Close

دۆزینەوەی ئەستێرەیەکی سەردەمی بەدیهاتنی گەردوون

ئەستێرەناسان دوورترین ئەستێرەی بەدیهاتوو لە کاتی سەرەتایی بەدیهاتنی گەردوونیان دۆزیوەتەوە. زەبەلاحێکی فرەڕووناک و فرەگەرم کە نزیک سێزدە ملیار ساڵ لەمەوبەر و کاتی یەکەمین کازیوەی گەردوون بەدی هاتووە.

وێنەی هەواڵەکە: لە دیمەنێکی ورد لە ناوچەیەک کە ئارێندێل تێیدا لە سەرەوەی لای ڕاستی هێڵێکی باریکە، هێشوویەک لە کۆمەڵێک ئەستێرە دەبینرێت کە تیشکی ئەستێرەکە بە هۆی گراڤیتی دەچەمێنێتەوە.

بەڵام باشترە بزانن کە ئەم ئەستێرە شینە درەوشاوەیە زۆر لەمێژە نەماوە و بە هۆی قورسایی زۆری خۆی تەنیا چەند ملیۆن ساڵ پاش سازبوونی تەقیوەتەوە و ئێستا نەماوە. ئێمە پاش سێزدە ملیار ساڵ تیشکی ئەم ئەستێرەیەمان پێ دەگات و وەک ئەمە وایە ڕابردووی ئەم ئەستێرەیە ببینین. تەقینەوەی ئەم ئەستێرەیە ئەم هەلەی ڕەخساندووە کە تاقمێکی نێونەتەوەیی ئەم ئەستێرەیان بە یارمەتیی چاودێریی تەلەسکۆپی سپاشی هابڵ دۆزیوەتەوە.

نووسەرانی ئەم گوتارە بڕوایان وایە ئەم ئەستێرەیە نزیک ١٢.٨ ملیار ساڵ لە ئێمە دوورە و تەنیا ٩٠٠ ملیۆن ساڵ پاش تەقینەوەی مەزن بەدی هاتووە.

دوورترین ئەستێرەیەک کە پێش ئەمە دۆزرابووەوە “ئیکارووس” بوو کە بە یارمەتیی هابڵ دۆزراوەتەوە و نزیک ٩.٤ ملیار ساڵ پێش بەدی هاتووە و بەم پێیە نزیک چوار ملیار ساڵ پاش تەقینەوەی مەزن ساز بووە. لە وێنەی ناو دەقەکەدا کە لەلایەن ناساوە بڵاو کراوەتەوە، ئەستێرەی ئارێندێل بە پێکانێک نیشان دراوە و گەلەئەستێرەی کازیوە لە خوارەوەی لای چەپەوە بۆ سەرەوەی لای ڕاست کێشراوەتەوە و بە هۆی بوونی هێشوویەکی ئەستێرەیی مەزن لەنێوان ئەو و هابڵدا چەمیوەتەوە. قورسایی ئەم هێشوویە ڕێک وەکوو هورکبینێک کار دەکات و چەمینەوەی تیشک دەبێتە هۆی گەورەنوێنیی وێنەی ئارێندێل.

لە دۆزینەوەی هەردوو ئەستێرەکەدا ئەستێرەناسان بۆ گەورەنوێنیی تیشکی بچووکی ئەستێرەکان کەڵکیان لە تەکنیکێک بە ناوی “نیسکۆکی گراڤیتی” وەرگرتووە. گراڤیتیی هێشووگەلی نزیکتر بە ئێمە وەک هورکبینێک بۆ دیتنی تیشکە بچووکترەکانی پشتەوەی خۆیان کار دەکەن. ئەگەر ئەو دیاردە سەرنجڕاکێشە نەبووایە هیچ کاتێک ئێمە ئیکارووس و ئارێندێلمان نەدەدیت.

هەرچەند هابڵ پێشتر چاودێریی گەلەئەستێرەگەلێکی دەکرد کە ٣٠٠ تا ٤٠٠ ملیۆن ساڵ پاش تەقینەوەی گەورە بەدی هاتوون، بەڵام توانایی دیتنی یەک تاک ئەستێرەی نەبوو.

ئارێندێل ٥٠ هێندەی خۆر گەورەترە و نزیکەی یەک ملیۆن جاریش ڕووناکترە.

وشەکان:
Earendel: ئارێندێل
Dawn: کازیوە
magnification: گەورەنوێنی
cluster: هێشوو
cosmos: گەردوون
Hubble Space Telescope: تەلەسکۆپی سپاشی هابڵ
Icarus: ئیکارووس
gravitational lensing: نیسکۆکی گراڤیت

وەرگێڕان: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

Related Posts

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .