بابەتتەکنەلۆجیا

کوردێک لەگەڵ هاوکارەکانی ناسکترین پڕژێنەری ڕووناکیان دروست کرد

فۆتۆنیک، زانستی بەرهەمهێنان، بڵاوکردن و ناساندنی ڕووناکییه و وەک بزوێنەری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای سەدەی بیست و یەک لە قەڵەم دەدرێت. دنیای تەکنەلۆجیاش بەردەوام بەرەو بچووکتربوونەوە دەڕوات. ڕووناکی و تیشک بەشێکی گرینگی تەکنەلۆجیای سەردەمن. بەڵام ئەستووربوونی بەشەکانی ئامێرەکانی ڕووناکی کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم زانستی فۆتۆنیکدا.
توێژەرانی زانکۆکانی ئەڵمانیا توانییان ناسکترین پڕژێنەری ڕووناکی دروست بکەن. ئەم پڕژێنەرە دەتوانێت ڕووناکی لێدراو یەکدەست بۆ هەموو ئاراستەکان بڵاو بکاتەوە. ئەستوورایی ئەم پڕژێنەرە ٣٠٠ جار لە ئەستوورایی مامناوەندیی مووی سەری مرۆڤ ناسکترە.
توێژەران، بۆ دروستکردنی ئەم پڕژێنەرە لە چنینی نانۆتەنۆلکەی سیلیکۆنی لەسەر ڕوەکێک کەڵکیان وەرگرتووە. بۆ پڕژاندنی ڕووناکی، پێویستە شپرزی لە شوێنی چنینی نانۆتەنۆلکەکاندا هەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەی تەکنەلۆجیای کارلسروهەی ئەڵمانیا، دکتۆر ئاسۆ ڕەحیمزادەگان، کە یەکێک لە دوو نووسەری سەرەکی بڵاوکراوەکەن، دەڵێت: “دوو پرسیاری سەرەکی ئێمە لە سەرەتای کارەکەدا ئەوە بوو کە تا چ ڕادەیەک دەتوانین پڕژێنەرەکە بچووکتر بکەینەوە و تا چ ئاستێک شپرزی پێویستە”
ئەم دەستکەوتەش دەتوانێت لە بچووکترکردنی ئەو ئامێرانەی مامەڵە لەگەڵ ڕووناکی دەکەن وەک لێنزەکان، ئاوێنەکان و پڕژێنەرەکانی ڕووناکی زۆر یاریدەدەر بێت. ئەم پێشکەوتنه بۆ زۆر مەبەست وەک کارامەترکردنی هەستەوەرەکانی ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ و هەروەها کۆمپیوتێرە کوانتۆمیی فۆتۆنیکەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
پڕژێنەر diffuser
بڵاوکردنەوە scattering
شپرزی disorder
نانۆتەنۆلکە nanoparticle
هەستەوەر sensor
وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button