ئەندازیاریئەندازیاریی کۆمپیوتەربابەتپێگەی سەرهێڵتەکنەلۆجیا

ئەندازیاریی ئینتەرنێت بەشی یەکەم، سەرەتا

وەرگێڕانی: موحەممەد موحەممەدئەمینی

ئینتەرنێت سیستەمێکی ڕێکخراوی، پێکھاتەدارە. بەر لەوەی چۆنیەتیی کارکردنی و پەیوەندی لەگەڵ TCP/IPدا باس بکەین، سەرەتا مێژوویەکی کورتی ئینتەرنێت دەخەینە ڕوو. پاشان چەمکەکانی کۆنووسەکان و پێودانەکان و پەیوەندییان پێکەوە پێناسە دەکەین. باس لە ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان دەکەین کە لە پەرەدانی پێودانەکانی ئینتەرنێتدا دەستیان ھەیە. ئەم پێودانانە لە ڕێی ڕێکخراوەیەکی تایبەتەوە پەرەنەدروان بەڵکوو زنجیرەیەک بەکارھێنەر پێکیان ھێناون. ئێمە مێکانیزمێک کە ئەم پێودانانە لەڕێیەوە سەرچاوەیان گرتووە و پێگەیشتوون باس دەکەین. ھەروەھا ئەم پارە سەرەتاییە لەسەر دەستەکانی بەڕیوەبەرێتیی ئینتەرنێت قسە دەکات.

ئامانجەکان

ئەم پارە چەندین ئامانجی ھەیە:

  • مێژوویەکی کورتی ئینتەرنێت باس دەکات.
  • پێناسەی دوو دەستەواژەی پێودانەکان و کۆنووسەکان دەکات کە لە باسکردن سەبارەت بە ئینتەرنێت زۆر بەکار دەبرێن.
  • پێودانەکانی ئینتەرنێت پێناسە دەکات و میکانیزمێک کە لە ڕێگەیەوە ئەم پێودانانە پەرەدراون شی دەکاتەوە.
  • بەڕێوەبەردنی ئینتەرنێت باس دەکات و ڕوونکردنەوەیەکی کورت لە ھەر لایەنێکی بەڕێوەبردنەکە باس دەکات.

١.١ کورتە مێژوویەک

تۆڕێک، دەستەیەک ئامێری پێک بەستراون وەک کۆمپیوتەرەکان و چاپکەرەکان کە پێکەوە پەیوەندییان ھەیە. internet(سەرنج بدەنە پیتی بچووکی i) تۆڕێک یان چەند تۆڕێکن کە دەتوانن پێکەوە پەیوەندی بکەن. بەرچاوترین جۆری ئینتەرنێت Internetە (پیتی گەورەی I) کە لە ھەزاران تۆڕی پێکبەستراو پێکھاتووە. زۆر لایەن، لەوانە: ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان وەک ئاژانسە حکومەتییەکان، قوتابخانەکان، ناوەندە توێژەرییەکان، کۆمپانیاکان و کتێبخانەکان لە زیاتر لە سەد وڵاتی دنیادا کەڵک لە ئینتەرنێت وەردەگرن. ملیۆنان کەس بەکارھێنەرن. ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە ئەم سیستمە قەبەیەی پەیوەندی گرتن لە ساڵی ١٩٨٩وە سەری ھەڵداوە.

ئارپانێت

لە ناوەڕاستی ١٩٦٠ەکاندا کۆمپیوتەرە مەینفرەیمەکان لە ڕێکخراوەکانی توێژینەوەییدا ئامرێگەلێکی تەنیا بوون. کۆمپیوتەرەکانی بەرهەمهێنەرە جۆراوجۆرەکان نەیان دەتوانی لەگەڵ یەکتردا پەیوەندی بگرن. ئاژانسی پڕۆژەکانی توێژینەوەی پێشکەوتوو (ئارپا) لە وەزارەتی بەرگری(DOD) سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو بۆ ئەوەی کۆمپیوتەرەکان پێکەوە پەیوەندی بگرن، ئەو توێژەرانەی ئەوان پشتیوانییان دەکردن دەیان توانی دەسکەوتەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، کە ئاکامەکەی کەمکردنەوەی خەرجەکان و لابردنی ھەوڵی دووبارە بوو.

لە ١٩٦٧دا، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵی ژمێریاریی مەکینەییدا (ACM)دا، ئارپا بۆچوونەکانی بۆ ئارپانێت پێشان دا، کە تۆڕێکی بچووک لە کۆمپیوتەرە لێک گرێدراوەکان بوو. بۆچوونەکە ئەوە بوو کە ھەر کۆمپیوتەرێکی ھاست(پێویست ناکات ئی یەک کارخانە بن)  دەبێت بە کۆمپیوتەرێکی تایبەتەوە بلکێت، کە پەرداوتەکەری پەیامی ناوڕوو(IMP)یان پێ دەوت. بەم شێوەیە IMPەکان دەتوانن پێکەوە ببەسترێن. ھەر IMPیەک دەبوایە بتوانێت لەگەڵ IMPیەکانی دیکە و، ھەروەھا لەگەڵ ئەو ھاستەش کە پێوەی لکاوە پەیوەندی بگرێت.

. لە ساڵی ١٩٦٩دا، ئارپانێت بەدیھاتبوو. چوار گرێ، لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلێس (UCLA)، زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانتا باربارا(UCSB)، دامەزراوەی توێژەریی ستانفۆرد(SRI)، و زانکۆی ئۆتا، لە ڕێی IMPیەکانەوە پێکەوە بەسترابوون تاکوو تۆڕێک پێک بێنن. نەرمامێرێک بەناوی کۆنووسی کۆنتڕۆڵی تۆڕ پەیوەندی لە نێوان ھاستەکاندا دابین دەکرد.

لەدایکبوونی ئینتەرنێت

لە ١٩٧٢دا، ڤینت سێرف و باب کاھن، کە ھەردووکیان لە کرۆکی گرووپی ئارپانێتدا بوون، لە پڕۆژەیەکدا پێکەوە کاریان کرد کە بە پڕۆژەی ئینتەرنێتینگ ناوی دەکرد. ئەوان دەیان ویست کە تۆڕە جۆراوجۆرەکان پێکەوە گرێ بدەن، تاکوو هاستێک لەسەر تۆڕێک بتوانێت لەگەڵ هاستێک لە تۆڕێکی دیکەدا پەیوەندی بگرێت. زۆر کێشە ھەبوون کە بەسەریاندا زاڵ ببن: قەبارەی جیاوازی بەستەکان، ناوڕووەکان، ڕێژەکانی جیاوازی گەیاندن، ھەروەھا پێداویستییەکانی متمانەپێکراویی جیاواز. سێرف و کاھن بیرۆکەی ئامێرێکیان بەناوی دەرەڕێ پێشنیارکرد، تاکوو وەک سەختامێرێکی مامناوەندی بۆ گواستنەوەی دەیتا لە تۆڕێکەوە بۆ  تۆڕێکی دیکە خزمەت بکات.

کۆنووسی کۆنتڕۆڵی گەیاندن/ کۆنووسی ئینتەرنێت(TCP/IP)

نووسراوە بەنرخەکەی سێرف و کاھن لە ١٩٧٣دا باسی ئەو ڕێکەوتننامانە بوو کە تەحویلی ئەمسەر-و-ئەوسەر دەیتای دیاری دەکرد. ئەمە وەشانێکی نوێی NCP بوو. ئەم نووسراوە لەسەر کۆنووسی کۆنتڕۆڵی گەیاندن (TCP) لەخۆگری چەمکگەلێک وەک پێچانەوە، دەیتاگرام، و کارەکانی دەرەڕێ بوو. بیرۆکەیەکی توندڕەوانە گواستنەوەی بەرپرسیارەتیی سڕینەوەی ھەڵە لە IMP بۆ ماشینی میوان بوو. ئەم ئینتەرنێتەی ئارپا بووە جێی سەرنجی ھەوڵەکان لە بواری پەیوەندییەکاندا. لە سەرووبەندی ئەم کاتەدا بەرپرسیارەتیی ئارپانێت سپێردرابوو بە  ئاژانسی پەیوەندیی بەرگری(DCA).

لە ئۆکتۆبری ١٩٧٧دا، ئینتەرنێتێک کە سێ تۆڕی جیاوازی (ئارپانێت، ڕادیۆی بەستە، سەتەلایتی بەستە)ی لەخۆ گرتبوو، سەرکەوتووانە خرایە ڕوو. ھەنووکە پەیوەندی نێوان تۆڕەکان دەستەبەرە.

بەکورتی پاش ئەمە، لایەنەکان بڕیاریان دا کە کۆنووسکانی TCP بکەنە دوو بەش: کۆنووسی کۆنتڕۆڵی گەیاندن (TCP) و کۆنووسی ئینتەرنێت(IP). دەبێت  IPڕێدۆزینەوەی دەیتاگرام ئەنجام بدات لەکاتێکدا TCP دەبێت لە کارەکانی ئاستی سەرووتر وەک کەرتکردن، کۆکردنەوە، و دۆزینەوی ھەڵە بەرپرسیارە. ئەم تێکەڵە نوێیە بە TCP/IP ناسراوە.

لە ١٩٨١دا، لە ڕێکەوتنێکدا لەگەڵ دارپا، زانکۆی یوسی بێرکێلی سیستمی کارگێڕیی یونیکسی گۆڕی تاکوو TCP/IP لەخۆ بگرێت. پیادەکردنێکی کراوەی(بەبێ تایبەتمەندیی کارخانە) یونیکسی بێرکێلی کۆدی کارکردنی دا بە ھەموو کارخانەکان تاکوو بتوانن لەسەر ئەم بنەمایە بەرھەمەکانیان سازبکەن.

لە ١٩٨٣دا، لایەنەکان، کۆنووسەکانی ئارپانێتی ھەوەڵیان ‌ھەڵوەشاندەوە، و TCP/IP بوو بە بە کۆنووسی فەرمی بۆ ئارپانێت. ئەوانەی کە دەیان ویست بۆ دەستڕاگەیشتن بە کۆمپیوتەرێک لە تۆڕێکی دیکەوە کەڵک لە ئینتەرنێت وەربگرن؛ ناچار بوون TCP/IP پیادە بکەن.

میل نێت

لە ١٩٨٣دا، دابەش بووە سەر دوو تۆڕ: میل­نێت بۆ بەکارھێنەرانی سەربازی و ئاڕپانێت بۆ بەکارھێنەرانی ئاسایی.

CSNET

تۆڕێکی گرنگی دیکە لە مێژووی ئینتەرنێتدا درووستکردنی CSNET بوو لە ساڵی ١٩٨١دا. CSNET تۆڕێک بوو کە لە لایەن بنکەی زانستیی نیشتمانی(NSF) پشتیوانی دەکرا. زانکۆکان ئاگادار بوون کە ئەم تۆڕە بۆ ئەوە نابێت بە ئاڕپانێتەوە ببەسترێت، ئەمەش لەبەر لەمپەڕە ئاسایشیەکانی دارپا بوو. CSNET تۆڕێکی ھەرزانتر بوو؛ لینکی زیادەی پێوە نەبوون و ڕێژەی گەیاندن تێیدا کەمتر بوو. ئەم تۆڕە وەک یەکەمین خزمەتگوزاریی دەیتای بەستە بۆ ئاڕپانێت و تێلنێت دەرکەوت.

لە ناوەڕاستەکانی ١٩٨٠دا، زۆربەی زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە بەشی زانستی کۆمیپوتەریان هەبوو بەشێک لە CSNET بوون. ڕێکخراوەکان و کۆمپانیاکانی دیکەش خەریکی دامەزراندنی تۆڕی تایبەت بە خۆیان بوون و بۆ پەیوەندی گرتن پێکەوە کەڵکیان لە TCP/IP وەردەگرت. دەستەواژەی ئینتەرنێت، سەرەتا بە تۆڕە لێک گرێدراوەکانی حکوومەت دەوترا، ئێستاکە ئاماژە بەو تۆڕانە دەکات کە کۆنووسەکانی TCP/IP بەکاردێنن.

NSFNET

لەگەڵ سەرکەوتنی CSNET، NSF لە ١٩٨٨دا پشتیوانیی NSFNETی کرد، بڕبڕەپشتێک کە پێنج ناوەندی  سوپەرکۆمپیوتەرەکانی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکان پێکەوە دەبەستەوە.

تۆڕەکانی کۆمەڵگا ڕێگە دەدرێن کە بەم بڕبڕەپشتەوە ببەسترێنەوە. ھێڵێکی T-1 به ڕێژەی دەیتای 1.544م­ب­ل­چ، بەم شێوازە پەیوەندیدارێتی لەسەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دابین بوو.

لە ١٩٩٠دا، ئارپانێت بە فەرمی لاخرا و جێگەکەی دا بە NSFNET. لە ١٩٩٥دا، NSFNET گەڕایەوە چەمکە سەرەتایییەکەی کە تۆڕێکی توێژینەوەیەیی بوو.

ANSNET

لە ١٩٩١دا، دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری دا کە NSFNET ناتوانێت پشتیوانیی ترافیکی ڕووە و زێدەی ئینتەرنێت بێت. سێ کۆمپانی، IBM، Merit، و MCI بە دامەزراندنی ڕێکخراوەیەکی ناقازانجی(قازانج نەھێن) ئەم بۆشایییەیان پڕکردەوە کە پێی دەوترا تۆڕی پێشکەوتوو و خزمەتگوزارییەکان (ANS)، تاکوو بڕبڕەپشتێکی نوێ،  بە خێرایی-زۆر بە ناوی ANSNET درووست بکەن.

ئینەرنێتی ئەمڕۆکە

ئینەرنێتی ئەمڕۆکە پێکھاتەیەکی سادەی نییە کە لە زنجیرەیەک پلەوپایە پێکهاتبێت . ئینتەرنێتی ئەمڕۆکە، لە زۆر تۆڕی ڕووبەر ناوچەی پێکبەستراو سازکراوە کە ئامێرەکانی پەیوەندی و وێزگەکانی ئاڵوگۆڕ پێکیان دەبەستنەوە. ئاستەمە کە نواندنێکی وردمان لە ئینتەرنێت ببێت چونکە بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە؛ تۆڕی نوێ زیاد دەکرێن، تۆڕەکانی کە ھەن پێویستیان بە ئادرەسگەلی زیاتر ھەیە، و تۆڕەکانی کۆمپانیا تێداچووەکان پێویستە لاببرێن. ئەمڕۆکە زۆربەی بەکارھێنەرانی کۆتایی ئەوانەی دەیان ھەوێت کە پەیوەندیی ئینتەرنێتیان ببێت، کەڵک لە خزمەتگوزاریییەکانی دابینکەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەنێت (ISPیەکان)، دابینکەرانی خزمەتگوزاریی نێونەتەوەیی، دابینکەرانی خزمەتگوزاریی نەتەوەیی، دابینکەرانی خزمەتگوزاریی ھەرێمی، و دابینکەرانی خزمەتگوزاریی ناوچەیی وەردەگرن. ئەمڕۆکە ئینتەرنێت لەڕێی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، نەک دەوڵەتەکان، وێنەی ١.١ ڕوانگەیەکی بابەتییانە (نەک چوگرافیایییانە) لە ئینتەرنێت پیشان دەدات.

بیچمی ١ ئینتەرنێتی ئەمڕۆکە

بڕبڕەپشتەکانی ISPیەکان لە لایەن کۆمپیانیا تایبەتەکانەوە ساز دەکرێن و بەڕێوە دەبرێن. زۆر بڕبڕەپشتی ISP لە ئەمریکای باکوور ھەن؛ ھێندێک لە ناسراوترینیان بریتین لە: SprintLink، PSINet، UUNet Technology، AGIS، و ئینتەرنێتی MCI. بۆ دابینکردنی پەیوەندیدارێتی لەنێوان بەکارھێنەرانی کۆتاییدا، ئەم تۆڕانەی بڕبڕەپشت لە ڕێی وێزگەی ئاڵوگۆڕی ئاڵۆزەوە پێکەوە بەستراونەتەوە(زۆربە لەڕێی لایەنی سێھەمەوە ڕێبەڕێ دەکرێن.) و پێیان دەوترێت خاڵەکانی دەستڕاگەیشتنی تۆڕ (NAPەکان). ھێندێک لە تۆڕەکانی ISP ھەرێمی ھەروەھا لە ڕێی وێزگەکانی ئاڵوگۆڕی تایبەتی پێکەوە بەستراونەوە کە پێیان دەوترێت خاڵەکانی ھاوتا. ISPیەکانی بڕبڕەپشت بەئاسایی لە ڕێژەی دەیتای بەرزدا کاردەکەن(١٠گ­ب­ل­چ، بۆ وێنە).

 ISP ھەرێمی

ISPیە ھەرێمییەکان، بچووکن و بە ISPیەکی بڕبڕەپشت یان زیاتر، بەستراونەتەوە. ئەوان ئاستی دووھەم لە زنجیرە بە ڕێژەی دەیتای کەمترن.

ISP ناوچەیی

ISPیە ناوچەیییەکان خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ بۆ بەکارھێنەرانی ئاسایی دابین دەکەن. ISPیە ناوچەیییەکان بە ISPیە ھەرێمییەکان یان بەڕاستەوخۆیی بە ISPیەکانی بڕبڕەپشتەوە لکێندراون. سەرنج بدەن کە لەم بارەدا، ISPیەکی ناوچەیی دەتوانێت کۆمپانیایەک بێت کە تەنیا خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت دابین دەکات، یان ڕێکخراوەیەکی ناقازانجی بێت، وەک کۆلێژێک یان زانستگەیەک، کە تۆڕی تایبەتیی خۆی ڕێ دەخات. ھەرکام لەمانە دەتوانێت بە دابینکەرێکی خزمەتگوزاریی بڕبڕەپشت یان دابینکەرێکی خزمەتگوزاریی ھەرێمی ببەسترێتەوە.

وێبی  بەرینی جیھانی

ساڵەکانی ١٩٩٠ سەردەمی پەرەسەندنی کارپێکەرییەکانی ئینتەرنێت بەبۆنەی سەرھەڵدانی وێبی بەرینی جیهانی (WWW) بوو. تۆڕی بەرینی جیهانی لە CERNدا لەڕێی تیم بێرنێرز لی داھێندراو. ئەم داھێنانە کارپێکەریی بازرگانی بە ئینتەرنێت زیاد کرد.

ھێڵی کاتی

ئەم هێڵە کاتییەی خوارەوە ڕووداوە گرنگەکانی ئینتەرنێت لە ڕیزبەندییەکی مێژووییدان:

١٩٦٩. ئارپانێتی چوارگرێیی دامەزرا.

١٩٧٠. ھاستەکانی ئاڕپا NCPیان جێبەجێ کرد.

١٩٧٣. پەرەدانی کۆمەڵی TCP/IP دەستی پێکرد.

١٩٧٧. ئینتەرنێتێک تاقیکرایەوە کە TCP/IPی بەکار دێنا.

١٩٧٨. یونیکس بۆ پێگەکانی ئەکادمیک/توێژەری بڵاو کرایەوە.

١٩٨١. CSNET دامەزرا.

١٩٨٣. TCP/IP بوو بە کۆنووسی فەرمی بۆ ئاڕپانێت.

١٩٨٣. MILNET دامەزرا.

١٩٨٦. NSFNET دامەزرا.

١٩٩٠. ئاڕپانێت ھەڵوەشایەوە و NSFNET جێگەکەی گرتەوە.

١٩٩٥. NSFNET دیسان بووەوە بە تۆڕێکی توێژینەوەیی.

١٩٩٥. کۆمپانیا ناسراوەکان بە دابینکەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، دەست بەکار بوون.

گەورەبوونی ئینتەرنێت

ئینتەرنێت سەرنجڕاکێشانە گەورە بووە. تەنیا لە چەند دەیەدا، ژمارەی تۆڕەکان لە دەیانەوە بۆ سەدان هەزار زیادی کردووە. هاوکات، ژمارەی کۆمپیوتەرە بەستراوەکان بە تۆڕەکان لە سەدان کۆمییوتەر بۆ سەدان ملیۆن زیادی کردووە. هێشتا ئینتەرنێت لە گەورەبوونەوەدایە. هۆکارە کارتێکەرەکانی ئەم گەورەبوونە ئەمانەن:

  • کۆنووسە نوێکان. کۆنووسە نوێکان پێویستە زیاد بکرێن و ئەوانەی بە باش نازاندرێن دەبێت لا ببردرێن. بۆ وێنە، کۆنووسێکی زۆر باشتر لە IPv4 لە زۆر بواراندا وەک پێودان دیانی پێدانراوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە(بڕواننە IPv6 پاری ٢٧)
  • پیشەزانیی نوێ. پیشەزانییە نوێکان خەریکی پەرەسەندن و دەفرایەتی توانایی زۆر دەکەن و پانتایی باندی زیاتر بۆ بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دابین دەکەن.
  • زیادبوونی بەکارهێنانی ڕەنگاڵە. پێشبینی دەکرێت کە ئینتەرنێت، کە لە سەرەتادا تەنیا ئامێرێک بوو بۆ هاوبەش کردنی دەیتا، زیاتر و زیاتر بۆ ڕەنگاڵە بەکار بێت(دەنگ و ڕەنگ)

١.٢ کۆنووسەکان و پێودانەکان

لەم بەشەدا، دوو وشە کە زۆر بەکاربراون پێناسە دەکەین: کۆنووسەکان و پێودانەکان. سەرەتا کۆنووس پێناسە دەکەین، کە هاوواتایەکە بۆ “ڕێسا”. پاشان باسی پێودانەکان دەکەین، کە ئەو ڕێسایانەن کە هاوڕایی هەیە لەسەریان.

کۆنووسەکان

پەیوەندیی نێوان دووکەس یان دوو ئامێر پێویستی بە لەبەرچاو گرتنی هێندێک یاسا هەیە. کۆنووس کۆمەڵەیەک لە یاساکانە کە پەیوەندی بەڕێوە دەبات. بۆ وێنە، لە پەیوەندی ڕوو-لە-ڕوو لە نێوان دووکەسدا، کۆمەڵێک یاسا لە هەر کولتورێکدا بوونی هەیە کە پێناسەی چۆنیەتیی دەستپێکردنی پەیوەندی، درێژەدانی پەیوەندی و کۆتاییهێنانی پەیوەندی دەکات. هەر بەم شێوەیە، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا، کۆمەڵەیەک یاسا هەن، پێوستە ڕەچاویان بکەین. یاسایەک هەیە کە چۆن پەیوەندی ساز بکرێت(گرتنی ژمارە تەلەفۆن)، چۆن تەلەفۆن وەڵام بدرێتەوە(هەڵگرتنی تەلەفۆن لای وەرگر)، چۆن سڵاو بکەین. چۆن بە گوێگرتن لە کاتێکدا کەسی بەرامبەر قسە دەکات ڕێگە بە درێژە­ی ڕەوتی پەیوەندی بدەین، و هەروەها چۆن کۆتایی بە پەیوەندی بێت(داخستنەوە).

لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەردا، پەیوەندی لە نێوان لایەنەکاندا لە سیستمە جیاوازەکاندا ڕوو دەدات. لایەنێک هەر شتێکە کە دەتوانێت زانیاری بنێرێت یان وەربگرێت. هەروەها، لایەنەکان ناتوانن بە ئاسانی ڕیزەڵەی بیتی بۆ یەکتر بنێرن و لە دەیتاکە تێبگەن. بۆ سەرگرتنی پەیوەندی، لایەنەکان دەبێت لەسەر کۆنووسێک هاوڕا بن. کۆنووس پێناسەی ئەوە دەکەن کە چ ئامێرگەلێک پێکەوە پەیوەندییان گرتووە، چۆن پەیوەندییان گرتووە، و کەی پەیوەندییان گرتووە. توخمە سەرەکییەکانی کۆنووسێک ڕستەسازی، واتاسازی و، کاتبەندییە.

  • ڕستەسازی. ڕستەسازی پێکهاتە و شێوازی دەیتا دیاری دەکات، ڕیزبەندییەک پیشان دەدات کە دەیتای تێدا پیشان دراوە، بۆ وێنە، کۆنووسێکی سادە لەوانەیە چاوەڕێ بێت کە ٨ بیتی یەکەمی دەیتا ئادرەسی نێرەر بێت، ٨ بیتی دووهەمی دەیتا ئادرەسی وەرگر بێت، و دیکەی ڕیزەڵەکە خودی پەیامەکە بێت. ڕیزبەندی دەیتا هەروەها بۆ ڕیزبەندی بیتەکان لە کاتی گواستنەوە یان پاشکەوت کردندا بەکار دێت. لەوانەیە کۆمپیوتەرە جیاوازەکان دەیتا لە ڕێزیی بیتی جیاوازدا پاشەکەوت بکەن. کاتێک ئەم کۆمپیوتەرانە پەیوەندی دەگرن، پێویستە ئەم پێداویستییە جیاوازنە چارەسەر بکرێن.
  • واتاسازی. واتاسازی ئاماژەیە بە واتای هەر پارچەیەک لە بیتەکان. چۆن نموونەیەکی تایبەت لێک بدرێتەوە، و لەسەر ئەم لێکدانەوە چ کارێک بکرێت؟ بۆ وێنە، ئایا ناونیشان ڕێگەیەک کە دەبێت بگیرێتەبەر یان دوایین جێگەی پەیام دەستنیشان دەکات؟
  • کاتبەندی. کاتبەندی ئاماژە بە دوو تایبەتمەندێتی دەکات: کەی دەبێت دەیتا بنێردرێت و بە چ خێرایییەک بنێردرێت. بۆ وێنە، ئەگەر نێرەرێک دەیتا بە خێرایی ١٠٠ مێگابیت لە چرکەدا(١٠٠م­ب­ل­چ) بنێرێت، بەڵام وەرگر تەنیا بتوانێت دەیتا بە خێرایی ١ م­ب­ل­چ پەرداوتە بکات، گەیاندن بارقورسی دەخاتە سەر وەرگر و زۆربەی دەیتاکە لە کیس دەچێت.

پێودانەکان

پێودانەکان لە سازکردن و بەڕێوەبردنی بازاڕێکی ئازاد و کێبەرکێییدا بۆ بەرهەمهێنەرانی کاڵا و هەروەها بۆ دانوستانی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەیتا و پەیوەندی دوورادوور و پڕۆسەکان پێویستن. پێودانەکان و ڕێوشوێنەکان بۆ خاوەن کارگەکان، بەرهەمهێنەران، لایەنە دەوڵەتییەکان و دیکەی دابینکەرانی خزمەتگوزاری پێویستن، تاکوو لە جۆری کارلێککردنەکان لە بازاڕی ئەمڕۆکەدا و پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان دڵنیا بن.

پێودانەکانی پەیوەندی دەیتا دابەش دەبنە سەر دو دەستە: لە ڕاستیدا(بە واتای “لە کردەوەدا” یان “بە هاوڕایی”) و لە یاسادا( بە واتای “لە ڕێی یاساوە” یان “لە ڕێی دەستوورەوە”)

  • لە ڕاستیدا: پێودانەکانی لە ڕاستیدا ئەو پێودانانەی کە لە ڕێگەی ڕێکخراوەیەکەوە دانەندراون بەڵام لەبەر ئەوەی کە بە بەرفرەیی بەکار براون وەک ستاندراد وەگیراون پێیان دەوترێت”پێودانەکانی لە ڕاستیدا”. ئەم پێودانانە زۆربەی کاتەکان لە ڕێگەی خاوەن کارگەکانەوە لە کاتی پێناسەی کارەکانی بەرهەمێک یان پیشەزانییەکی نوێدا دادەمەزرێن. نموونەکانی ستاندرادەکانی لە ڕاستیدا MS Office یان ستاندرادە جۆراوجۆرەکانی DVDن.
  • لە یاسادا، پێودانەکانی لە یاساد. ئەوانەن کە لایەنێکی فەرمی ڕێی پێداون.

١.٣ ڕێکخراوەکانی پێودانەکان

پێودانەکان بە یارمەتی کۆمیتەکانی سازکردنی پێودانەکان، مەکۆکان و، لایەنەکانی ڕێکخەری حکومەتی پەرە دەدرێن.

کۆمیتەکانی سازکردنی پێودانەکان

لە کاتێکدا ڕێکخراوان لە ئەمریکای باکووردا بۆ پێودانەکان تەرخان کراون، کەچی پەیوەندی دەیتا بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئەم ڕێکخراوانەی خوارەیە:

  • ڕێکخراوەی پێودانەکانی نێونەتەوەیی(ISO)، ڕێکخراوەی پێودانەکانی نێونەتەوەیی(ISO کە بە ناوی ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی بۆ ستانداردەکانیش ئاماژەی پێدەکرێت، ڕكخراوەیەکی نێوان نەتەوەکانە کە ئەندامەکانی بە گشتی لە کۆمیتەکانی سازکردنی پێودانەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆری سەرانسەری دنیا وەرگیراون. لە ١٩٤٧دا سازبووە، ISO بە تەواوەتی ڕێکخراوەیەکی خۆبەخشانەیە کە بۆ هاوڕایی لەسەر پێودانەکانی نێونەتەوەیی سازبووە. بە ئەندامێتی ڕێکخراوە بەرچاوەکانی نەتەوە پیشەیییەکان لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان بە دابینکردنی مۆدێلەکان ساکار دەکات، تاکوو گونجان، باشبوونی چۆنیەتی، بردنەسەری بەرهەمهێنەرێتی، و هاتنە خواری نرخەکان بەدی بیت. ISO لە هاوکاری لە بوارەکانی زانستی، پیشەزانی، بواری ئابووریدا چالاکە. ئەم کتێبە مژۆڵی هەوڵەکانی ISO لە بواری پیشەزانی زانیاریدایە، کە سازبوونی مۆدێلی پێکبەستراوی سیستمە کراوەکان(OSI)ی لێ کەوتۆتەوە، کە مۆدێلێکە بۆ پەیوەدنییەکانی ئینتەرنێت. وڵاتی ئەمریکا لە ISO بە ناوی ANSI ئامادەیە.
  • پەیوەندییە دوورادوورەکانی نێونەتەوەیی بەشی پێودانەکانی یەکیەتیی-پەیوەندییی دووراودوور. (ITU-T). لە سەرەتای ١٩٧٠کاندا ژمارەیەک وڵات خەریکی پێناسەی پێودانە نەتەوەییەکان بۆ پەیوەندییە دووراوورەکان بوون، بەڵام پێکەوە گونجانی نێونەتەوەیی هیشتا زۆر کەم بوو. نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێکهێنانی کۆمیتەیەکی یەکیەتیی پەیوەندیی دوورادوور بە ناوی دەستەی ڕاوێژکاری بۆ تێلێگرافی و تێلێفۆنیی نێونەتەوەیی(CCITT) سازکرد. ئەم دەستەیە بۆ توێژینەوە و دانانی پێودانەکان بۆ پەیوەندییە دووراودوورەکان بە گشتی و بەتایبەتی بۆ سیستمەکانی دەیتا تەرخان کرابوو، لە ١ی مارسی ١٩٩٣دا، ناوی ئەم دەستەیە گۆڕدرا بە بەشی یەکیەتیی-پەیوەندیی دووراودوو بۆ پەیوەندیی دووراودوور(ITU-T).
  • دامەزراوەی پێودانەکانی نیشتمانیی ئەمریکا (ANSI). بە پێچەوانەی ناوەکەی، دامەزراوەی پێودانەکانی نیشتمانیی ئەمریکا (ANSI). کۆمەڵەیەکی ناقازانجی، تەواو تایبەتە و سەر بە دەوڵەتی فیدڕالی ئەمریکا نییە. هەروەها، ANSI لە هەموو چالاکییەکانیدا بە بارخۆشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوڵاتیانی گرنگییەکی زۆر دەدات. ئامانجە دیارەکانی ANSI خزمەتە وەک دامەزراوەیەکی هاوئاهەنگی بۆ پێودان دانانی خۆبەخشانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەماریکا، سەرەڕای ئەمە سەرقاڵی دانانی پێودانەکانە بۆ بەرەوپێش بردنی ئابووری ئەمریکا و دڵنیایی لەمەڕ بەشداری و پاراستنی حەزەکانی خەڵک. ئەندامەکانی ANSI کۆمەڵی پسپۆڕەکان، کۆمەڵی پیشەییەکان، ڕێکخراوە حکوومییەکان و گرووپەکانی مشتەرییەکانن.
  • دامەزراوەی ئەندازیارانی کارەبا و ئەلکترۆنیک(IEEE). دامەزراوەی ئەدازیارانی کارەبا و ئەلکترۆنیک(IEEE) گەورەترین کۆمەڵەی ئەندازیاریی پسپۆڕانەیە لە سەرانسەری دونیادا. ئەم ڕێکخراوە ڕوانگەیەکی نێونەتەوەییانەی هەیە بۆ بەرەوپێش بردنی تیۆری، داهێنەرێتی، و چۆنیەتیی بەرهەم لە بوارەکانی ئەندازیاریی کارەبا، ئەلەکترۆنیک، و ڕادیۆ و دیکەی بوارە پەیوەندیدارەکانی ئەندازیاری. وەک یەکێک لە ئامانجەکانی، IEEE چاودێری پەرە و دانانی پێودانە نێونەتەوەییەکانی ژماردن و پەیوەندی دەکات.
  • کۆمەڵەی پیشەکانی ئەلەکترۆنیک(EIA). هەروەک ANSI، کۆمەڵەی پیشەکانی ئەلەکترۆنیک(EIA) ڕێکخراوەیەکی ناقازانجییە کە بۆ بردنەسەری ئاستی هەوڵەکانی کارخانەکان لە بواری ئەلەکترۆنیکدا تەرخان کراوە. چالاکییەکانی بریتین لە: فێرکاری هوشیاری گشتی و هەوڵەکانی بۆ سەپاندن لە پەرەی پێودانەکان. لە بواری پیشەزانیی زانیاریدا، EIA بە پێناسەی ناوڕووەکانی پەیوەندی فیزیکی و دیاریکردنەکانی سیگناڵینگی ئەلەکترۆنکی دەورێکی بەرچاوی بۆ ئاڵوگۆڕی دەیتاکان بینیوە.
  • کۆنسرسیۆمی سێ دەبلیو(W3C). تیم بێرنێرز لی لە تاقیگەی دامەزراوەی پیشەزانیی ماساچووسێت بۆ زانستی کۆمپیوتەر ئەم کۆنسرسیۆمەی دامەزراند. کە بە ئامانجی دابینکردنی توانایی ژماردن لە پیشەدا بۆ پێودانە نوێکان دامەزرا. W3C فەرمانگەی ناوچەیی لە سەرانسەری جیهاندا دانان.
  • هاوپەیمانی کراوەی مۆبایل. ڕێکخراوەی پێودانی OMA بۆ کۆکردنەوەی مەمکۆکانی تۆڕبەندی و پیشەزانیی بێتەل لەژێر سایەی یەک دەسەڵاتدا دامەزرا. ئەرکی ئەوەیە کە پێودانی یەکگرتوو لە ڕێکەوتننامەکانی کارپێکەری دابین بکات.

مەکۆکان

پەرەسەندنی پیشەزانیی پەیوەندیی دووراودوور لە توانایی کۆمیتەکانی پێودانەکان خێراترە. کۆمیتەکانی پێودانەکان دامەزراوەی ڕەوتمەندن و بەپێی سرووشتەکەیان بەهێواشی دەبزوونەوە. بۆ سازبوونی هەماهەنگی لە شێوازەکانی کارکردن و هاوڕایی و ئاسانکاری لە پڕۆسەی پێودانان داناندا، زۆر گرووپ بە حەزی تایبەتەوە مەکۆیان پەرەداون کە لە ئەندامانی ئەو کۆمپانیانە پێک دێت کە حەز دەکەن بەشدار ببن. مەکۆکان لەگەڵ زانکۆکان و بەکارهێنەران  کار دەکەن تاکوو پیشەزانییە نوێکان تاقی بکەنەوە، هەڵیان بسەنگێنن و ستانداردیان بکەن. مەکۆکان، چونکە هەوڵەکانیان لەسەر پیشەزانییەکی تایبەت چرە، وەرگرتن و بەکارهینانی ئەو پیشەزانییانە لە کۆمەڵگەی پەیوەندیی دووراودووردا خێراتر دەکەن. مەکۆکان ئەنجامەکانیان پێشکەش بە دامەزراوەکانی پێودانەکان دەکەن. هێندێک لە گرنگترین مەکۆکانی پیشەی پەیوەندی دوورادوور بریتین لە:

مەکۆیFrame Relay.  مەکۆی Frame Relay لەڕێگەی کۆمپانیای ئامێرە دیجیتاڵییەکان، Northern Telecom، سیسکۆ و، StrataCom ساز بووە. تا وەرگرتن و جێبەجێ کردنی  Frame Relay خێراتر بکات. ئەمڕۆکە، زیاتر لە ٤٠ ئەندامی لە وڵاتانی ئەمریکای باکوور، ئەورووپا و، ڕۆژهەڵاتی دەریای ئارامدا هەیە. باسەکانی ژێرچاودێری کۆنتڕۆلی جەریان، پێچانەوە، وەگێڕان و چەندبڵاوکردنەوە هەیە. ئەنجامەکانی مەکۆ دەدرێن بە ISO.

مەکۆی ATM. مەکۆی ATM وەرگرتن و بەکارهێنانی پیشەزانیی ڕەوشی گواستنەوەی ناهاوکات خێرا دەکات. مەکۆی ATM لە کەلوپەلە سەرەتاییەکەنی مشتەری (بۆ وێنە، سیستمەکانی PBX)، بەرهەمهێنەران و فەرمانگەی ناوەندی دابینکەران ( بۆ وێنە گواستنەوەی تەلەفۆن). مژۆڵی پێودان کردنی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دڵنیایی لە پێکەوە کارکردنە.

مەکۆی جیهانی پلاگ و پلاتفۆرومی پلاگ و پلای مەکۆیەکی تۆڕەکانی کۆمپیوتەرە کە پشتیوانی لە سادەکردنەوەی جێبەجێکردنی تۆڕەکان دەکات، ئەم کارەش بە درووستکردنی ئامێرگەلەێک دەکات کە بەبێ پەیکەربەندی  لە تۆڕبەندیدا بە کار دێن. ئامێرێک  کە لەگەڵ UPnP دەگونجێت دەتوانێت تۆڕێک بەبێ هیچ جۆرە پەیکەربەندییەک پێکەوە ببەستێتەوە.

لایەنەکانی ڕێکخستن

هەموو پیشەزانییەکی پەیوەندی بۆ لایەنە حکومەتییەکان وەک کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فێدڕاڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بایەخی هەیە. مەبەستی ئەم لایەنانە پشتیوانی خولیای گشتی لە ڕێگەی ڕێکخستنی ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، پەیوەندییەکانی وایەر/کەیبڵە.

  • کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدڕاڵ(FCC)، کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدڕاڵ(FCC) دەسەڵاتی بەسەر بازرگانی ناوخۆ و نێونەتەوەیی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکان هەیە.

ماڵپەڕەکانی ئەو ڕێکخراوانەی سەرەوە لە “پاشکۆی جی”دا هاتوون.

پێودانەکانی ئینتەرنێت

پێودانێکی ئینتەرنێت دیاریکردنێکی تەواو تاقیکراوەیە کە بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵ ئینتەرنێت کار دەکەن  بەکەڵکە و پەیڕەوی دەکەن. فەرمانێکە کە دەبێت شوێنی بکەون. ڕەوتێکی دیارە کە لەڕێگەی دیاریکردنێکەوە دۆخی پێودانی ئینتەرنێت بەدەست دێت. دیاریکردن وەک ڕەشنووسێکی ئینتەرنێت دەست پێدەکات. ڕەشنووسێکی ئینتەرنێت بەڵگەیەکی کارکردنە(کە بەبەردەوامی کاری لەسەر دەکرێت) بەبێ هێچ دۆخێکی فەرمی و لە ماوەی ٦ مانگدا. بەپێی پێشنیارەکانی لایەنەکانی دەسەڵاتی ئینتەرنێت، لەوانەیە ڕەشنووسێک وەک داواکاری بۆ پێشنیار(RFC) بڵاو بکرێتەوە. هەر RFCیەک، هەڵەبژاری دەکرێت، ژمارەیەک وەردەگرێت، و دەکەوێتە بەردەستی هەموو لایەنە ئارەزوومەندەکان.

RFCیەکان بە ئاستەکانی پێگەیشتندا تێدەپەڕن و بەپێی ئاستی پێداویستی پۆلێنبەندی دەکرێن.

ئاستەکانی پێگەیشتوویی

RFCیەک، لە ماوەی ژیانیدا، دەکەوێتە یەکێک لەم شەش ئاستەی پێگەیشتوویی، پێدوانی پێشنیارکراو، پێودانی ڕەشنووس، پێودانی ئینتەرنێت، مێژوویی، تاقیکردنەوەیی، و زانیاریبەخش( بڕوانە بیچمی ١.٢)

بیچمی ١.٢ ئاستەکانی پێگەیشتوویی RFCیەک

پێودانی پێشنیارکراو

پێودانێکی پێشنیارکراو دیاریکردنێکە کە سەقامگیرە، تێگەیشتنی ساکارە،  و  بۆ کۆمەڵگەی ئینتەرنێت حەزی پێویست سازدەکات. لەم ئاستەدا، دیاریکردنەکە زۆرکات تاقی دەکرێتەوە و لەلایەن چەندین دەستەی جیاوازەوە جێبەجێ دەکرێت.

پێودانی ڕەشنووس

پێودانی پێشنیارکراو پاش لایکەمی دوو جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی سەربەخۆ و جێبەجێکردنێک کە دەتوانن پێکەوە کار بکەن بەرز دەکرێتەوە بۆ ئاستی  پێودانی ڕەشنووس. لە باری ئاساییدا ، ئەگەر پێودانێکی ڕەشنووس کێشەی نەبوو، بە هێندێک گۆڕانگاری بۆ پرسە تایبەتەکان، دەبێتە پێودانێکی ئینتەرنێت.

پێودانی ئینتەرنێت

پێودانێکی ڕەشنووس پاش پێشکەش­کرانی جێبەجێکردنێکی سەرکەوتووانە دەگاتە دۆخی پێودانی ئینتەرنێت.

مێژوویی

RFCیە مێژوویییەکان لە ڕوانگەی مێژوویییەوە بەرچاون. ئەوان لەڕێی دیاریکردنەکانی پاش خۆیان جێیان دەگیرێتەوە یان خود قەت ئاستەکانی پێگەیشتوویی نابڕن بۆ ئەوەی ببنە پێودانێکی ئینتەرنێت.

تاقیگەیی

RFCیەک دەچێتە پۆلی تاقیگەیی کە کاری پەیوەندیدار بە دۆخێکی تاقیگەیی شی دەکاتەوە و لەسەر کاری ئینتەرنێت کاریگەری دانانێت. وەها RFCیەک نابێت لەهیچ خزمەتگوزارییەکی کردەیی ئینتەرنێتدا جێبەجێ بکرێت.

زانیاریبەخش

RFCیەیەک دەچێتە پۆلی زانیاریبەخشەوە کە لەخۆگری زانیاریی گشتی،مێژوویی و فێرکاری سەبارەت بە ئینتەرنێت بێت. وا باوە کە لەلایەن کەسێکەوە لە ڕێکخراوەیەکی نا-ئینتەرنێتی وەک فرۆشیارێک دەنووسرێت.

ئاستەکانی پێویستی

RFCیەکان بەسەر پێنج ئاستی پێویستیدا پۆلێن دەکرێن: پێویست، پێشنیارکراو، هەڵبژێردراو، بەکارهێنانی ماوەی سنووردار، و پێشنیارنەکراو(بڕوانە بیچمی ١.٣)

 

بیچمی ١.٣ ئاستەکانی پێویستی بۆ RFCیەک

پێویست

RFCیەک بە پێویست دەستنیشان دەکرێت، کە دەبێت گشت سیستمەکانی ئینتەرنێت بۆ گەیشتن بە کەمترین وێکچوون جێبەجێی بکەن. بۆ وێنە ئای­پی(پاری ٧)، و ICMP (پاری ٩) ڕێکەوتننامە پێویستەکانن.

پێشنیارکراو

RFCیەک بە هەپێشنیارکراو دەسنیشان دەکرێت کە بۆ کەمترین وێکچوون پێویست نییە، لەبەر بەکەڵکبوونی پێشنیارکراوە. بۆ وێنە FTP(پاری ٢١) و TELNET(پاری ٢٠) ڕێکەوتننامەی پێشنیارکراون.

هەڵبژێردراو

RFCیەک وەک هەلبژێردراو دەستنیشان دەکرێت کە نە پێویستە و نە پێشنیارکراوە. بەڵام، سیستمێک دەتوانێت بۆ قازانجی تایبەتی خۆی بەکاری بێنێت.

بەکارهێنانی ماوەی سنووردار

RFCیەک کە وەک بەکارهێنانی ماوەی سنووردار دەستنیشان دەکرێت دەبێت تەنیا لە دۆخگەلی سنوورداردا بەکار بیت. زۆربەی RFCیە تاقیگەیییەکان دەکەونە ئەم پۆلەوە

پێشنیارنەکراو

RFCیەک وەک پێشنیار نەکراو دەستنیشان دەکرێت کە بۆ بەکارهێنانی گشتی نەشیاوە. زۆربەی RFCیە مێژوویی(نالەبار)ەکان دەکەونە ئەم پۆلەوە.

دەتوانن RFCیەکان لەم ماڵپەڕە بدۆزنەوە http://www.rfc-editor.org.

بەڕێوەبەرێتیی ئینتەرنێت

ئینتەرنیت، لەگەڵ سەرچاوەکانی بەشێوەیەکی سەرەکی لە بواری توێژینەوەدا، پێگەییوە و مەودایەکی بەرینی کارپێکەری و چالاکیی بەرچاوی بازرگانی بە خۆیەوە بینیوە. دەستەی جۆراجۆر کە هاودەنگیی پرسەکانی ئینتەرنێت سازدەکەن ئەم گەورەبوونە و پەرەسەندنە ڕابەرایەتی دەکەن. پاشکۆی جی ناونیشانەکان، ناونیشانەکانی ئیمەیل و، ژمارە تەلوفۆنەکانی هێندێک لەم دەستانەی تێدایە. بیچمی ١.٤ ڕێکخراوەی گشتی بەڕێوەبەرێتی ئینتەرنێت پیشان دەدات.

بیچمی ١.٤. بەڕێوەبەرێتیی ئینتەرنێت

جڤاکی ئینتەرنیت

جڤاکی ئینتەرنێت، ڕێکخراوەیەکی نێونەتوەیی ،ناقازانجیە کە لە ١٩٩٢ دامەزرا تا پشتیوانی پڕۆسەی پێودانەکانی ئینتەرنێت بکات. ISOC ئەم کارە لە ڕێی بەڕێوەبردن و پشتیوانیی دیکەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی ئینتەرنیت وەک IAB, IETF, IRTF, و IANA ئەنجام دەدات(بڕوانە ئەو بەشانەی خوارەوە).  ISOC هەروەها توێژینەوە و دیکەی چالاکییەکانی زانکۆیی سەبارەت بە ئینتەرنێت پەرە دەدات.

ئەنجومەنی مێعماریی ئینتەرنێت(IAB)

ئەنجومەنی مێعماری ئینتەرنێت(IAB) ڕاوێژکارێکی پیشەیییە بۆ ISOC. ئامانجی سەرەکی IAB چاودێریی پەرسەندنی بەردەوامی کۆمەڵە کۆنووسی TCP/IP دەکات و لە توانایی ڕاوێژکاریی پیشەییدا خزمەت دەکات تاکوو لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ئینتەرنێت بتۆژێتەوە. IAB ئەم کارە لە ڕێگەی دوو لایەنی سەرەکییەوە ئەنجام دەدات، گرووپی کاریی ئەندازیاریی ئینتەرنێت (IETF) و گرووپی کاریی توێژینەوەی ئینتەرنێت (IRTF) ئەنجام دەدات. بەرپرسیارەتییەکی دیکەی IAB بەڕێوەبەرێتی هەڵەبژاریی RFCیەکانە.، کە پێشتر لەم پارەدا باس کران. IAB هەروەها پردی دەرەکیی نێوان ئینتەرنێت و دیکەی ڕێکخراوەکانی پێودانەکان و مەکۆکانە.

دەستەی کاریی ئەندازیاریی ئینتەرنێت(IETF)

دەستەی کاریی ئەندازیاریی ئینتەرنێت(IETF) مەکۆیەکی دەستەکانی کارکردنە کە لە لایەن دەستەی فەرمانی ئەندازیاریی ئینتەرنێت(IESG) بەڕێوە دەبرێت. IETF بەرپرسی دەستنیشانکردنی کێشەگەلی کارگێڕییانە و پێشنیاری چارەسەر بۆ ئەم کێشانەیە. IETF هەروەها دیاریکردنەکانی تایبەت بە پێودانەکانی ئینتەرنێت پەرەدەدات و چاویان پێدا دەخشێنێ. دەستەکانی کارکردن لە تاقمەکاندا کۆدەبنەوە و هەر تاقمەی لەسەر باسێکی دیار چڕدەبێتەوە. لە ئێستادا نۆ تاقم پێناسەکراون، کە بە هچ شێوەیەک ژمارەیەکی زۆر نییە. تاقمەکان ئەمانەن:

  • بەرنامەکان
  • کۆنووسەکانی ئینتەرنێت
  • ڕێدۆزی
  • کارەکان
  • خزمەتگوزارییەکانی بەکارهێنەر
  • بەڕێوەبەرێتی ئینیتەرنێت
  • گواستنەوە
  • وەچەی دوایی کۆنووسی ئینتەرنێت
  • پارێزگاری

دەستەی کاریی توێژینەوەی ئینتەرنێت (IRTF)

دەستەی کاریی توێژینەوەی ئینتەرنێت (IRTF) مەکۆیەکی کارکردنە کە لە لایەن دەستەی چاودێریی توێژینەوەی ئینتەرنێت (IRSG) بەڕێوە دەبرێت. IRTF جەخت دەکاتە سەر باسە توێژینەوەیییە درێژماوەکان کە پەیوەندییان بە کۆنووسەکانی ئینتەرنێت، کارپێکەرییەکان، مێعماری و پیشەزانییەوە هەیە.

دەسەڵاتی ژمارە پێدراوەکانی ئینتەرنێت(IANA) و کۆمکاری ئینتەرنێت بۆ ناو و ژمارە پێدراوەکان(ICANN)

دەسەڵاتی ژمارە پێدراوەکانی ئینتەرنێت(IANA) لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پشتیوانی لێ دەکرێت، و تا ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ بەرپرسیاری بەڕێوەبەرێتیی ناوی پاوان و ناونیشانەکان بوو. لەو کاتەدا کۆمکاری ئینتەرنێت بۆ ناو و ژمارە پێدراوەکان(ICANN)، کە کۆمپانیایەکی ناقازانجی بوو و لە لایەن ئەنجومەنێکی نێونەتەوەیی بەڕێوە دەبرا، کارەکانی IANAی پێسپێردرا.

ناوەندی زانیاریی تۆڕ(NIC)

ناوەندی زانیاریی تۆڕ(NIC) بەرپرسی کۆکردنەوە و دابەشکردنی  زانیاری سەبارەت بە کۆنووسەکانی TCP/IPیە.

دەتوانن ناونیشانەکان و ماڵپەڕەکانی ڕێکخراوەکانی ئینتەرنێت لە “پاشکۆی جی”دا بدۆزنەوە.

١.٦ بۆ خوێندنەوەی زیاتر

بۆ وردەکاری زیاتر سەبارەت بە بابەتە باسکراوەکانی ئەم پارە، ئەم کتێب و ماڵپەڕانەی خوارەوە پێشنیار دەکەین. ئەو پێڕستەی لە ناو دووقولاپدا هاتوون ئاماژەن بە سەرچاوەکانی کۆتاییی کتێبەکە.

کتێبەکان و نووسراوەکان

چەندین کتێب و نووسراوە کە گشت بابەتی مێژووی ئینتەرنێت لەخۆ بگرن بریتین لە:

, , , ,

ماڵپەڕەکان

ئەم ماڵپەڕانەی خوارەوە زانیاری زیاتر لەسەر بابەتە باسکراوەکانی ئەم پارە دەخەنە بەر دەست:

Ietf.org ماڵپەڕی IETF

W3.org ماڵپەڕی ڕێکخراوەی پێودانی W3C

1.7 دەستەواژە بنەڕەتییەکان

ئاژانسی پڕۆژەکانی توێژینەوەی پێشکەوتوو(ARPA)

دامەزراوەی پێودانەکانی نیشتمانیی ئەمریکا (ANSI)

ANSNET

ARPANET

مەکۆی ATM

کۆمیتەی ڕاوێژکاری بۆ تێلێگرافی و تێلفۆنیی نێونەتەوەیی (CCITT)

CSNET

پێودانەکانی لە ڕاستیدا

پێودانەکانی لە یاسادا

کۆمەڵی پیشەکانی ئەلەکترۆنیک

کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدڕاڵ (FCC)

مەکۆی فرەیم ڕیلەی

دامەزراوەی ئەندازیارانی ئەلەکترۆنی و ئەلەکتریکی (IEEE)

ڕێکخراوەی پێودانەکانی نێونەتەوەیی (ISO)

کەرتی پێودانەکانی یەکیەتیی-پەیوەندییە دوورادوورەکان، پەیوەندیی دوورادووری نێونەتەوەیی (ITUT)

ئەنجومەنی مێعماریی ئینتەرنێت (IAB)

دەسەڵاتی ژمارە پێدراوەکانی ئینتەرنێت (IANA)

هاوکاریی ئینتەرێت بۆ ناوەکان و ژمارە پێدراوەکان (ICANN)

ڕەشنووسی ئینتەرنێت

دەستەی کاریی ئەندازیاریی ئینتەرنێت (IETF)

دەستەی کاریی توێژینەوەی ئینتەرنێت (IRTF)

دابینکەری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت (ISP)

جڤاکی  ئینتەرنێت (ISOC)

پێودانی ئینتەرنێت

کۆنووسی ئینتەرنێت(IP)

ئاستەکانی پێگەیشتوویی

MILNET

تۆڕ

خاڵەکانی دەستڕاگەیشتنی تۆڕ (NAPیەکان)

ناوەندی زانیاریی تۆڕ (NIC)

NSFNET

کۆنووس

یەکیەتیی کراوەی مۆبایل (OMA)

داخوازی بۆ بۆچوون (RFC)

ئاستەکانی پێویستی

واتاسازی

ڕستەسازی

کاتبەندی

کۆنووسی کۆنتڕۆڵی گەیاندن(TCP)

مەکۆی پلاگ و پلای جیهانی (UPnP)

کۆنسرسیۆمی سێ دەبلیو


١.٨ کورتە

  • تۆڕێک دەستەیەکی پێکبەستراوی ئامێرەکانە کە پەیوەندییان پێکەوە هەیە. ئینتەرنێتێک تۆڕێک یان زێدەترە کە دەتوانن پێکەوە پەیوەندی بگرن. بەرچاوترین ئینتەرنێت Internetە کە لە سەدان هەزار تۆڕی پێکەبەستراو پێکهاتووە.
  • مێژووی تۆڕبەندی لەگەڵ ARPA و لە ناوەڕاستی ١٩٦٠ەکان دەستی پێکردووە. لەدایکبوونی هاوکات بوو لەگڵ کارەکەی سێرف کاهن و داهێنانی دەرەڕی بۆ بەستن بە ئینتەرنێتەوە، ئاژانسی پەیوەندی بەرگری ( (DCA بەرپرسیارەتیی ARPANET گرتە ئەستۆ و و دوو کۆنووسی بەناوەکانی TCP و IP بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕێدۆزیی دەیتاگرامەکان لەنێوان دوو تۆڕی تایبەتدا بەکارهێنا. MILNET, CSNET, NSFNET, ANSNET لە ARPANET کەوتوونەوە.
  • ئینتەرنێت ئەمڕۆکە لە زۆر تۆڕی ڕووبەر ناوچە و ڕووبەر بەرینی گرێدراو لە ئامێرەکانی بەستن و وێزگەکانی سویچینگ سازبووە. ئەمڕۆکە زۆربەی بەکارهێنەرانی کۆتایی، ئەوانەی کەڵک لە بەستنی ئینتەرنێت وەردەگرن کەڵک لە خزمەتگوزارییەکانی دابینکەرانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت وەردەگرن(ISPs). بڕبڕەپشتەکانی ISPیەکان، ISPیەکانی ناوچەیی و ISPیەکانی هەرێمی بوونیان هەیە.
  • کۆنووس بە کۆمەڵێک یاسا دەوترێت کە پەیوەندی بەڕێوە دەبەن. توخمە سەرەکییەکانی کۆنووس ڕستەسازی، واتاسازی و کاتبەندین. لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەردا پەیوەندی لە نێوان لایەنەکاندا لە سیستمی جۆراوجۆردا ڕوودەدات. بۆ سازبوونی پەیوەندی، دەبێت لایەنەکان لەسەر کۆنووسێک هاوڕا بن. کۆنووس پێناسەی ئەو شتە دەکات کە پەیوەندی دەگرێت، چۆن پەیوەندیدەگرێت، و کەی پەیوەندی دەگرێت.
  • پێودانەکان لە سازکردن و بەڕێوەبردنی بازاڕێکی کێبەرکێیی کراوەدا زۆر گرنگن. پێودانەکان ڕێوشوێن بۆ کارخانەکان، فرۆشیاران، ئاژانسە دەوڵەتییەکان و دابینکەرانی خزمەتگوزاری دادەنێن تاکوو لە جۆری پێداویستی پێکەوەبەستنەە، بازاڕی ئەمڕۆ و پەیوەندییەکانی نێونەتەوەیی دڵنیامان بکەن. پێودانەکانی پەیوەندی دەیتا دەبنە دوو بەش: لەڕاستیدا، لەیاسادا.
  • پێودانێکی ئینتەرنێت دیاریکردنێکی تەواو تاقیکراوەیە کە بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵ ئینتەرنێت کاردەکەن بەکەڵکە و بەکاری دێنن. ڕەشنووسێکی ئینتەرنێت بەڵگەیەکی کاریی(کارێک لە کاتی بەرەوپێشچووندا) بەبێ چاودێری فەرمییە و ماوەی ژیانی شەش مانگە. بەپێی پێشنیارەکانی دەسەڵاتەکانی ئینتەرنێت، ڕەشنووس دەبێت وەک داخوازی بۆ بۆچوون (RFC) بڵاو بکرێتەوە. هەر RFCیەک، هەڵەبژاری دەکرێت، ژمارەیەک وەردەگرێت، و بۆ هەموو لایەنە ئارەزوومەندەکان بڵاو دەکرێتەوە. RFCیەکان بە ئاستەکانی پێگەیشتووییدا تێدەپەڕن و بەپێی ئاستی پێداویستییان پۆلێن دەکرێن.
  • بەڕێوەبەرێتی ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ ئینتەرنێتدا گەشەی کردووە. ISOC گەشە بە توێژینەوە و چالاکیییەکان دەدات. IAB ڕاوێژکارێکی پیشەیییە بۆ ISOC. IETF مەکۆیەکی کارکردنی دەستەکان بەرپرسیار لە کێشەی کردەییەکانە. IRTF مەکۆیەکی دەستەکانی چڕبۆوە لەسەر باسەکانی توێژینەوەی درێژماوەیە. ICANN بەرپرسی بەڕێوەبردنی ناوەکانی پاوان و ناونیشانەکانە. NIC بەرپرسی کۆکردنەوە و دابەشکردنی زانیاری سەبارەت بە کۆنووسەکانی TCP/IPیە.

١.٩ کۆمەڵی پڕۆڤەکان

ڕاهێنانەکان

  1. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت ژمارەی RFCیەکان بدۆزەوە.
  2. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت باسی ناوەڕۆکی RFCیەکانی ژمارە ٢٤١٨ و ١٦٠٣ بدۆزەوە.
  3. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت RFCیەک بدۆزەوە کە باس لە ڕێوشوێنەکان و ڕەوتەکانی دەستەی کارکردنی IRTF دەکات.
  4. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت دوو نموونە لە RFCیە مێژووییەکان بدۆزەوە.
  5. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت دوو نموونە لە RFCیە تاقیگەیییەکان بدۆزەوە.
  6. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت دوو نموونە لە RFCیە جۆری زانیاریبەخش بدۆزەوە.
  7. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت دوو نموونە لە RFCیەکان کە کارپێکەریی FTP باس دەکەن، بدۆزەوە.
  8. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت RFCیەک کە کۆنووسی ئینتەرنێت(IP) باس دەکات، بدۆزەوە.
  9. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت RFCیەک کە کۆنووسی کۆنتڕۆڵی گەیاندن (TCP) باس دەکات، بدۆزەوە.
  10. بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت RFCیەک کە بدۆزەوە کە وردەکاری پڕۆسەی پێودانەکانی ئینتەرنێت شیدەکاتەوە.

چالاکییەکانی توێژینەوە

  1. سێ پێودان کە لەلایەن ITU-T پەرەدراون، بدۆزەوە و توێژینەوەیان لەسەر بکەن.
  2. سێ پێودان کە لەلایەن ANSI پەرەدراون، بدۆزەوە و توێژینەوەیان لەسەر بکەن.
  3. EIA هێندێکپێودانی بۆ ناوڕووەکان پەرەداون. دوو دانە لەم پێودانانە بدۆزنەوە و توێژینەوەیان لەسەر بکەن. EIA 232 چییە؟
  4. سێ ڕێکخستن کە لە لایەن FCC پێشنیار کراون و تایبەتن بە گواستنەوەی FM و AM بدۆزنەوە و توێژینەوەیان لەسەر بکەن.

پۆستە هاوشێوەکان

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button