینگەی ئابووری.

پێناسەی گەشەی ئابووری و پەرەسەندنی ئابووری:
یەکێک له ئامانجەکانی وڵاتە هەژارەکان گەشە و پەرەسەندنی ئابوورییه. ئەم دوو دەستەواژە جیاوازن و هیچ کات یەک مانایان نییه.
بۆ پەرەسەندنی ئابووری، گەشەی ئابووری پێویسته، بەڵام بەس نییه!
گەشەی ئابووری بریتییه له زۆربوونی بەرهەمهێنان یان داهاتی سەرانەی هەر وڵاتێک. ڕێژەی بەرهەمهێنان زیاتر لەگەڵ بەرهەمی تێکەڵی گشتیی (GNP) یان داهاتی تێکەڵی گشتیی (GNI) هەڵدەسەنگێنرێت و ئاساییه کە ئەم دووانە لەبری یەکتر بەکار بهێنرێت و گەشەی هەرکام لەم دوو دەستەواژه بە واتای گەشەی گشتیی ئابووری نیشان بدرێت.
پەرەسەندنی ئابووری بریتییه له گەشەی ئابووری لەگەڵ گۆڕانکارییەک کە لە دابەشکردنی داهات و پێکهاتی ئابووریدا هەیە. ئەم گۆڕانکارییانە بریتین له باشبوونی خزمەتگوزاری بە مەبەستی ئاسوودەیی چینی هەژاری کۆمەڵگە، کەمبوونی ئاستی بەشی کشتوکاڵ و هاوکات زۆربوونی ئاستی بەشی پیشەسازی له بەرهەمی تێکەڵی نیشتمانی (GNP)، بەرزبوونی ئاستی فێرکاری و شارەزایی کرێکاران و پێشکەوتنی تەکنیکی له پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە هەر وڵاتێکدا.
گەشەی ئابووری جەخت دەکاتە سەر پێناسەگەلی چەندایەتی، بەڵام پەرەسەندنی ئابووری زۆرتر جەخت دەکاتە سەر گۆڕانکاریگەلێک وەک ئاستی فێرکاری، هاودەنگی فیزیکی یان توانای ئابووری بۆ خۆیەکخستن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆجیا.

وەرگێڕ: ئێحسان ئیزەدی
چاودێری زمانی: سەعدی کیانی

سەرچاوە: پەرەسەندنی ئابووری – ئی واین نافزیگێر ٢٠٠٥، لاپەڕەی ۱۰ تا ۱۲

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button