بابەتتەکنەلۆجیا

قەت بیرتان لەمە کردووەتەوە کە دڵۆپێک ئاو وەک تەلەسکۆپێک بەکار بهێنن؟

تەلەسکۆپێکی سپاشی زەبەلاح سازکراو بە تراو

ئاوێنەی سەرەکیی تەلەسکۆپی سپاشی هابڵ ٢.٤ مەترە. تەلەسکۆپی “نانسی گرەیس ڕۆمان” ئاوێنەیەکی ٢.٤ مەتری هەیە و ئاوێنەی سەرەکیی تەلەسکۆپی سپاشی جەیمز وێب ٦.٤ مەترە. ئەمانە بۆ ئەم مەبەستەی کە داڕێژراون، زۆر باش و گونجاون.

بەڵام ئەگەر بتوانین ئاوێنەگەلێکی گەورەترمان هەبێت چی؟

هەرچەندەی ئاوێنەیەک گەورەتر بێت تیشکێکی زۆرتر کۆ دەکاتەوە. ئەمەش بەم واتایەیە کە بە یارمەتیی ئاوێنەی گەورەتر دەتوانین زۆرتر لە قووڵایی ئاسمان بڕوانین، سەردەمێکی زۆر کۆنتر ببینین، بەدیهاتنی ئەستێرەکان و گەلەئەستێرەکان ببینین، ڕاستەوخۆ بڕوانینە هەسارە دەرەکییەکان و لە ماددەی تاریک تێ بگەین.

بەڵام ڕەوتی سازکردنی ئاوێنە ئاڵۆز و کاتگرە. بۆ سازکردنی شکڵی سەرەتایی ئاوێنە پێویستە سەرەتا ئاوێنەیەک لە پێژەرێکی بەتاڵ بکرێت. پاشان پێویستە بە گەرمکردن و خێراساردکردنەوە، شووشەکە نەرم بکرێتەوە. ئینجا وردکردنی شووشە و لووسکردن و پاشان تاقیکردنەوە و پۆشەنکردنی نیسکۆکەکە بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕەوتە بۆ نیسکۆکە بچووکەکان زۆر ئەستەم نییە بەڵام ئێمە پێویستیمان بە دانەیەکی زۆر گەورەتر هەیە.

ئێستا ئەم ئایدیایە لەبەرچاو بگرن کە بتوانین بۆ سازکردنی نیسکۆکێک ١٠ تا ١٠٠ هێندە گەورەتر لە سپاش، لە تراوەکان کەڵک وەربگرین. کاتی پێویست بۆ سازکردنی زۆر کەمتر لە کاتی پێویست بۆ سازکردنی نیسکۆکە شووشە-بنەماکانە.

ئەزموونی تەلەسکۆپی مەزن لەلایەن “ئێدواڕد باڵابان” توێژەری سەرەکی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەیمز لە کالیفۆرنیا و بە یارمەتیی چەند ناوەندی تر بەڕێوە دەچێت.

ئامانجی ئەوان لواندنی هەلێکە بۆ سازکردنی نیسکۆکگەلی تراو (سازکراو لە تەوشێک) لە قووڵایی سپاشدا، کە نەتەنیا لە نیسکۆکە شووشە-بنەماکان گەورەتر بن بەڵکوو لە ڕوانگەی ڕووناکییەوە بە هەمان کتۆیی بەرز یاخود تەنانەت بەرزتر لە نیسکۆکگەلی سازکراو لەسەر زەوی بن. هەروەها گشتی ئەم ڕەوتە بتوانرێت تەنانەت لە ماوەیەکی بچووکی کاتدا ساز بکرێت.

لە سپاشدا، دڵۆپەی تراوەکان گۆی تەواو ساز دەکەن. بۆ تاقیکردنەوەی پێواژۆیەکە، تیمەکە هەوڵی داوە لە ئاو کەڵک وەربگرێت. بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامی دروست تیمەکە هەوڵی داوە چڕیی ئاو، نزیک چڕیی ئەو پۆلیمێرانە بێت کە بڕیار بوو لە سازکردنی نیسکۆکە تراوەکاندا لە کار بکرێن تا کاردانەوەی گراڤیتی لە تاقیکارییەکە کەم بکرێتەوە. بەبێ هیچ کردەوەیەکی میکانیکی پۆلیمێرە تراوەکە کرایە ناو فڕەیمێک کە پێشتر لە ئاودا مەلەوەر کرابوو و پاشان کرایەوە بە خۆگر و بەم پێیەش نیسکۆکێکیان ساز کرد کە زۆر باشتر لە نیسکۆکە ئاساییەکان بوو.

پاش ئەم تاقیکارییە کە لەسەر زەوی ئەنجام دراوە، تاقیکارییەکە لە کاتی هەڵفڕین تاوتوێ دەکرێت و ئەگەر ئەویش سەرکەوتوو بێت وەرچەرخانێکی گەورە لە سازکردنی نیسکۆک دەبێت و یەکەم کەرەستەی ڕووناکی دەبێت کە لە خودی سپاشدا ساز دەکرێت.

وشەکان:
Space: سپاش
Space Telescope: تەلەسکۆپی سپاشی
Hubble space telescope: تەلەسکۆپی سپاشی هابڵ
Liquid: تراو
Nancy Grace Roman telescope: تەلەسکۆپی نانسی گرەیس ڕۆمان
Webb Space Telescope: تەلەسکۆپی سپاشی جەیمز وێب
Galaxy formation: بەدیهاتنی گەلەئەستێرە
Exoplanet: هەسارەی دەرەکی
Dark matter: ماددەی تاریک
Casting: پێژەر، پێژین
Polishing: لووسکردن
Coating: پۆشەنکردن
Lens: نیسکۆک
Glass-based: شووشە-بنەما
Edward Balaban: ئێدواڕد باڵابان
Ames Research Center: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەیمز
Fluid: تەوش
Quality: کتۆیی
Optically: ڕووناکی
Density: چڕی
Liquid polymer: پۆلیمێری تراو

وەرگێڕان: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button