بابەتتەکنەلۆجیا

بارودۆخی ویکیپیدیا کوردییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنیان

دەزانین کە کورد و خاکەکەی لە زۆر لایەنەوە دابەش بوون، بە تایبەت لەو لایەنەی کە زمانێکی یەکگرتوومان نییە، ئەمە لە ویکیپیدیاش ڕەنگی داوەتەوە، و بووەتە ھۆی ئەوەی زیاتر لە ویکیپیدیایەکمان ھەبێت. ئەوەی ھەیە ویکیپیدیا کوردییەکانن. کە ویکیپیدیای کوردیی کورمانجی، ویکیپیدیا کوردیی سۆرانی، ویکیپیدیای زازاکی و ویکیپیدیای کوردیی خوارین دەگرێتەخۆ.

پێش باسکردنی بارودۆخی ویکیپیدیا کوردییەکان، با بزانین ویکیپیدیا چییە؟ ویکیپیدیا ئینسایکڵۆپیدیایەکی ئازادی ئینتەرنێتییە. جیاوازە لە ئینسایکڵۆپیدیاکانی دیکە لەوەی کە بە شێوەی کتێب چاپ ناکرێ، بەڵکوو لەسەر ئینتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی کراوەتەوە. لەلایەن دامەزراوەی ویکیمیدیاوە بەڕێوە دبردرێت. جیاوازیی ویکیپیدیا لەگەڵ ئینسایکلۆپیدیا کلاسیکەکاندا (بۆ نموونە وەک بریتانیکا) لەوەدایە کە ویکیپیدیا کراوەیە لە وەرگرتن و بەخشینی زانیاری. بەو واتەیەی ھەموو کەسێک دەتوانێت یارمەتیی ویکیپیدیا بدات بە زیادکردنی زانیارییەکانی سەبارەت بە ھەر بابەتێک. ویکیپیدیاش ھەموو زانیارییەکانی بە خۆڕایی و لەژێر مۆڵەتی کرێتیڤ کۆمنز خستۆتەڕوو، ئەم مۆڵەتە ڕێ بە بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت دەدات زانیارییەکانی ویکیپیدیا بەخۆڕایی ببەن و لە پرۆژەکانیاندا کەڵکی لێ وەربگرن. ئێستا کە زانیمان ویکیپیدیا چییە و چۆن کار دەکات، با بێینەوە سەر باسی ویکیپیدیا کوردییەکان. بۆ باشتر تێگەیشتن و ئاڵۆزنەبوونی بابەتەکە ئەم وتارە دابەشی چەند بەشێکی کورت دەکەین:

کورتەمێژووی ویکیپیدیا کوردییەکان

ویکیپیدیای کوردی لە ساڵی ۲۰۰٤ کرایەوە، لەسەر دۆمەینی (ku.wikipedia.org). ویکیپیدیاکە وا ڕێک خرابوو کە وتارەکانی بە کورمانجی و سۆرانی بن، بەڵام لە ساڵی ۲۰۰۹ بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی و زمانەوانی ویکیپیدیای کوردی کرا بە دوو ویکیپیدیا؛ ویکیپیدیای کوردیی سۆرانی خرایە سەر دۆمەینێکی نوێ (ckb.wikipedia.org) و ویکیپیدیای کوردیی کورمانجیش لەسەر دۆمەینی سەرەکی مایەوە.
لە ماوەی نێوان دامەزرانی تا ۲۰۰۹ ویکیپیدیای کوردی پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی. لە پاش جیابوونەوەیان هەر یەک لە ویکیپیدیاکان زیاتر پەرەیان سەند بەراورد بە پێشتر، بەتایبەتیش ویکیپیدیای سۆرانی کە لە کاتی جیاکردنەوەی لە ۲۰۰۹ ژمارەی وتارەکانی گەلێک کەم بوون. دوو ویکیپیدیا کوردییەکەی دیکە، ویکیپیدیا زازاکی و ویکیپیدیای کوردیی خوارینن. ئەوەی دوایی هێشتا لە قۆناغی تاقیکارییە و بە ڕەسمی نەکراوەتەوە.

زیادبوونی ژمارەی وتارەکانی ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، لە ٢٠٠٨ تا ٢٠١٨

زیادبوونی ژمارەی وتارەکانی ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، لە ٢٠٠٨ تا ٢٠١٨

ئاماری ویکیپیدیا کوردییەکان

بۆ پێوانی ئاست و قەبارەی هەر ویکیپیدیایەک، چەند پێوەرێک لەبارچاو دەگیرێن، کە گرنگترینیان ژمارەی وتارەکان، ژمارەی بەکارهێنەرەکان، ژمارەی بەکارهێنەرە چالاکەکان، و ژمارەی بەڕێوەبەرەکانە. لێرە پێناسەیەکی کورتی هەریەک لەو پێوەرانە دەکەین و لەگەڵ ئاماری ئێستایان بۆ ویکیپیدیای کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی.
وتار؛ پەڕەیەکی ویکیپیدیایە کە تێیدا لەبارەی بابەتێکی دیاریکراوەوە نووسراوە و ناونیشانێکی بێهاوتای هەیە.
بەکارهێنەر؛ بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێتە کە هەژماری لە ویکیپیدیا دروست کردبێت.
بەکارهێنەری چالاک؛ بەکارهێنەرێکی ویکیپیدایە کە لە ماوەی سی ڕۆژی ڕابردوو بەشداری کردووە لە ویکیپیدیا.
بەڕێوەبەر؛ ئەندامێکی چالاکی ویکیپیدایە کە بە دەنگی چەند بەکارهێنەرێکی ویکیپیدیا ئەو ناسناوەی پێدراوە تا هەندێک دەسەڵاتی زیاتر وەربگرێت و زیاتر خزمەتی ویکیپیدیا بکات.

ئاماری ویکیپیدیای کوردیی باکووری (کورمانجی)
ژمارەی وتارەکان:  ٢٦،٢٤٥
ژمارەی بەکارهێنەران: ٣٨،٣٥٩
ژمارەی بەکارهێنەرە چالاکەکان: ٦٢
ژمارەی بەڕێوەبەران: ٤

ئاماری ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی (سۆرانی)
ژمارەی وتارەکان:  ٢٤،٣٧٧
ژمارەی بەکارهێنەران: ٣٦،٢٥٦
ژمارەی بەکارهێنەرە چالاکەکان: ٨٢
ژمارەی بەڕێوەبەران: ٨

بەراوردی ویکیپیدیا کوردییەکان لەگەڵ ویکیپیدیاکانی زمانەکانی دیکە

کارێکی لۆژیکی نییە گەر ئاماری ویکیپیدیا کوردییەکان بەراورد بکەین لەگەڵ ئاماری ویکیپیدیای ئینگلیزی، فەرەنسی، یان ژاپۆنی، تەنانەت لەگەڵ ویکیپیدیاکانی عەرەبی و فارسی. زمانی هەر یەک لەو ویکیپیدیایانە، زمانی فەرمی چەند وڵاتێکە و ژمارەی ئاخێوەرانیشیان گەلێک زیاترە بە بەراورد بە ژمارەی کوردزمانان.
دەکرێت چاو لە ئاماری ویکیپیدیای چەند زمانێک بکەین کە ژمارەی ئاخێوەرانی زمانەکانیان نزیکە یان کەمتر لە ژمارەی کوردزمانانە. لەوانە ویکیپیدیای کەتەلۆنی، ویکیپیدیای ئەلبانی، و ویکیپیدیای لوکسەمبۆرگی.
ویکیپیدیای کەتەلۆنی خاوەنی زیاتر لە ٦۰۰ هەزار وتارە، ژمارەی ئاخێوەرانی زمانی کەتەلۆنی ٤ ملیۆن کەسە، کەمتر لە ژمارەی ئاخێوەرانی هەریەک لە کورمانجی و سۆرانی.
ویکیپیدیای ئەلبانی نزیک ٨٠ هەزار وتاری هەیە، ژمارەی ئاخێوەرانی ئەلبانی ٥ ملیۆن کەسە.
ویکیپیدیای لوکسەمبۆرگی نزیک ٦۰ هەزار وتاری هەیە، لە کاتێکدا ژمارەی ئاخێوەرانی ئەو زمانە ناگاتە نیو ملیۆن کەس.

پلەی ویکیپیدیا کوردییەکان لەناو ڕیزبەندیی ویکیپیدیاکان، کە ئێستا ٢٩٤یان چالاکن. ویکیپیدیای کورمانجی لە پلەی ١٠٥ و ویکیپیدیای سۆرانی لە پلەی ١١٠ بەپێی زۆریی ژمارەی وتارەکانیان.

هۆکارەکانی هەژاریی ویکیپیدیا کوردییەکان و کەمیی سەردانیکەرانیان

ئاسان نییە باسی تێکڕای ئەو هۆکارانە بکەین کە بوونەتە هۆی خاویی بەرەوپێشچوونی ویکیپیدیا کوردییەکان و کەمیی ناوەڕۆک و نزمیی ژمارەی سەردانیکەرانیان. دەکرێت ئەم خاڵانەی خوارەوە کاریگەریی گەورەیان هەبووبێت:
– ڕەسمینەبوونی زمانی کوردی لەو وڵاتانەی کوردی لێ دەژیت، کە وای کردووە منداڵانی کورد نەتوانن بە زمانی دایکی بخوێنن.
–  کەمیی خوێندەواری لە کوردەواریدا، نموونەی دیار بۆ ئەمە‌‌ ژمارەی ئەو کتێبانەیە کە ساڵانە بە کوردی بڵاو دەکرێنەوە. زۆرینەی ئەوانەش کە بڵاو دەکرێنەوە تیراژیان لە هەزار دانە تێناپەڕێت.

–  کەمیی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە کوردستان. بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای دەرکەوتنی ئینتەرنێت تا ئەم دوایییانە. زۆربوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ پەیدابوون و زۆربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەوەوە دەتوانین بڵێین ئینتەرنێت لەلایەن بەشی زۆری بەکارهێنەرە کوردەکان بۆ پەیوەستبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کار دێت نەک گەڕان و شوێنکەوتنی زانیارییەکان.
–  کەمیی ئاشنایی خەڵکی لەگەڵ ویکیپیدیا. زۆر کەس ئاشنای ویکیپیدیا و چۆنیەتیی کارکردنی نین. بەشێکی ئەوانەش کە پێی ئاشنان، نازانن کە چۆن وتار دروست بکەن یان دەستکاریی بکەن.
–  ویکیپیدیا زۆرینەی سەردانیکەرانی لە ڕێی وێبسایتەکانی گەڕانەوە وەردەگرێت، وەک گووگڵ. کەمیی ئەو کەسانەی بە کوردی لە ئینتەرنێت دەگەڕێن وای کردووە ویکیپیدیا کوردییەکان کەمتر بەرچاو بکەون. ئەمە بەهۆی ئەوەوە، کە زۆرینەی ئەو کوردانەی بە زمانی خۆیان نەیانخوێندووە لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت بە فارسی، تورکی، عەرەبی یان ئینگلیزی دەنووسن. تەنانەت زۆرێکیش لەوانەی کە بە کوردی دەگەڕێن، دەستیان ناگات بە زانیارییەکانی ویکیپیدیا بەهۆی نەبوونی کیبۆردی کوردی لەسەر کۆمپیوتەر یان مۆبایلەکانیان.

چەند بەربەستێکی بەردەم پەرەسەندنی ویکیپیدیا کوردییەکان

لەپاڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە، گەلێک بەربەست و گرفتی دیکە هەن کە وایان کردووە بەکارهێنەرە چالاکەکانیش بە ئاسانی نەتوانن وتارەکان لە ویکیپیدیا بنووسن و پەرەیان پێ بدەن. لەوانە:
– نەبوونی فەرهەنگێکی ستاندارد و یەکگرتووی بۆ زمانی کوردی، کە بەکارهێنەرانی ویکیپیدیا بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. بەتایبەت لە کاتی دانانی ناوی وتارەکان. گەلێک جاران کێشە دروست دەبێت بەهۆی نەبوونی ناوێکی گونجاو بۆ وتارێک کە لە ویکیپیدیای ئینگلیزی یان زمانێکی دیکە وەرگێڕدراوە. ئەندامانی ویکیپیدیا کاتێکی زۆر بۆ وتووێژکردن بۆ دۆزینەوەی وشەیەکی گونجاو، تەرخان دەکەن.
– کەمیی سەرچاوە کوردییەکان لەسەر ئینتەرنێت. بەکارهێنەرانی ویکیپیدیا لە کاتی دروستکردنی وتارەکان پێویستە زانیارییەکان لە کتێب و سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە وەربگرن. زۆرینەی کتێبه کوردییەکان نەخراونەتە سەر ئینتەرنێت، ئەوانەش کە هەن زۆرینەیان سکان کراون. ئەمە وای کردووە ناوەڕۆکیان لە وێبسایتەکانی گەڕان بە دیار نەکەوێت.
– نەبوونی زمانی کوردی لە مەکینەکانی وەرگێڕان، وەک وەرگێڕانی گوگڵ و بینگ. ئەم ئامرازانە یارمەتی بەکارهێنەران دەدەن بە ئاسانی وتارێک لە زمانێکەوە وەربگێڕنە سەر زمانی خۆیان.

چەند ڕێگایەک بۆ پێشخستنی ویکیپیدیا کوردییەکان

باسی چەند هۆیەکمان کرد کە بوونەتە ڕێگر لە باش بەرەوپێشچوونی ویکیپیدیا کوردییەکان. باسی چەند ڕێگەیەکیش دەکەین کە دەکرێت کاریگەرییان هەبێت لە زیادبوونی بەشداربووانی ویکیپیدیا و فراوانبوونی ناوەڕۆکیان:
– بەستنی کۆڕ و سێمینار لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بۆ ناساندن و باسکردنی چۆنیەتیی بەشداریکردن لە ویکیپیدیا کوردییەکان.
– دروستکردنی گرووپی بەشداربووانی ویکیپیدیا لە زانکۆکان، کە بە کۆمەڵ کار بکەن بۆ دروستکردن و فراوان کردنی وتارەکان.
– دروستکردنی چەند ئامرازێک لەلایەن تەکنیککار و شارەزایانی وێب و بەرنامەسازی بۆ ئاسانکردنەوەی دروستکردن و وەرگێڕانی وتارەکان لە ویکیپیدیا.
– بەئەلیکترۆنیکردنی کتێب و گۆڤارە کوردییەکان. بە شێوەیەک کە ناوەڕۆکیان لە وێبسایتەکانی گەڕان دەر بکەوێت.

دوایین قسە

ویکیپیدیا کوردییەکان لە حاڵێکی باشدا نین. زۆرینەی ناوەڕۆکیان بەرهەمی ماندووبوونی ژمارەیەکی کەمی بەشداربووانە. پێشچوونی ھەر ویکیپیدیایەک پێویستی بە بەشداریی شارەزا و پسپۆری هەموو بوارەکان هەیە.
ژمارەی ئەندامە چالاکەکانی ئێستای ویکیپیدیا کوردییەکان لە ژمارەی پەنجەکانی دەست زیاتر نییە. کە زۆرینەیان لاون. مخابن کەسانی بەتەمەن و کوردانی دەرەوەی کوردستان بەشدارییان گەلێک کەم بووە.
هەرچەند ویکیپیدیا کوردییەکان لە ڕیزبەندیی ویکیپیدیاکان لە ڕیزەکانی خوارەوەن، بەڵام هیوا هەیە بۆ پێشچوونیان گەر ژمارەیەکی زۆرتری کوردزمانان و زانستخوازان ئاوڕی لێ بدەنەوە و بێن بەشداری تێدا بکەن.

بەرپرسی پێداچوونەوە: مادێح پیریۆنسی

هەڵەگر: محەممەد محەممەدئەمینی

نوسەر: سەرچیا خورشید، بەکەلۆریۆس لە ئەندازیاریی شارستانی و بەڕێوەبەر لە ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی (سۆرانی)

سەرچاوە

  • بەشداربووانی ویکیپیدیا. «ویکیپیدیای کوردی.» ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد. ٣١ی ئابی ٢٠١٩. وێب. https://w.wiki/7ip
  • List of Wikipedias. (2019, August 22). Meta, discussion about Wikimedia projects. Retrieved 18:42, August 31, 2019 from https://meta.wikimedia.org/w/index.php?title=List_of_Wikipedias

 

Encyclopedia دانشنامه

Creative Commons Attribution-ShareAlike License

https://diq.wikipedia.org

https://incubator.wikimedia.org/wiki/Wp/sdh/دەسپێک

Article مقاله

User کاربر

Admin مدیر

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button