بابەتتەکنەلۆجیا

ئانتۆنۆڤ ٢٢٥ گەورەترین فڕۆکەی دنیا

گەورەترین فڕۆکەی دنیا کە لە شەڕی ئەم دواییەی ئوکراینا تێک شکا
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە هەواڵنێرێکی بەریتانی بڵاو بوویەوە کە تێیدا گەورەترین فڕۆکەی بارهەڵگری دنیا بە ناوی ئانتۆنۆڤ ٢٢٥ لە فڕۆکەخانەی گۆستۆمێل لە شاری کیێڤی پایتەختی ئوکراینا لە حاڵی سووتاندایە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٨٠دا پێویستی به فڕۆکەیەکی گەورەی تایبەت بۆ هەڵگرتنی شاتێلەکانی سۆڤیەت هەست پێ دەکرا. کۆمپانیای ئانتۆنۆڤ هەڵکەوتوو له ئۆکراینا کە ئەو کات یەکێک لە کۆمارەکانی یەکگرتووی سۆڤیەت بوو، لەسەر بنەمای ئانتۆنۆڤی ١٢٤ کە چوار بزوێنەری هەیه، ئانتۆنۆڤی ٢٢٥ی دروست کرد کە شەش بزوێنەری توربۆفەنی هەیە.
فڕۆکەی ئانتۆنۆڤی ٢٢٥ کە ناوی (مریا)ی لەسەرە ٨٤ مەتر درێژە، ١٨ مەتر بەرزه، مەودای نووکی باڵەکانی ٨٨.٥ مەتر دەبێت، بە بەتاڵی ٢٨٥ تۆن کێشی هەیە و دەتوانێت تا نزیکەی ٢٥٤ تۆن بار هەڵگرێت.
یەکەم جار لە ٢١ی دیسەمبری ١٩٨٨دا هەڵفڕی. دوای ڕووخانی سۆڤیەت و سەربەخۆیی ئوکراینا، لەوێ مایەوە و وەک بارهەڵگرێکی تایبەت کەڵکی لێ وەردەگیرا. لە ماوەی ژیانی خۆیدا گەورەترین و گرانترین بارەکانی دنیای گواستووەتەوە. بۆ نموونە لەساڵی ٢٠١٠دا، دوو تورباینی بای ٤٢ مەتریی لە چینەوە بردە دانمارک کە بە گەورەترین گواستنەوەی هەوایی لە مێژوودا تۆمار کراوە.
مریا بۆ پێڕاگەیشتن و چاککردنەوە لە فڕۆکەخانەی گۆستۆمێل بوو کە لە هەفتەی پێشوودا هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەری.
سەرۆکی کۆمپانیای ئانتۆنۆڤ، خاوەنی مریا دەڵێت: هەرچەند فڕۆکەکە سووتاوە و زیانێکی زۆری پێ گەیشتووه بەڵام وازی لێ ناهێنین و هیوادارین دوای تەواوبوونی شەڕ، بتوانین بۆ جارێکی دیکه مریا لە ئاسماندا ببینین.

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button