بابەتتەندروستی

بارودۆخی منداڵی و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی پەیوەندیدارە بە تەنیایی لە تەمەنی سەرتردا

بارودۆخی ژیان لە کاتی منداڵیدا وەک هەبوونی هاوڕێ و خوشک و برای کەمتر، پەیوەندیی ساردوسڕ لەگەڵ دایک و باوکان، تەندروستی خراپ و گەورەبوون لە خێزانێکی هەژاردا، هەموویان پەیوەندیدارن بە ڕێژەیەکی زیاتر لە تەنیایی لە تەمەنی سەرتردا.
تەنیایی لە دەیەی ڕابردوودا بابەتێکی جێگەی سەرنج بووە چونکە دەرکەوتووە کە پەیوەندی بە زیانگەیاندن بە تەندروستییەوە هەیە و لەگەڵ چوونەسەرەوەی تەمەن ڕوو لە زیادبوون دەکات. تەنیایی پەیوەندی بە مەترسیی زیاتری تووشبوون بە حاڵەتە دەروونییەکان و تێکچوونی تەندروستی جەستەیی هەیە.

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوت، ڕێژەی تەنیایی لە تەمەنی ژوور ٥۰ ساڵ، لەو کەسانەی لە تەمەنی منداڵیدا بە دەگمەن یان هەرگیز هاوڕێیەکی نزیکیان نەبووە ۱.۲٤ هێندە زیاتر بووە لەو کەسانەی کە لە منداڵیدا هاوڕێیان زۆرتر بووە. لەو کەسانەی کە لە منداڵیدا پەیوەندییەکی لاوازیان لەگەڵ دایکیان هەبووە ۱.۳٤ جار زیاتر بووە لەچاو ئەو کەسانەی کە پەیوەندییەکی باشیان هەبووە. هەروەها لەو کەسانەی کە لە خێزانێکی هەژارتردا ژیاون ۱.۲۱ جار زیاتر بووە لەوانەی کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندا ژیاون. تەنیایی لەو تاکانەی بە کەسایەتی دەمارگرژەوە زیاتر بوو لەو کەسانەی کە بەرپرس و ئەرکناس، کراوە، ڕەزامەند و ڕووخۆشتر بوون.

نووسەر دەڵێت لە ئاکامی توێژینەوەکە هەر بەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا بۆی دەرکەوتووە دۆخی تەندروستی و پشتگیریی کۆمەڵایەتی لە تەمەنی سەرترەوە دوو هۆکاری سەرەکیی تەنیایی لە تەمەنی سەروو پەنجا ساڵدایە. ئەوەی جێگەی سەرنجە توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی و بارودۆخی ژیان لە کاتی منداڵیدا دوای کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵێک لە بارودۆخەکانی دواتری ژیان، پەیوەندییەکی بەرچاویان بە تەنیاییەوە هەیە لە قۆناغەکانی دواتری ژیاندا. بەم پێیە لە داهاتوودا ڕۆڵی دۆخی منداڵی و ئەو میکانیزمانەی کە پەیوەندیی نێوان تەنیایی لە منداڵی و تەنیایی لە ژیانی دواتردا ڕوون دەکەنەوە، شایەنی سەرنجی زیاترن.

وەرگێڕ: هانا جاری
چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button