بابەتزانستە بنەماییەکان

پیاوێکی ٨٩ ساڵه دوکتۆرای خۆی لە فیزیکدا وەرگرت

ئەمەش سێهەمین دوکتۆرای ئەم پیاوەیە.
مانفرێد شتاینەر، لە دایکبووی ڤیەننا، قوتابییەکی ئاسایی نییه. ئەو لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە زانستگەی (براون)ی ڕۆدایلەندی ئەمریکا دوکتۆرای خۆی لە بواری فیزیکدا تەواو کرد و ئێستاش خەریکی نووسینی بابەتێکە لەسەر تێزی دوکتۆراکەی.
شتاینەر دەڵێت لە منداڵییەوە ئاواتی ئەوە بووە که ببێته فیزیکزان.
ئەو کە لە ساڵەکانی ترس و دڵەڕاوکێی جەنگی جیهانیی دووهەمدا لە ئوتریش گەورە بووه، به ئامۆژگاریی دایک و مامی خۆی دەستی کردووه به خوێندنی پزیشکی و لە ساڵی ١٩٥٥ (لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا) لە زانستگەی ڤیەننا، بڕوانامەی پزیشکی وەرگرتووه. دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە واشینگتن و لە ساڵی ١٩٦٧دا لە بواری خوێن ناسی لە پەیمانگای تەکنیکیی ماساچۆست دوکتۆرای خۆی وەرگرتووه.
شتاینەر بۆ ماوەی چەند دەیە وەک خوێن ناس لە زانستگەی براون لەسەر لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی کاری کردووە و لە پەنا ئەوەشدا بە بەشداریکردن لە کۆڕەکانی فیزیکی کوانتۆم، حەزی خۆی بۆ فیزیک لە ناو دڵیدا زیندوو ڕاگرتووە. بەڵام تەنیا لە تەمەنی ٧٠ ساڵی و دوای خانەنشینی بوو کە هەل و کاتی بۆ ڕەخسا کە دەست بکات بە فێربوونی فیزیک. ئەو کاتە بوو که مانفرێد ناوی خۆی بۆ قۆناغی کارناسیی فیزیک لە زانستگەی براون تۆمار کرد.
ئەو لە ساڵی ٢٠٠٧دا گەیشته قۆناغی دوکتۆرای فیزیک و لێکۆڵینەوەکانی خۆی دەست پێکرد. شتاینەر دوای تەواوکردنی دوکتۆرا و بەرگریی کردن لە تێزەکەی، هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوە و بابەت نووسینه و دەیەوێت مێشکی خۆی گەرم ڕاگرێت! ئەو دەڵێت لەو هەموو ساڵەی کە بە خوێندنی زانستی پزیشکی سەرفی کردووه پەشیمان نییه بەڵام فیزیک و فیزیکزانی خەونی سەردەمی منداڵیی بووە و ئێستا کە پێی گەیشتووه خۆی بە بەختەوەر دەزانێت.

پەیامێکیشی بۆ خەڵکی دنیا هەیە: “ئەگەر ئاواتێکت هەیە بە دوایدا بچۆ”

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوه

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button