بابەتتەکنەلۆجیا

ئیکسۆن مۆبیل گازی زیادیی چاڵە نەوتییەکان دەکاتە بیتکۆین!

بەپێی هەواڵی بلوومبێرگ، کۆمپانیای نەوتیی ئیکسۆن مۆبیل گازی زیادیی چاڵە نەوتییەکانی “داکۆتای باکوور”، بۆ دەرهێنانی بیتکۆین دەکاتە سووتەمەنی. ئەم گازە کە لە ئێستادا بەبێ کەڵک فڕێ دەدرێت، لە داهاتوودا بەم شێوەیە بۆ دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵ بەکار دەچێت.

زلهێزی نەوتی، بە هاوکاریی “کرووزۆ ئێنێرجی سیستمز” دەستیان بە تاقیکردنەوەیەک کردووە تا گازی دەرچوو لە چاڵێکی نەوت لە کێڵگەی نەوتیی “باکێن” بۆ ئامێرەکانی دەرهێنانی بیتکۆین کۆ بکەنەوە. ئەم داهێنانە کە لە جەنیوەریی ٢٠٢١دا دەستی پێ کردووە، مانگانە لە ٥٠٠ هەزار مەتری سێجا گاز کەڵک وەردەگرێت کە پێشتر فڕێ دەدرا.

گازی زیادی، بە گازێک دەگوترێت کە لە چاڵەکانی نەوتەوە دەردێت بەڵام بەهۆی ئەوەیکە هەم کەمە و هەم پیس و نەپاڵێوراوە، ئەوەندەی بایەخ نییە تا پارەیەکی زۆر بۆ کۆکردنەوە، بۆریدانان و گواستنەوەی سەرف بکرێت و لەبەر ئەوەیکە گازی ژەهراوی وەک مێتان، پڕۆپان و بیوتان نەدرێتە بەرگەهەوا، هەر لە شوێنی خۆی بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو دەسووتێت.

بەپێی بەراوردی بانکی جیهانی بایەخی ئەو گازەی کە لە کێڵگە نەوتییەکاندا بەبێ کەڵک دەسووتێت، ساڵانە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلارە. هەروەها بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر گازی کاربۆن دیۆکساید بەرهەم دێت. بۆیە بانکی جیهانی داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە بەرنامەیەک دابنێن کە تا ساڵی ٢٠٣٠، ئەم گازە هەروا بەبێ کەڵک فڕێ نەدرێت.

داهێنانی ئیکسۆن مۆبیل هەرچەند لە ڕێژەی دەردانی گازی کاربۆن کەم ناکاتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەیکە چیتر ئەم گازە وەک پاشماوە نادیترێت و قازانجێکی لێ دەکرێت، لەوانەیە کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکە پێشوازی لەم بیرۆکەیە بکەن.

وشەکان:
Exxon Mobil: ئیکسۆن مۆبیل
North Dakota: داکۆتای باکوور
Mining Bitcoin: دەرهێنانی بیتکۆین
Crusoe Energy Systems Inc: کرووزۆ ئێنێرجی سیستمز
Bakken: باکێن

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button