بابەتتەکنەلۆجیا

ئەم ڕەنگە دیواری ماڵەکەت دەکات بە سەرچاوەی وزە!

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی پیشەسازیی وزەی خۆری (SEIA)، لە دە ساڵی ڕابردوو لە ئەمریکا، بەرهەمهێنانی وزەی خۆری ساڵانە بە ڕێژەی سەرسووڕهێنەری ٤٢% گەشەی کردووە.

تەکنەلۆجیای فۆتۆڤۆلتاییک زۆر ڕێگەی بۆ کۆکردنەوەی وزەی خۆر کردووەتەوە. جگە لە تەختەی خۆری کە لە سەربانەکان دادەمەزرێت، زۆر کەرەستەی تریش هەن کە ڕاستەوخۆ لە خۆر وزە دەگرن وەک بارگەکەرەکان و ئاوگەرمکەرەکان. بەڵام تا ئێستا «ڕەنگی خۆری»ت بیستووە؟!

ئەم ڕەنگە کە زانایانی زانستگەی تۆرنتۆ بەرهەمیان هێناوە لە نانۆتەنولکەی وەرگری فۆتۆن پێکهاتووە و دەتوانێت تیشکی ڕووناکی لە شەبەنگی خوارووی سووریش وەربگرێت. یەکەم جار بۆ بەرزکردنەوەی کارامەیی تەختەی خۆری بەکار هات و توانیی ١١% کارامەیی تەختەی خۆری زیاتر بکات بەڵام دواتر وەک ڕەنگێک کە دەکرێت بەسەر هەر تەختەیەکدا بپرژێت پەرەی پێ درا.

ئەم ڕەنگە لە ئۆکسایدی تایتانیوم (کە لە ڕەنگی ئاساییشدا هەیە) و سولفایدی مۆلیبدێن پێک هاتووە.

زانایان خەریکن لەسەر ئەم ڕەنگە کار دەکەن تاکوو بکرێت بەئاسانی بەسەر هەر شتێکدا بپرژێت و کارەبا بەرهەم بهێنێت، لە باڵی فڕۆکەوە بگرە تا دیواری ماڵەکان. بەم حاڵەشەوە جارێ کارامەییەکی ئەوتۆی نییە و لە باشترین حاڵەتدا ٨%ی وزەی خۆر دەکات بە کارەبا (تەختەی خۆریی ئاسایی ٢٥% کارامەیی هەیە).

ئەم شێوازە لەوانەیە لە دامەزراندنی تەختەی خۆری لە سەربانەکەن زۆر ئاسانتر بێت و تێچووی کەمتری بوێت. تۆ لە هەر شوێنێکی بەر تاوی ماڵەکەت دەتوانیت لەم ڕەنگە لێ بدەیت، بەڵام بۆ کۆکردنەوە و کۆنترۆڵی کارەبا دەبێت لە پسپۆڕێک یارمەتی وەربگریت.

بارگەکەر Charger
نانۆتەنولکە Nanoparticle
شەبەنگ Spectrum
خوارووی سوور Infrared
ئۆکسایدی تایتانیوم Titanium Oxide
سولفایدی مۆلیبدێن Molybdenum-Sulfide

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

سەرچاوه

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button