بابەتگەردوونناسی

بوومەلەرزەی تورکیا | بۆچی ئەم بوومەلەرزەیە هاتووە؟

پێش سپێدەی بەیانیی ڕۆژی ٦ی شوباتی ۲۰۲۳ بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ۷.۸ ڕیختەر باشووری تورکیای لەراندەوە و هێندە بەهێز بوو کە قوبرس و لوبنان و سووریاشی لەراند و بوو بە هۆی کاولکارییەکی ئێجگار زۆر بەتایبەت لە سووریا و تورکیا. هەروەها زۆر کەس گیانیان لەدەست دا و زۆر کەسیش لە ژێر بینا داڕماوەکاندا ماونەتەوە؛ کارەساتێکی دڵتەزێنە. کارەساتەکە کاتێک گەورەتر بوو کە ئەم بوومەلەرزەیە دوایین بوومەلەرزە نەبوو، دوای ئەمە چەند بوومەلەرزەیەکی تریش هاتن کە یەکێکیان ٧.٥ ڕیختەر بوو و کارەساتەکەی قووڵتر کردەوە. تا کاتی نووسینی ئەم وتارە (۶ی ئێوارەی ۹ی شوبات) دوای بوومەلەرزە ۷.۸ ڕیختەرییەکە ١٦٠ بوومەلەرزەی گەورەتر لە ٤ ڕیختەر لە تورکیا هاتوون. ژمارەیەکی زۆر کە ترس دەخاتە دڵی هەموو کەسێکەوە. ئەم جۆرە بوومەلەرزانە جۆرێک بوومەلەرزەی تەکتۆنیکین کە پێیان دەڵێن زنجیرە بوومەلەرزە. خراپیی ئەم جۆرە بوومەلەرزانە ئەوەیە کە ئەگەر بینایەکیش بە بوومەلەرزە سەرەکییەکە نەڕووخێت بە ئەگەری زۆر بەو پاشهەژێنە زۆرانە دەڕووخێت.
بۆچی ئەم بوومەلەرزەیە هاتووە؟
ئەگەر چاوێک لە نەخشەی جیهانیی مەترسیی بوومەلەرزە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتی ئێران و تورکیا مەترسیی هاتنی بوومەلەرزەیان زۆرە. بەو مانایەی کە هەموو کات دەبێ چاوەڕێی بوومەلەرزەیەک لەم وڵاتانە بین. بوومەلەرزەی تورکیاش بوومەلەرزەیەک نەبوو کە چاوەڕواننەکراو بێت.
هەر وا کە لە وێنەی سەرەوەش نیشان دراوە تورکیا لە شوێنێکدایە کە پلەیتەکانی عەرەبی، ئاناتۆلی و ئافریقا گەیشتوونەتە یەک و ئەم پلەیتانە پاڵیان بە یەکەوە ناوە و زەختیان خستووەتە سەر یەک. ئەم زەختانە دەبێتە هۆی جووڵانی شکانگەکان و جووڵانی شکانگەکانیش دەبێتە هۆی بوومەلەرزە. لە نەخشەکەی سەرەوەدا ڕیزەخاڵەکان، هێڵی شکانگەکان نیشان دەدەن و دەبینین کە ئەم بوومەلەرزەیەش لەسەر هێڵی شکانگەیەک ڕووی داوە. لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینییەوە بوومەلەرزەیەکی گەورەتر لە ٧ ڕیختەر لەم شکانگەیە تۆمار نەکراوە (ساڵی ١٩٠٠ لەرزەپێوی مودێڕن دانراون). زیاترین بوومەلەرزەکانی تورکیا لە باکووری تورکیا هاتوون و لە شکانگەی ئاناتۆلیی باکوور، بەڵام شکانگەی ئاناتۆلیی ڕۆژهەڵات لە سەد ساڵی ڕابردوودا کەمتر جووڵاوەتەوە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نەبووە کە هیچ کات بوومەلەرزەیەک نایەت.

Richter ڕیختەر
Tectonic Earthquake بوومەلەرزەی تەکتۆنیک
Earthquake Sequence زنجیرە بوومەلەرزە
Main Shock بوومەلەرزەی سەرەکی
After Shock پاشهەژێن
Global Seismic Hazard Map نەخشەی جیهانیی مەترسیی بوومەلەرزە
Fault شکانگە(گُسَل)
Seismometer لەرزەپێو
نووسەر: ئەرشەد شامحەمەدی
ئەندازیاری بیناسازی – بوومەلەرزه
چاودێری زمانی: ئەمیر ئارمانی

سەرچاوە: “بوومەلەرزە چییە و چۆن ڕوو دەدات”، گۆڤاری زانستیی هۆژین، ساڵی یەکەم، ژمارەی چوارەم، زستانی ١٣٩٦ی هەتاوی.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button